شەکر بۆ مەترسیدارە؟

چی بەسەر جەستە دێت کاتی خواردنی شەکرێکی زۆر؟

ئاژانسەکان:

وەک زانراوە زۆر خواردن و بەکارهێنانی شەکر زیانبەخشە، بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە شەکر چی بەسەر جەستەماندا دەهێنێت و چۆن کاردەکاتە سەر جەستەمان؟

شەکر سەرچاوەیەکی سەرەکی وزەیە کە خانەکانی لەش پێویستی پێیەتی،  کۆئەندامی هەرس کاردەکات بۆ تێکدانی کاربۆهیدراتە ئاڵۆزەکانی وەک نیشاستە، دەیانگۆڕێت بۆ شەکری سادە، خانەکانیش لەڕێگەی پرۆسەی “میتابۆلیزم” شەکرە سادەکە دەگۆڕن بۆ وزە.

خوێن لە کاتی ئاسایدا، 5 گرام شەکری تواوەی تێدایە، کە هاوتایە لەگەڵ یەک کەوچکی بچوک شەکر، یان 20 کالۆری.

بوونی شەکری زۆر لە لەشدا  گۆڕانکاری گەورە و نەرێنی دروستدەکات لە ئەرکی ئۆرگانەکانی لەشدا، بەگوێرەى  ماڵپەری “sciencefocus” کاریگەری لەسەر هەر ئەندامێک بەم جۆرەیە:

مێشک

شەکر وا لە مێشک دەکات مادەی دۆپامین دەربدات، ئەمیش پێکهاتەیەکی کیمیاییە بەرپرسە لە هەستی چێژ و دڵخۆشی، تاقیکردنەوەکان دەریانخستووە ئەو مشکانەی بڕە خۆراکێکیان پێدەدرێت کە شەکری زۆری تێدایە مێشکیان وەک ئالودەبووی هۆشبەر کاردەکات، لە کاتێکدا خەسڵەتە بایۆلۆجی و جیناتیەکانی مشک و مرۆڤ زۆر لەیەک نزیکن.

جگەر

جگەر، فرەکتۆز(یەکێک لە پێکهاتەکانی شەکر) بەکاردەهێنێت بۆ بەرهەمهێنانی چەوری، لەکاتی بەکارهێنانی شەکری زۆر، چەوریە بەرهەمهێنراوەکەی جگەر کەڵەکە دەبێت، کە جگەر دوچاری گرفت و نەخۆشی دەکاتەوە.

ددان

بەکتریای دیاریکراو لە ددانەکاندا پاشماوەی شەکری ناو دەمت دەخۆن و دەیچوێنن و لە کۆتاییدا دەیگۆڕن بۆ ترشی لاکتیک، ئەم ترشەش کانزاکانی ناو مینای ددانەکان دەتوێنێتەوە، کە ئەو مادەیەیە کە ددانەکانت لە خراپبوون دەپارێزێت، کێشەی مینای ددان ئەوەیە کە ناتوانێت جارێکی دیکە خۆی دروست بکاتەوە.

پەنکریاس

بەرزبوونەوەی ئاستی شەکر لە خوێندا دەبێتە هۆی هاندانی خانەکانی بێتا بۆ دەردانی ئەنسۆلین، ئەمەش ئاماژە دەنێرێت بۆ جگەر و ماسولکەکان بۆ ئەوەی دەست بکەن بە گۆڕینی گلوکۆز بۆ گلایکۆجین بۆ خەزنکردن.

کاتێک لەش پێویستی بە وزەی زیاتر دەبێت، گلایکۆجین دەشکێنێت، بەڵام دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین کە تواناکانی ماسولکەکان و جگەر سنوردارە بۆ خەزنکردن، بۆیە جەستە کاردەکات بۆ هەڵگرتنی زیاتر لە خانە چەورییەکان، لێرەوە پرۆسەی کێش زیادبوون و قەڵەو بوون سەرهەڵدەدات.

پێست

گلوکۆز و فرەکتۆز پەیوەندی لە نێوان ترشە ئەمینییەکان دروست دەکەن، کە کۆلاجین و ئیلاستین دەگۆڕن بۆ ماددەیەک دەبێتە هۆی چرچ و لۆچێ پێست.

دڵ

بەرزبوونەوەی ئاستی ئەنسۆلین لە خوێندا دەبێتە هۆی گەشەکردنی ماسولکەکانی دەوروبەری دیواری خوێنبەرەکان، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی پەستانی خوێن، لە کۆتاییدا مرۆڤ دوچاری نەخۆشییەکانی دڵ دەکات.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button