کاتی دەستپێکردنی ئاگربەستی 24 کاتژمێری لە سودان دیاریکرا

زووم،ئاژانسەکان:

عەبدولفەتاح بورهان، سەرۆکى ئەنجومەنى سیادەى سودان و فەرماندەى گشتى سوپا، دوپاتیکردەوە کە سوپای سودان پابەند دەبێت بە ئاگربەست و وەستاندنی جەنگ لە کاتژمێر 7ی ئێوارەی ئەمرۆ سێشەممە بە کاتی هەرێمی کوردستان، کە ئاگر بەستەکە لەلایەن هێزە نێودەوڵەتیەکان پێشنیارکراوە و بۆ ماوەی 24 کاتژمێرە.

عەبدولفەتاح بورهان، بە سی ئێن ئێنی راگەیاندووە، پابەند دەبن بە پێشنیارەکەی “میکانیزیمی سێ لایەنە” بۆ ئاگربەستی 24 کاتژمێری.

میکانیزمی سێ لایەنە بریتین لە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ قۆناغی راگوزەری سودان، یەکێتی ئەفریقا و دەستەی حکومی نێودەوڵەتی بۆ پەرەپێدان “ئیگاد”.

پێشتر هێزەکانی پشتیوانی خێرا رەزامەندیان لەسەر وەستانی جەنگ و ئاگربەست راگەیاندبوو بۆ ماوەی 24 کاتژمێر، وە سوپای سودانیان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە پابەند نابن بەم ئاگربەستە.

حمێدتی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی پشتیوانی خێرا رایگەیاند، ئاگربەستەکە بۆ گەرەنتی هاتوچۆی سەلامەتی هاوڵاتیان و گواستنەوەی بریندارەکانە.

حمێدتی هەروەها لە تویتەر رایگەیاندبوو، چاوەرێی گفتوگۆی زیاترین لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەربارەی چارەسەری پێشێلکاریەکانی سوپای سودان.

بۆ چوارەم رۆژ شەڕ و پێکدادانى نێوان سوپاى سودان و هێزەکانى پشتیوانى خێرا بەردەوامە و بەرەبەیانى ئەمڕۆش لە چەند ناوچەیەکى خەرتوم شەڕ دەستیپێکردەوە.

شەڕەکە بەهۆى ناکۆکى هەردوو فەرماندە دیارەکەوە سەریهەڵدا، ئەوانیش عەبدولفەتاح بورهان، فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان و محەمەد حەمدان دەلۆ ناسراو بە (حمێدتى) فەرماندەى هێزەکانى پشتیوانى خێرا.

کۆمیسیاری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافی مرۆڤ رایگەیاند، ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە 185 کوژراو لەگەڵ 1800 بریندار.

ئەمرۆ تەقینەوەی بەهێز رویدا و رووبەرووبونەوە بەردەوام بوو لە نزیک بارەگای فەرماندەیی گشتی سوپای سودان لە خەرتوم، کە گرنگی سەربازی هەیە بارەگاکە.

بارەگای فەرماندەییەکە لە پێنج باڵەخانە پێکدێت کە وەزارەتی ناوخۆش لەخۆدەگرن، لەگەڵ فەرماندەیی هێزەکانی دەریایی و وشکانی و ئاسمانی و هەواڵگری، وە لە نزیکیان دوو باڵەخانەی سەر بە هێزەکانی پشتیوانی خێرا هەیە.

بورهان داوای لە هێزەکانى پشتیوانى خێرا کرد چەک دابنێن، هاوکات لێبوردنى گشتى بۆ ئەو چەکدارانەش دەرکرد کە چەک دادەنێن.

وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەنتۆنى بڵینکن، وەزیرى دەرەوە پەیوەندى تەلەفۆنى لەگەڵ بورهان و حمێدتى ئەنجامدا، جەختی کردووەتەوە لەسەر گرنگی وەستاندنی جەنگ، تاکو ڕێگە بدرێت بە گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ ئەو کەسانەی کە بەهۆی شەڕەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها بۆ یەکگرتنەوەی ئەو خێزانە سودانییانەی لەیەک دابڕاون  و دڵنیابوون لە سەلامەتی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە خەرتوم.

وەزارەتەکە دەڵێت، بڵینکن نیگەرانى ئەمریکاى بە هەردوو سەرکردەکە گەیاند و سەلامەتى گیانى هاوڵاتیانى بە ئەرکى ئەوان زانی.

لەنێو شەڕەکەدا تەقە لە تیمێکى دیپلۆماسى ئەمریکا کراوە، بڵینکن دەڵێت “تیمەکەمان سەلامەتن، بەڵام تەقەکردنەکە بێباکانە و نابەرپرسیارانەیە”.

کۆنگرێسی ئەمریکا هاتە دەنگ لەسەر بارودۆخی سودان، لیژنەی دەرەوە لە ئەنجومەنی پیران و ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ئیدانەی توندوتیژیەکانیان کرد و هەڵوێستی توندیان دژی سەرکردە سەربازیەکان راگەیاند، داوای وەستانی بەپەلەی جەنگ دەکەن لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا.

جۆزێف پۆرێل، رایگەیاند دوێنێ دووشەممە ددەستدرێژی کراوەتە سەر باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە خەرتوم، کە یەمەش پێشێلکاریەکی گەورەیە و ئەرکی بارەگا دیبلۆماسیەکان و کارمەندەکانیان لە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی سودانە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button