لەپێناو تەندروستیی منداڵاندا ڤەیپی بۆ یەکجار بەکارهێنان لە بەریتانیا قەدەغە دەکرێت

 زووم:

حکومەتی بەریتانیا، لە میانی پلانەکانیدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی زیادبوونی بەکارهێنانی ڤەیپ لەنێو منداڵاندا، بەنیازە ڤەیپی بۆ یەکجار بەکارهێنان لە وڵاتدا قەدەغە بکات.

ئەو رێکارانەی بۆ جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوەی حکومەت دەگیرێنە بەر، بریتین لە رێگری لە فرۆشتن، ریکلام و نیشاندانی ڤەیپ و هاوشێوەکانی لە مارکێتەکاندا.

بڕیار وایە ئەم هەنگاوەی حکومەتی بەریتانیا لە کۆتایی ئەمساڵدا یان سەرەتای ساڵی داهاتوودا بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە سەردانێکیدا بۆ یەکێک لە قوتابخانەکانی وڵاتەکەی رایگەیاند، یەکێک لە پرسە هەرە نیگەرانکەرەکانی وڵاتەکەمان زیادبوونی بەکار‌هێنانی ڤەیپە لەنێو منداڵاندا، بۆیە دەبێت بەر لەوەی ببێت بە “نەخۆشییەکی باو”، هەنگاوی بۆ بنێین.

بەگوێرەی داتاکانی رێکخراوی ASH، کە تایبەتمەندە بە پرسی جگەرەکێشان و تەندرووستی، لە %7.6ـی منداڵانی تەمەن 11 بۆ 17 ساڵ لەئێستادا ڤەیپ دەکێشن، بە شێوەی بەردەوام و ناوبەناو. ئەمەش لەکاتێکدایە ئەو رێژەیە چوار ساڵ لەمەوبەر  4.1% بوو.

هەرچەندە فرۆشتنی ڤەیپی ئاسایی، کە بارگاوی یان پڕدەکرێتەوە بە کەسانی خوار 18 ساڵ قەدەغەیە، بەڵام ڤەیپی بۆ یەک جار بەکارهێنان بە رەنگ و تامی سەرنجراکێش لە مارکێتەکاندا بەردەستن، زیاتر لەلایەن منداڵانەوە بەکاردێن، ئەمەش نیگەرانیی لای وڵاتەکە درووست کردووە و تا دێت بەکارهێنانی لەنێو منداڵاندا روو لە بەرزبوونەوەیە.

بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە، حکومەت دوکان و مارکێتەکان ناچار دەکات چیتر ئەو بەرهەمانە بەشێوەیەکی دیار و ئاشکرا و لەلای شیرینییەکاندا نمایش نەکەن، بۆ ئەوەی منداڵان ئەو جۆرە بەرهەمانە نەبینن و دووربن لە بەکارهێنانیان.

هەواڵی زیاتر

Back to top button