گەندەڵییەکى گەورە عێراق دەهەژێنێت

 

دیارنەمانی ملیاران دۆلار لە داهاتی وڵات، هەموو لایەکى هێناوەتە سەرخت و لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە.

کێ بەرپرسە و کەی پارەکە دیارنەما و چۆن دیارنەما؟ ئەو پرسیارانەن کە عێراقییەکان بەدوایدا دەگەڕێن، بەڵام تائێستا وەڵامێکى بڕواپێکراویان نەدراوەتەوە.

دیارنەمانی 3.7 ترلیۆن دیناری عێراقی کە دەکاتە ٢.٥ ملیار دۆلار، لە هەژمارى دەستەى باج لە بانکى رافیدەین، ماوەیەکە لێرە و لەوێ و لە میدیاکان باس دەکرێت، بەڵام رۆژى شەممە بابەتە شێوەیەکى فەرمى وەرگرت پاش ئەوەى، وەزارەتی دارایی بە نوسراوێک داوای لە دەستەی نەزاهەی عێراقی کرد، کە لیکۆڵینەوە بکەن لە دیارنەمانی 3.7 ترلیۆن دینار کە لە هەژماری دەستەی باج لە بانکی ڕافیدەین ڕاکێشراوە، بەمەش دوپات کرایەوە کە ئەو بڕە پارەیە “دزراوە”.

بەگوێرەى نوسراوەکەى وەزارەتى دارایی راکێشانی پارەکە بە چەند مانگێک بووە، لە 9ی سێپتەمبەری 2021 تا 11ی ئابی 2022ى خایاندووە، نوسراوەکەى وەزارەتى دارایی ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەم چەکانە دراون بە پێنج کۆمپانیا، بێ ناوهێنانی ناوی کۆمپانیاکان.

کاردانەوەی ئەم بابەتە گەورە بوو، هەر ئەمڕۆ ئەنجومەنی باڵای دادوەری رایگەیاند کە فرمانی دەستگیرکردنی بۆ سەرجەم ئەو کەسانە دەرکردوە کە تێوەگلاون لە بابەتی دیارنەمانی داهاتی دەستەی باج.

ئەنجومەنی باڵای دادوەری ڕاشیگەیاند، لە مانگی ئابی ڕابردوو، هەواڵیان پێگەیشتووە بە بونی تۆڕێک لە کەسانی خاوەن پاڵپشتی، کە یاری بە داهاتی گومرگ و باج دەکەن.
ئەنجومەنەکە دەڵێت، هەر ئەو کات و لە 21ی ئاب دادگای کەرخ فەرمانی دەرکردووە بە وەستاندنی خەرجکردنى ئەو چەکانە تا وردبینی و لێکۆڵینەوەی تەواو لە بابەتەکە دەکرێت.

بانکی رافیدەین کە لەم دۆسییەدا زۆر ناوى دەهێنرێت، ئەمڕۆ رایگەیاند، ئەوان هیچ پەیوەندیەکیان بە بابەتی دزین و یاریکردن بە پارەی دەوڵەت نییە.
رافیدەین دەشڵێت، ئەوان بەشێوەی یاسایی چەکەکانیان خەرجکردووە و بابەتەکە پەیوەستە بە دەستەی باجەوە.

هاوکات لیژنەى نەزاهەى پەرلەمانى عێراق لێکۆڵینەوەى لە دیارنەمانى ملیاران دۆلارەکە دەستپێکرد و بڕیاریدا رۆژى چوارشەممە بانگهێشتى هەریەکە لە ئیحسان عەبدولجەبار وەزیرى پێشووى دارایی بە وەکالەت و بریکارى وەزارەتى دارایی و بەڕێوەبەرى ئێستا و پێشووى دەستەى گشتى باجەکان و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانى دیکە بکات.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو لە تیوتێکدا لەبارەی ئەم بابەتە دەڵێت “ئەم دۆسیەیە دەکەین بە پێشینەی کارەکانمان، رێگە نادەین پارەی عێراقییەکان بەهەدەر بدرێت، وەکو ئەوەی لە بانکی رافیدەین روویدا”

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری پیشووی دارایی بە وەکالەت، لەم دۆسییەدا پەنجەى تۆمەتى بۆ رادەکێشرێت ئەوەیش وایکرد بڕیارى دەستلەکارکێشانەوە بدات، بەڵام ئیحسان تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە و دۆسییەکە بە دەستکەوت بۆخۆى هەژمار دەکات و دەڵێت لە رێگەى لێکۆڵینەوەکانیانەوە توانیویانە دۆسیەی دیارنەمانی 2.5 ملیار دۆلار هەڵبدەنەوە لەگەڵ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی تۆمەتبارن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button