خواستی زۆر لەسەر دەرمانەکانی دابەزاندنى کێش گرفتی بۆ کۆمپانیاکان دروستکردووە

ویستی خۆلاوازکردن کۆمپانیاکانی دەرمانی ناچارکردووە بەرهەم زیادبکەن

زووم:

ویستی خۆلاوازکردن  و خواستی زۆر لەسەر دەرمانەکانی تایبەت بە دابەزاندنی کێش، گرفتی بۆ کۆمپانیاکانی دەرمان دروستکردووە.

ئاماژەی ئەتڵەس بۆ چاودێریکردنی ئامارەکانی قەڵەوی دەڵێت، زیاتر لە دوو ملیار و 600 ملیۆن کەس لە جیهاندا کێشەی قەڵەوی یان کێشی زیادەیان هەیە، پێشبینی دەکات، تا ساڵی 2025 ژمارەکە بگاتە 4 ملیار کەس.

ئەوە کۆمپانیاکانی دەرمانی والێکردووە بیر لە دۆزینەوەی دەرمانی دابەزاندنی کێش بکەنەوە، زۆریی بەکارهێنانی دەرمانەکانیش بووە پاڵنەر بۆ کۆمپانیاکان بۆ پێشبڕكێکردن.

ماڵپەڕی ئاکسیۆس دەڵێت، لە دەرمانخانەکاندا کورتهێنانێکی زۆر لە دەرمانەکانی دابەزاندنی کێش هەیە، بۆیە کۆمپانیاکان کەوتوونەتە پێشبڕکێکردنی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە.

هەردوو کۆمپانیای “نۆڤۆ نۆردیسک” و “ئێلی لیلی” یەکێکن لەو کۆمپانیایانەی بەرهەمەکانیان بۆ دابەزاندنی کێش فرۆشی زۆری هەیە، ئێستا لە کارگەکانی خۆیان فریای بەرهەمهێنانی بڕی پێویستی دەرمان ناکەون و بەدوای جێگرەوەدا دەگەڕێن.

کۆمپانیای “نۆڤۆ نۆردیسک” بەنیازە کارگەیەکی دیکەی بەرهەمهێنانی دەرمان بکڕێت بەناوی “کاتالێنت”، کە بەهاکەی 16.5 ملیار دۆلارە، چەند ناوەندێکی دیکەش وڵاتانی بەلجیکا، ئیتاڵیا و ئەمریکا دەکاتەوە.

سەرەڕای ئەو هەنگاوە، کۆمپانیاکە دەڵێت، چاوەڕوانی ئەوە ناکات تا ساڵی 2026 بە ئاسانی ئاستی فرۆشتنی بەرزبکاتەوە، چونکە گەشەکردن لە بازاڕی دەرمانسازیدا بە خاوی بەڕێوەدەچێت.

هەرچی کۆمپانیای “ئێلی لیلی”ی ئەمریکییە، سەرەڕای ئەوەی دوو دەرمانی بەناوبانگی هەیە و لە ئەمریکا و ئەوروپا ئاستی فرۆشیان بەرزە و رێژەی قازانجی ساڵانەی لە ئەمریکا گەیشتووەتە 39٪، بەڵام پێناچێت کۆمپانیاکە بتوانێت کارگەی نوێ بکڕێت، تەنها بەنیازە پەرە بە ئاستی بەرهەمهێنان بدات.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button