ئەلمۆنیتەر: هەرێم بە پێشنیازێکى بەغداد بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت رازى نەبووە

"هەولێر رازی نابێت سۆمۆ کۆنترۆڵی تەواوەتی بەسەر داهاتى نەوتى هەرێمدا هەبێت"

زووم، ئەلمۆنیتەر:

ماڵپەری ئەلمۆنیتەر لە زاری بەرپرسێکی حکومەتى هەرێمی کوردستانەوە ئاشکرایدەکات، کە شاندی هەرێم بە پێشنیازێکى حکومەتی عێراق بۆ چارەسەرى پرسی هەناردەی نەوت رازی نەبووە کە لەوبارەیەوە پێشکەشیان کراوە.

هەرچەندە ئەلمۆنیتەر ناوەڕۆکى پێشنیازەکەى باس نەکردووە، بەڵام بەرپرسەکەى حکومەتى هەرێم کە ناوەکەى ئاشکرانەکراوە، بە ماڵپەرەکەى گوتووە “هەولێر رازی نابێت کە سۆمۆ کۆنترۆڵی تەواوەتی بەسەر داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان هەبێت و هەرێم هیچ دەسەڵاتێکی نەبێت”.

ماڵپەرەکە دەڵێت، تائێستا رێککەوتن لە نێوان هەرێم و بەغداد نەکراوە لەبارەى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت و پێدەچێت گفتۆگۆکان بەردەوامبن، چونکە تائێستاش راوبۆچوونى جیاواز لە نێوان هەردوولا هەیە.

ماڵپەرى ئەلمۆنیتەر کە بارەگاکەى لە ئەمریکایە، باسى لەوەشکردووە، بەوپێیەی هەرێم بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە نەوت دەبەستێت وەکو سەرچاوەی داهات، بۆیە بەردەوامی راگرتنی هەناردەی نەوت، زیان بە ئابووری هەرێمەکە دەگەیەنێت.

ماڵپەرەکە دەشڵێت، بەهەمانشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، هەرێمی کوردستانیش روبەروی چەندین کێشەی ئابووری بووەتەوە، لەوانەش: هەڵاوسان، خراپی دۆخی خزمەتگوزاریی و کەمی دەرفەتی کار، بەتایبەت لە دەرەوەی شارە گەورەکاندا.

ماوەى شەش رۆژە هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ بەندەرى جەیهانى تورکیا وەستاوە، ئەوەش پاشئەوەى پێنجشەممەى رابردوو دادگاى ناوبژیوانى نێودەوڵەتى لە پاریس، پاش نۆ ساڵ، سکاڵایەکى عێراقى لە دژى تورکیا لە بەرژەوەندى لایەنى یەکەم یەکلاکردەوە و رایگەیاند، تورکیا بە نایاسایی رێگەى داوە کە “بەبێ رەزامەندى بەغداد”، نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى وڵاتەکەیەوە هەناردەى بازاڕەکانى جیهان بکرێت.

هەواڵی زیاتر

Back to top button