نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری لە خاوبوونەوەى ئابووریی جیهان دەدات

زووم:

 

ساڵی 2023 ئابووریی جیهانی توانی خۆی لە خراپترین سیناریۆی پاشەکشە بەدووربگرێت، بەڵام ئاڵنگارییە تازەکان، کە گرنگترینییان گرژییەکانى رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەریای سوورن، گەشەی ئابووریی جیهانیان خاوتر کردووەتەوە.

“ساڵی 2024 ئابووریی جیهان گەشەى خاو و هێواش بەخۆوە دەبینێت”،  ئەمە تازەترین راپۆرتی بەشی کاروباری ئابووری و کۆمەڵایەتی نەتەوەیەکگرتووەکانە، سەبارەت بە چارەنووسی ئابووریی جیهان لە ساڵی 2024 دا.

لەو راپۆرتەدا نەتەوەیەکگرتووەکان  پێشبینى کردووە، گەشەی ئابووریی جیهان لە ساڵی 2024 دا، 2.4% خاو ببێتەوە، لەکاتێکدا لە ماوەی ساڵی رابردوودا ئەو خاوبوونەوەیە نزیکەی 2.7% بووە.ئەوەش روون دەکاتەوە، بەردەوامی بەرزبوونەوەی رێژەی “سوو” و زيادبوونى گرژییەکان و خاوبوونەوەی بازرگانیی نێودەوڵەتی و زیادبوونی کارەساتەکانی کەشوهەوا، ئاڵنگاری گەورە بۆ گەشەی ئابووریی جیهان دروستدەکەن.

دەبێت ساڵی 2024 ببێتە ئەو ساڵەی تێیدا لەم تاڵاوە دەربچین،

ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، دەبێت ساڵی 2024 ببێتە ئەو ساڵەی تێیدا لەم تاڵاوە دەربچین، “بە ئازادکردنی وەبەرهێنانی گەورە و بوێرانە، دەتوانین گەشەپێدانی بەردەوام پێشبخەین و ئابووریی جیهانی بخەینە سەر رێڕەوی گەشەسەندنی بەهێزتر”.

گۆتیرێس دەشڵێت، دەبێت لەسەر ئەو گەشەسەندنانەى ساڵی رابردوو بەدەستهاتوون، سارد نەبینەوە و هەنگاوى زیاتر هەڵگرین، لانیکەم ساڵانە 500 ملیار دۆلار بۆ گەشەى ئابووری دەستبخەین و ئاڵنگارییەکانى کەشوهەوا و خاوبوونەوەى گەشەى ئابووری پێ چارەسەر بکەین.

لەو راپۆرتەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا، پێشبینی دەکرێت زۆرێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانى ئابووری لە جیهان بەتایبەتی ئەمریکا، لە ساڵی 2024دا گەشەی ئابوورییان خاوبێتەوە، هۆکارەکەشی بەرزبوونەوەی رێژەی “سوو” و دابەزینى خەرجیی بەکارهێنەران و لاوازی بازاڕ و هەلی کارە.

راپۆرتەکە باس لە وڵاتانی تازەپێگەیشتووی ئەمریکای لاتین و دوورگەکانى کاریبی، بەهۆی خراپی و بچووکبوونەوەی مەودای دارایی و کەمبوونەوەى خواستی دەرەکیش، بەرەو خراپتر دەڕوات.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، رۆژهەڵات و رۆژئاوای ئاسیا و ئەو وڵاتانەش کە ئابوورییەکی ناجێگیر و لاواز و بچووکیان هەیە، رووبەڕووی فشاری زیاتر و مەترسی کەڵەکەبوونى قەرزەکانیان دەبنەوە، کە هاوکات قەرزەکانیشیان “سوو”ـیەکى زۆری لەسەرە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button