سەرۆکى لەکارلادراوى پیرۆ 18 مانگ دەستبەسەر دەبێت

خۆپیشاندان بەردوامە و 15 کەس کوژراون

دادگای باڵای پیرۆ بڕیاریدا پیدرۆ کاستیلۆ، سەرۆکی لەکارلادراوی وڵاتەکە بۆ ماوەی 18 مانگ بە دەستبەسەرکراوى بمێنێتەوە. لە دەرەوەى دادگاکەش خۆپیشاندان و توندوتیژى بەردەوامە و 15 کەس کوژران. گەڕانەوەى کاستیلۆ داواکارى سەرەکییانە.

پیدرۆ کاستیلۆ، رۆژى 7ى ئەم مانگە، هەوڵیدا پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە، تاوەکو دەنگدان لەسەر دوورخستنەوەى لە پۆستەکەى شکست پێبهێنێت، بەڵام دەستگیرکرا و دینا پۆلوارتى، جێگرى شوێنى گرتەوە و بوو بە یەکەم ژن، کە سەرۆکایەتى لەم وڵاتەدا بگرێتەدەست، کە دەکەوێتە ئەمریکاى باشورەوە.

مەترسی هەڵاتنی کاستیلۆ هەیە

لەنوێترین پێشهاتدا لیژنەیەکی دادوەری لە دادگای باڵا بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی دەستبەسەرکردنی پێش دادگاییکردنی کاستیلۆی دەرکرد، لەکاتێکدا داواکارانی گشتی بەردەوام بوون لە لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانى دژى.

لیژنە دادوەرییەکە مەترسی هەڵاتنی سەرۆکی لەکارلادراویان بە هۆکارى درێژکردنەوەى ماوەى دەستبەسەرداگرتنى کاستیلۆ ناوهێناوە.

خۆپیشاندەران داواى لابردنى سەرۆکى نوێ دەکەن

کاستیلۆ، پەرلەمانى هەڵوەشاندەوە، ئێستاش خۆپیشاندەران لە دەرەوەی ئەو زیندانەی تێیدا دەستبەسەرکراوە، کۆبوونەوە و لافیتەیان بەرزکردەوە و رەخنە لە دینا پۆلوارتى، سەرۆکی نوێ دەگرن و داوای هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان دەکەن.

خۆپیشاندانەکان بەردەوامن، هێزە ئەمنییەکان بە ئەنجامدانى توندوتیژى تۆمەتباردەکرێن، لەماوەى هەفتەیەکدا لانى کەم 15 کەس کوژراون.

15 خۆپیشاندەر کوژراون

نوێنەرایەتی نوسینگەی کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان لە پیرۆ لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت “نیگەرانی جددی خۆمان سەبارەت بە زیادبوونی توندوتیژی لە پیرۆ دەردەبڕین، خەمبارین بۆ کوژرانى 15 کەس.

نوێنەرایەتییەکە داوای جێبەجێکردنی ستانداردەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی ناڕەزایەتییە ئاشتیخوازانە دەکات، بۆ رێگریی لە توندوتیژی زیاتر.

دەسەڵاتی تەندروستی ناوخۆیی لە ئایاکوچۆ، لە باشوری ئەندێس لە پیرۆ، پشتڕاستیکردەوە، کە حەوت کەس کوژراون و 52 کەسیش برینداربوون.

نوسینگەی چاودێرانی مافی مرۆڤی وڵاتەکە رایگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و داوا لە هێزە چەکدارەکان دەکات “دەستبەجێ بەکارهێنانی چەکی ئاگرین و بۆمبی فرمێسکڕێژ بەرامبەر خۆپیشاندەران رابگرن”.

لە گرتە ڤیدیۆییەکانی سۆشیاڵ میدیا لە شوێنی خۆپیشاندانەکانی ئایاکوچۆ دەردەکەوێت سەربازەکان چەکی ئاگرین بەکاردەهێنن لەسەر شەقامەکانی شارەکە، لەو کاتەى خۆپیشاندەران بەرد دەهاوێژن و هەڵدەکوتنە سەر فڕۆکەخانە.

حکومەتی نوێی وڵاتەکە رۆژی چوارشەممە، باری نائاسایی لەسەر ئاستی وڵات بۆ ماوەی 30 رۆژ راگەیاند و سوپای لەسەر شەقامەکان بڵاوکردەوە و مافی کۆبوونەوە و جوڵەی ئازادی راگرت. رۆژنامەى گاردیان ئەمەى نوسیوە.

ناڕەزایەتییەکان دژى دینا پۆلوارتى، سەرۆکى نوێیە. خۆپیشاندەران داوای گەڕاندنەوەی کاستیلۆى سەرۆکى لەکارلادراو دەکەن و دەیانەوێت پلانەکەى سەرۆکە لەکاردراوەکەیان جێبەجێ بکرێت، کە هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانە.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button