هەشت وەهم لەبارەی بومەلەرزە

"ئاژەڵەکان پێشتر هەست بە روودانی دەکەن و لە بەرەبەیاندا روودەدات"

زووم، ئاژانسەکان:

بیروباوەڕەکان لەبارەى دیاردەی بومەلەرزە جیاوازن و لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە دەگۆڕێن، بەڵام ئەو باوەڕانەی هاوبەشن لە نێوان ناوچەکاندا لەسەر رووداوی بومەلەرزە ئەو باوڕانەن کە پشتیان بە هیچ راستییەکی زانستی نەبەستووە.

ئەمانە دیارترین وەهمە بەربڵاوەکانن لەبارەى بومەلەرزەوە:

سەگ و ئاژەڵەکانی دیکە پێشتر هەست بە روودانی بومەلەرزە دەکەن: ئەستەمە دڵنیابینەوە لەوەی سەگ یان گیاندارەکانی دیکە رەفتارێکی نائاسایی دەکەن، چونکە هەست بە نزیکبوونەوەی بومەلەرزە دەکەن، هەرچەندە گۆڕانکاری لە رەفتاری ئاژەڵەکان پێش بومەلەرزە تۆمارکراوە، بەڵام ئەوەش رووداێک نییە هەموو جارێک روویدابێت، هەندێکجار هیچ گۆرانکارییەک لە رەفتاری ئاژەڵەکان رووی نەداوە پێش روودانی بومەلەرزەکان .

یەکەم تێبینی لەسەر گۆڕانی رەفتاری ئاژەڵەکان پێش رووداوی بومەلەرزە گەورەکان  دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 373ی پێش زایین لە یۆنان، کاتێک بەشێک لە  مشک و مارەکان لە یۆنان بینراون کە شوێنی مانەوەکانیان بەجێهێشتووە و بەرەو شوێنە سەلامەتەکان دەڕۆیشتن، ئەمەش چەند رۆژێک پێش رووداوی بومەلەرزە لە شارەکە.

بومەلەرزە کەشێکی تایبەتی هەیە: لە سەدەی چوارەمی پێش زایین فەیلەسوفی یۆنانی ئەرستۆ گوتی، بومەلەرزە بەهۆی بای گیریخواردوو لە بۆشایی ئەشکەوتەکاندا دروست دەبێت، وا بیردەکرایەوە بومەلەرزە بچوکەکان بەهۆی پاڵنانی هەواوەیە بە رووی ئەشکەوتەکان، بومەلەرزە گەورەکانیش کاتێک دروست دەبن کە هەوا بەشی سەرەوەی زەوی دەشکێنێت.

ئەم تیۆرە بووە هۆی ئەوەی ئەو باوەڕە دروست بێت کە  بومەلەرزە کەشێکی تایبەتی هەیە، چونکە بەهۆی ئەوەی بڕێکی زۆر هەوا لە ژێر زەویدا گیری خواردووە، بەر لە  روودانی بومەلەرزەش کەش و هەوا گەرم و ئارام دەبێت. بەڵام لە گێڕانەوەکانی تردا باس لەوە دەکەن کە هەندێک بومەلەرزە لە بارودۆخێکی بێدەنگ و هەوردا روویانداوە، و بەزۆری پێش بای بەهێز و کەوتنە خوارەوەی نەیزەکەکان روویانداوە.

تاکو ئێستا هیچ دیاردەیەک نیە بە ناوی “کەشی بومەلەرزە”، بەگوێرەی ئامارەکانیش دابەشبوونێکی یەکسان هەیە لەکاتی روودانی بومەلەرزە لە نێوان کەشی سارد، کەشی گەرم، کەشی باراناویدا .

بومەلەرزەی گەورە لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانیدا روودەدا: هەروەک چۆن بومەلەرزە بەبێ گوێدانە بارودۆخی کەشوهەوای سەر زەوی روودەدات، بەهەمانشێوە لە کاتە جیاوازەکانیشدا روودەدات و مەرج نییە لە کاتەکانی بەیانیدا بێت، بە نموونە ساڵی 1940 بومەلەرزەیەک لە کالیفۆرنیا لە رۆژئاوای ئەمریکا لە کاتژمێر 9:36 خولەکی بەیانیدا روویدا، بە پێچەوانەوە لە ساڵی 1989 بومەلەرزەیەک لە کاتژمێر 5:30 خولەکی ئێوارە لە سانفرانسیسکۆ تۆمارکرا.

هەندێک لە خەڵکی بومەلەرزەکان دەبەستنەوە بە کاتێکی دیاریکراو و لە کاتەکانی بەیانیدا لە کاتێکدا بومەلەرزەکانی دیکە لە بیر دەکەن کە لە کاتەکانی تردا روویانداوە.

درزى وا گەورە لە زەویدا دروست دەبێت مرۆڤ و باڵەخانەکان قوت دەدات: رەنگە هاوشێوەى ئەم دیمەنانەمان لە فیلمەکاندا بینیبێت یاخود لە کتێبەکاندا خوێندبێتمانەوە، بەڵام لە راستیدا ئەمە روونادات، چونکە ئەگەر درزى وا گەورە دروست بێت، ئەوا ماناى وایە پلێتەکان بەر یەک ناکەون، لەو حاڵەتەشدا هیچ بومەلەرزەیەک روونادات، بەڵام هەندێکجار لە ئەنجامى بومەلەرزە تێکچوون و درز لە رووکارى زەوى دروست دەبێت، کە رەنگە مرۆڤ و ئۆتۆمبێل و کەلوپەلى دیکەى تێبکەوێت.

سەلامەتترین شوێن بۆ خۆپاراستن لە بومەلەرزە رێرەویی چونە ژورەوەی باڵەخانەکانە: ئەم باوەڕە کاتێک راستە ئەگەر خانوو و باڵەخانەکان لە قوڕ دروستکرابێت، بەڵام لە ماڵە مۆدێرنەکاندا رێڕەوەکانی  چوونە ژوورەوە لە رووی دروستکردنەوە  بەهێزتر نین لە بەشەکانی دیکەی خانووەکە.

لە راستیدا ئەگەر دەرگای چوونە ژوورەوەی ماڵەکە هەڵبژێریت بۆ خۆپاراستن لە بومەلەرزە، رەنگە ئازارت پێ بگات، چونکە لەوانەیە لە کاتی روودانی ببومەلەرزەکەدا دەرگاکە لە شوێنی خۆی بجوڵێت بکەوێت بەسەرتا. ئەگەریش لە شوێنە گشتیەکاندا بیت و لە رێرەوی باڵەخانەکاندا بمێنیتەوە خۆت دەخەیتە مەترسیەوە و لەوانەیە ئازارت پێبگات چونکە خەڵکی پەلە دەکەن بۆ دەرچوون لە بیناکە.

بومەلەرزە بچووکەکان یارمەتیدەرن بۆ روونەدانی بومەلەرزە گەورەکان: بۆ سەلماندنی ئەم باوەرە پێویستمان بە 30 بومەلەرزە هەیە بە هێزی 3 پلە بە پێوەرى رێختەر بۆ یەکسان کردنەوەی ئەو هێزەی لە بومەلەرزەیەک دەردەچێت کە پلەکەی چوار پلەی رێختەر بێت، رەنگە بومەلەرزە بچوکەکان بۆ ماوەیەکی کاتی فشار لەسەر هێڵی شەقبردنەکە کەم بکەنەوە، بەڵام رێگری لە بومەلەرزەیەکی گەورە ناکەن.

بومەلەرزەکان لە ئێستادا  زۆرتر روودەدەن: شارەزایانی بواری بومەلەرزە دەڵێن لە ماوەی 100 ساڵی رابردوودا بومەلەرزە بە گوڕی 7 پلە یان زیاتر بە ڕێژەیەکی جێگیر روویداوە، بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردوودا کەمیکردووە.

ئەوەی تێبینی دەکرێت ئەوەیە کە زیادبوونی ژمارەی ناوەندەکانی چاودێری بومەلەرزە لە جیهاندا و پەرەپێدانی ئامرازە بەردەستەکان بۆ تۆمارکردنی تەنانەت بومەلەرزە بچووکەکانیش کە لە قۆناغەکانی پێشوودا نەتوانراوە تۆمار بکرێن، هۆکار بێت بۆ ئەوەی خەڵکی ئەو باوەڕەیان لا دروست بێت کە لە ئێستادا بومەلەرزەکان زیاتر روودەدەن.

مرۆڤەکان توشی شڵەژان دەبن کاتێک بومەلەرزە روودەدات: هەرچەندە بەشێک لە مرۆڤەکان ئەو باوەڕەیان هەیە کە مرۆڤ لە کاتی روودانی بومەلەرزەدا توشی شڵەژان دەبێت و دۆخێکی مەترسیدار بۆ خۆیان و چواردەورەکەیان دروست دەکەن، بەڵام لێکۆڵینەوەکان پێمان دەڵێن بەشێکی زۆری مرۆڤەکان لە کاتی بومەلەرزەکان توشی شڵەژان نابن و بە پێچەوانە دەیانەوێت خۆیان و کەسانی چواردەوریشیان بپارێزن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button