خەڵکی کوردستان بە یەک کلیک دەیان ملیۆن دۆلاریان لەدەستچوو

نزیکەی ساڵێکە سەدان کەس لە هەرێمی کوردستان بەشدارییان لە پلاتفۆرمێکدا کردووە، بەو نیازەی پارە قازانج بکەن، بەڵام لە پڕێکدا و بەبێ ئەوەی ئاگاداربکرێنەوە خزمەتگوزاریی پلاتفۆرمەکە لە هەرێمی کوردستان راگیرا و زیانەکەشی بە کۆی گشتی دەگاتە دەیان ملیۆن دۆلار.

“جاوا ئای” پلاتفۆرمێکی ئەلیکترۆنییە، وەکو بەکارهێنەرانی دەڵێن لە ئیندۆنیزیاوە سەرپەرشتی دەکرێت و تایبەتە بە وەبەرهێنان لە فیلمدا. ئەو بەکارهێنەرانەی هەژماری تایبەتی خۆیان لە وێبسایتەکەدا دەکەنەوە، تیکتی فیلمەکان دەکڕن بەو ئامانجەی لەداهاتوودا قازانجی ماددی بکەن.

ئەم پلاتفۆرمە لە هەرێمی کوردستان لەلایەن کەسانی ناودارەوە ریکلامی بۆ دەکرا تاوەکو ئەوکاتەی خزمەتگوزارییەکە راگیرا، ئیدی هیچکام لەوانە دەنگیان نەما.

سەربەست نەجمەدین، شارەزای بوارەکە، بە زوومی گوت، ئەمە یەکەمجار نییە بەکارهێنەران لە هەرێمی کوردستان دەکەونە داوی ئەم پلاتفۆرمانەوە، پێشتر خەڵک بەهۆی زێد میدیا، میدیا هۆڵدینگ، کیو نێت و وەن کۆین-ەوە زیانی گەورەی داراییان بەرکەوتووە.

“جاوا ئای” لە ئێوارەی رۆژی 17ی نیساندا کتوپڕ خزمەتگوزارییەکەی لە هەرێمی کوردستان وەستێنرا، بەکارهێنەران و ئەوانەی هەژماریان هەیە، ناتوانن کۆنتڕۆڵی حسابەکەیان بکەن.

ئەوانەی بەشدارییان لەو پلاتفۆرمەدا کردبوو، بەهیوای ئەوە بوون لەداهاتوودا بتوانن لە رێگەی وەبەرهێنانەوە لەو فیلمانەدا پارە قازانج بکەن و دواتر بە کاش رایبکێشن، بەڵام نەک ئەم خەونەیان نەهاتەدی، بەڵکو ئەو پارەیەی خستبوویانە سەر هەژمارەکە، ئێستا بە هیچ شێوەیەک ناتوانن مامەڵەی پێوەبکەن و لەژێر دەسەڵاتی خۆیاندا نەماوە.

هەموو کەسێک دەیتوانی بە 50 دۆلار هەژماری تایبەتی خۆی لە پلاتفۆرمەکەدا بکاتەوە، دواتر لە کاتی بانگێشتکردنی هەر ئەندامێکی تازەدا بڕی 10 دۆلار پاداشت دەکرایت، هەروەها لە رێگەی کڕینی بلیتەوە جوڵە و مامەڵە دەکەوتە نێو ئەندامەکانەوە و هەندێک کەس پارەی زیاتر دەچووە سەر هەژمارەکەیان.

سەربەست نەجمەدین بە زوومی گوت، پرۆژەی “جاوا ئای” لەلایەن هاوڵاتییەکی ئیندۆنیزییەوە بەناوی مومتاز حوسێنی دروستکراوە، لەلایەن گروپێکی تەکنەلۆجی و بازرگانییەوە بەڕێوەدەبرێت و لەسەر ئاستی وڵاتەکەی خۆیشیان بەکارهێنەری زۆریان هەیە، کاتێکیش لە هەرێمی کوردستان خزمەتگوزارییەکە بەردەست بوو، بە خێرایی بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووە و خەڵکانێکی زۆر بەشدارییان تێداکرد.

بە گوتەی سەربەست نەجمەدین، لە ئێستادا کە خزمەتگوزارییەکە لە هەرێمی کوردستان راگیراوە، زیانەکان بە دەیان ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێن.

سەربەست نەجمەدین کە شارەزای بوارەکەیە، دەڵێت ئەو ریکلامەی لە هەرێمی کوردستان بۆ پلاتفۆرکە دەکرا بە زیان بۆ خەڵک شکایەوە، ئەو دەڵێت پێویستە بەکارهێنەران لە بەشداریکردن لەو جۆرە پلاتفۆرمە نامۆیانە دووربکەونەوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button