“سەدری کوردستان”

زووم:

دواخستنی هەڵبژاردنەکان و درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان و دروستبوونی ترس لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان، بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بە کۆمەڵی دادگەریی دەدات و سەرۆکەکەیان لەوبارەیەوە راگەیەنراوێک بۆ رایگشتی بڵاودەکاتەوە.

عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، دەڵێت دواخستنی هەڵبژاردنەکان و درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لەکەیەکی گەورەن لەسەر کۆی پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان، جگەلەوەش کێشە و قەیرانەکان مەترسیی جدییان لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان دروستکردووە.

لە روانگەی عەلی باپیرەوە، ئەنجومەنی پارێزگاکان و حکومەتی خۆجێی سلێمانی هاوشێوەی پەرلەمانی کوردستان ماوەیان بەسەرچووە. بۆیە ئەمڕۆ بڕیاریاندا سەرجەم نوێنەرانیان لە پەرلەمانی کوردستان، ئەنجومەنی پارێزگاکان و حکومەتی خۆجێیی سلێمانی دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکەشبکەن.

یەکێک لەو خاڵانەی کە کۆمەڵی دادگەریی بەهۆیەوە کشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی راگەیاندووە، بریتییە لە دواخستنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، کە دەبوو لە مانگی 10ی ساڵی رابردوودا ئەنجامبدرێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکانەوە هەڵبژاردنەکە دواخرا و سەرەنجام درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی بەدواداهات.

ئەگەرچی ئێستا لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە یەکێتی و پارتیشەوە دەڵێن دەبێت ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت و چیتر دوانەخرێت، بەڵام ئەم خواستەی یەکێتی و پارتی عەلی باپیری قایل نەکردووە، بۆیە پێدەچێت ترسی لەوە هەبێت جارێکی دیکە هەڵبژاردن دوابخرێتەوە، هەربۆیە بۆئەوەى نەکەوێتە دۆخێکی دیکەوە بۆیە لە بنەڕەتەوە کشانەوەی هەڵبژاردووە.

ئەمە لەکاتێکدایە بە گوێرەی مەرسومی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بڕیارە لە 18ی 11ی ئەمساڵدا هەڵبژاردن بکرێت.

کشانەوەی کۆمەڵی دادگەریی لەکاتێکدایە بڕیارە دوو سبەی واتە چوارشەممە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیار لەبارەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانەوە بدات.

ئەم هەڵوێستەی کۆمەڵی دادگەریی هەڵوێستێکی کتوپڕ نییە، بەوپێیەی هەر لە ساتەوەختی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانەوە، ئەوان بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمانیان کرد، تەنانەت هێندە سوور بوون لەسەر دژایەتیکردنی درێژکردنەوەکە سزای یەکێک لە پەرلەمانتارەکانی خۆی دا کە بەبێ پرسی ئەوان بەشداریی یەکێک لە دانیشتنەکانی کردبوو، بەڵام دواتر پەرلەمانتارەکە داوای لێبووردنی کرد و چووە ریزی پەرلەمانتارەکانی دیکەی کۆمەڵەوە کە بایکۆتیان کردووە.

ئەمڕۆ یەکێتی و گۆڕان لە دەباشان کۆبوونەوە. رەخنەیان لە رەوشی سیاسیی ئێستای هەرێمی کوردستان دەگرت و دەیانگوت ئەم دۆخەی ئێستا دەگوزەرێت “نە لە بەرژەوەندیی خەڵکە و نە جێگەی رەزامەندیی هیچ لایەکە”.

شاندی یەکێتی و گۆڕان لەلایەن دوو کاراکتەرەوە سەرۆکایەتیی دەکران، کە هەردووکیان پێگەی باڵایان لە سەرۆکایەتیی هەرێم و حکومەتی هەرێمدا هەیە.

مستەفا سەید قادر سەرۆکی شاندی بزووتنەوەی گۆڕان بوو، کە جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستانە. قوباد تاڵەبانی سەرۆکی شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، کە جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمە، بەڵام زیاتر لە شەش مانگە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی کردووە.

زمانی راگەیەنراوی کۆبوونەوەکەی یەکێتی و گۆڕان، زمانێکی رەخنەگرانە بوو بە ئاڕاستەی ئەدای حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان، ئەگەرچی هەردوولایان دوو لایەنی سەرەکین لە حکومەتی هەرێمدا.

یەکێتی و گۆڕان لە کۆبوونەوەکەدا، گوتوویانە ئەم رەوشە سیاسییەی لە ئێستادا دەگوزەرێت نە لە بەرژەوەندی خەڵکەو نە جێی رەزامەندی هیچ لایەکە، بۆیە پێویستە هەمووان هەوڵی باشکردن و رێکخستنەوەی نێوماڵی کورد بدەن و تەبایی نێوخۆیی بەرپا بکەنەوە.

ئەم هەڵوێستەی یەکێتی و گۆڕان لەکاتێکدایە، زیاتر لە شەش مانگە جێگری سەرۆکوەزیران و تیمی وزاریی یەکێتی بەشداریی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانیان نەکردووە.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ماوەی ئەو شەش مانگە و بگرە زیاتریش، بەردەوامە لە رەخنەگرتن لە ئەدای حوکمڕانی هەرێم، هەر ئەمەیشە وایکردووە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بەرەو ساردیی بچێت.

ئەگەرچی چەند جارێک سەرۆکوەزیرانی هەرێم دەستپێشخەریی کردووە بۆ گەڕانەوەی تیمی یەکێتی، بەڵام تاوەکو ئێستا قوباد تاڵەبانی ئامادە نییە بگەڕێتەوە بۆ کۆبوونەوەکان.

دوایینجار تیمێکی ئەنجومەنی وەزیران چوونە ماڵی قوباد تاڵەبانی و داوایان لێکرد بگەڕێتەوە، یەکێک لە ئەندامانی تیمەکە وەزیرێکی بزووتنەوەی گۆڕان بوو.

یەکێک لەو رەخنانەی یەکێتی کە لە چەندین بۆنەدا جەختی لێدەکەنەوە، وەکو خۆیان دەڵێن پەیڕەوکردنی سیاسەتی جیاکارییە دژ بە سلێمانی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە. ئەمڕۆ گۆڕانیش هاتە پاڵیان و لە کۆبوونەوەکەی نێوانیاندا لە دەباشان گوتیان، خزمەتگوزارییەکان لەو ئاستەدا نین کە پێشتر پلانیان بۆ دانراوە، ئەمە پێویستی بە پێداچوونەوە و هەڵوەستەکردن، یەکێتی و گۆڕان گوتیشیان دەبێت سیاسەتێکی تازە پەیڕەوبکرێت “کە جیاکاری و ناعەدالەتی نەهێڵرێت”.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی دەباشانی نێوان یەکێتی و گۆڕان، پرسی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بوو، کە لە وادەی خۆی دواکەوتووە و بەهۆیەوە تەمەنی پەرلەمان و حکومەتیش درێژکراوەتەوە.

یەکێتی و گۆڕان دەڵێن، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا باسیان لە ئامادەکارییەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن کردووە، جەختیان لەوە کردووەتەوە کە پێویستە هەرچی زووە رێککەوتن و سازانی لەسەر بکرێت و لەوە زیاتر هەڵبژاردن دوانەکەوێت.

بە گوێرەی مەرسومی سەرۆکایەتیی هەرێم، بڕیار بوو لە مانگی 10ی ساڵی رابردوو هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکانەوە پرۆسەکە ئەنجامنەدرا، بەڵام سەرەتای ئەمساڵ سەرۆکی هەرێم رۆژی 18ی 11ی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاری کرد.

دواخستنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەرگای بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان کردەوە، ئەمەش ناڕەزایی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی لێکەوتەوە و دژی ئەو درێژکردنەوەیە سکاڵایان لە دادگای فیدراڵیی عێراق تۆمارکرد.

دادگای فیدراڵییش پاش چەند دانیشتنێک و گوێگرتن لە هەردوولا، چەند جارێک بڕیاردانی لەسەر دۆسیەکە دواخست، سەرەنجام کۆتا رۆژ بۆ بڕیاردان لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرا و بڕیارە دوو سبەی واتە چوارشەممە دادگای فیدراڵیی بڕیاری لەسەر بدات.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button