ئێران و پاکستان.. لە دۆستایەتییەوە بۆ ململانێ

زووم:

 

هێرشی مووشەکیی ئێران و پاکستان بۆسەر یەکدی، ئەو دوو وڵاتەی لە دوو دۆستی کۆنەوە کردووە بە دوو رکابەری تازە و رەوشی ململانێکانی ناوچەکەی هێندەی دیکە دژوار و نائارام کردووە.

رۆژی 16ـی کانوونی دووەم، ئێران بە چوار مووشەک هێرشی کردە سەر چەند پێگەیەکی گرووپی “جەیشول عەدل” لە هەرێمی بەلووچستانی پاکستان.
بەرپرسانی پاکستان رایانگەیاند، بەهۆی هێرشەکەوە دوو منداڵ کوژراون و سێ کەسی دیکە بریندار بوون.
لەلایەکی دیکەوە، پاکستان لە بەرەبەیانی 18ـی کانوونی دووەم بە هێرشی مووشەکی و درۆنی وەڵامی هێرشەکەی ئێرانی دایەوە.

ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری دەزگای هەواڵگریی پاکستانەوە بڵاویکردەوە، سوپای پاکستان چەند ئامانجێکیان لەنێو خاکی ئێراندا بۆردوومان کردووە.
لە دوای هێرشەکان، جێگری پارێزگاری سیستان-بەلووچستان، عەلی رەزا مەرحەمەتی بە تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی گوت، پاکستان هێرشیی مووشەکیی کردووەتە سەر گوندێکی ناوچەی سنوور و لە هێرشەکەدا سێ ژن و چوار منداڵ کە ئێرانی نەبوون، گیانیان لەدەست داوە.

هێرشەکەی ئێران و وەڵامەکەی پاکستان، ئاڵۆزیی خستووەتە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ئەو دوو وڵاتەوە، لە کاتێکدا خاوەنی پەیوەندییەکی دیپلۆماسیی پتەو بوون.
مێژووی پەیوەندییەکانی تاران و ئیسلام ئاباد بۆ کۆتایی چلەکانی سەدەی رابردوو و دوای سەربەخۆیی پاکستان لە هیندستان دەگەڕێتەوە، بە جۆرێک ساڵی 1947 کاتێک پاکستان سەربەخۆیی لە هیندستان وەرگرت، ئێران یەکەم وڵات بوو دانی نا بە سەربەخۆیی ئەو وڵاتەدا، هەروەها محەمەد رەزا شای پەهلەوی، شای ئێران، یەکەم سەرۆکی وڵات بوو لەسەر ئاستی جیهان لە ئاداری ساڵی 1950ـدا چووە ئەو وڵاتە و رێککەوتننامەی دۆستایەتییان واژۆ کرد.

ساڵی 1971، کاتێک هیندستان و پاکستان چوونە شەڕەوە، ئێران دیسان رۆڵێکی گرنگی بۆ پاکستان بینی و ئەمجارەیان کەرەستەی سەربازی و پشتیوانیی دیپلۆماسی بۆ پاکستان لە دژی هیندستان دابین کرد، هەروەها شای ئێران هێرشەکەی هیندستانی بە دەستدرێژییەکی ئاشکرا و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی پاکستان ناوبرد.
پاکستان و ئێران، 909 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان هەیە، بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی دارایی ئێران، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان دوو ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.

لە رووی توانای سەربازییەوە، هەردوو وڵات، بەتایبەت پاکستان لە ئاستێکی بەرزدان، بەگوێرەی ماڵپەڕی گڵۆباڵ فایەر پاوەری ئەمریکی بۆ لیستی بەهێزترین سوپاکانی جیهان، سوپای پاکستانی خاوەن چەکی ئەتۆمی، لە پلەی نۆیەمدایە و ئێرانیش لە پلەی 14.

هەواڵی زیاتر

Back to top button