چۆن چارەسەرى سەرئێشە بکەین لە یەکەم رۆژى رەمەزاندا؟

زووم، سکاى نیوزعەرەبى:

سەرئێشە لە یەکەم رۆژى مانگى رەمەزاندا سکاڵایەکى بەربڵاوە لاى زۆرێک لە رۆژووانان، دڵەڕاوکێ و نیگەرانى زۆرى لێدەکەوێتەوە بە تایبەت کە ناتوانن لە رۆژدا هیچ دەرمانێک بۆ کەمکردنەوەى ئازارەکەیان بخۆن، بەڵام بەزانینى هۆکارەکانى سەرئێشە لە رەمەزاندا و چۆنیەتى رزگاربوون لێى، دەتوانیت بەردەوام بیت لە بەرۆژبووبوون لە باشترین دۆخى تەندروستییدا.

د. فەرحەت فەزلون، بە ماڵپەرى “سکاى نیوزعەرەبى” گوتووە، لە سەرەتاى رەمەزاندا سەرئێسە و تینوێتى دیاردەیەکى بەربڵاوە لاى زۆرینەى رۆژووانان، ئەمەش دۆخێکى سروشتییە، چونکە ئەو کەسانە لە ژیانێکى ئاساییەوە دەگوازنەوە بۆ قۆناغى بەرۆژبوون، کە دەتوانرێت بە رێگەیەکى سادە و ئاسان و بە جێبەجێکردنى سیستمێکى خۆراکى دروست، لەم گلەییان رزگاریان بێت.

چارەسەرى سەرئێشە

ئامۆژگارییەکانى د. فەزلون بۆ رۆژووانان:

  • پێویستە خواردنى تەندروست و هاوسەنگ بخورێت، بە جۆرێک پرۆتین و چەورى بە سوود و بڕى پێویست لە کاربۆهیدرات و نیشاستە لەخۆبگرێت.
  • دەبێت لە نێوان بەربانگ و پارشێو لانیکەم 10 پەرداخ ئاو بخورێتەوە، ئەمە سەربارى خواردنى شلەمەنییە تەندروستەکان بە بڕى پێویست.
  • فەرامۆش نەکردنى ژەمى پارشێو، چونکە زۆر گرنگە بۆ رۆژووانان و وزەى پێویست بۆ جەستە دابین دەکات کە بە درێژایی کاتژمێرە درێژەکانى بە رۆژبوون پێویستى پێى دەبێت.
  • خەوتن، دەبێت لانیکەم 7 کاتژمێر بخەویت، تاوەکو بە درێژایی رۆژ لە کەمخەویی و سترێس دووربکەویتەوە.

رزگاربوون لە تینوێتی

سەبارەت بە هەستکردن بە تینوێتى لە ماوەى مانگى رەمەزاندا، د. فەزلون جەختدەکاتەوە، کە بەرزى پلەى گەرما لە لایەک و هەندێک لە خووە خۆراکییە هەڵەکان لە لایەکى دیکەوە، رۆڵى گەورە دەبینن لە هەستکردن بە تینوێتى، پێویستە ئامۆژگارییەکان بە وردى جێبەجێ بکرێن تاوەکو لەکاتى بەرۆژبووندا بەسەر ئەم هەستەدا زاڵبین.

پێویستە سەوزەوات و میوەى تازە بخورێت، ئەو خۆراکانەى کە بڕێکى باش لە ئاو و ریشاڵیان تێدایە تاوەکو بۆ ماوەیەکى زۆر لە ریخۆڵەدا بمێننەوە، هەروەها هەستکردن بە برسێتى و تینوێتى کەم دەکەنەوە، سەبارى خواردنەوەى ئاو لە کاتە جیاوازەکانى شەودا.

هەروەها پێویستى دوورکەوتنەوە لە خواردنە سوێرەکان و ترشیات و پەنیرى سوێرکراو، چونکە ئەم خواردنانە پێویستى جەستە بە ئاو زیاتر دەکەن و دەبنە هۆى هەستکردن بە تینوێتى.

هەواڵی زیاتر

Back to top button