دواى بڕیارەکەى پارتى دۆخى سیاسیی هەرێمی کوردستان لە بەردەم سێ سیناریۆدایە

زووم:

دوای ئەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەیاننامەیەک بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی راگەیاند، ئێستا مشتومڕەکان لەسەر ئەوەن ئایا بەبێ پارتی هەڵبژاردن دەکرێت یاخود نا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی زووم، کە لە چەند سەرچاوەیەکی جیاوازەوە دەستی کەوتووە، ئێستا لە دوای راگەیەنراوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتییەوە دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان لە بەردەم سێ سیناریۆدایە.

سیناریۆی یەکەم دڵخوازی پارتییە و تایبەتە بە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کۆمسیۆن لە مانگی تەموزی ئەمساڵ تەمەنە درێژکراوەکەی کۆتایی دێت، دواتر کۆمسیۆنێکی تازە دیاریدەکرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی زووم، سەرۆکایەتیی هەرێمى کوردستان پێشنیازی مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بۆ کۆمسیۆنە تازەکەی عێراق دەکات تا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدات.

سیناریۆی دووەم ئەوەیە عێراق چاوەڕوان بکات لەمساڵدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات، تا ئەو ماوەیەش مامەڵە لەگەڵ سەرۆکایەتیی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران بکات.

سیناریۆی سێیەم، کە بە دڵی پارتی نییە، هەنگاوێکی تازەی بە‌غداد دەبێت ئەویش مامەڵەی راستەوخۆیە لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، نزیکبوونەوە لە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە رەنگە پێویستی بە سکاڵای لایەنێک بێت لە دادگای فیدڕاڵی، بیانووەکەش ئەوەیە، کە هەرێم، دامەزراوەکانی وەک پەرلەمان و حکومەتی نەماوە لەم بارەدا مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکان بکەن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button