دەنگی کازم ساهیر پاش 26 ساڵ دەگەڕێتەوە عێراق

زووم، ئاژانسەکان:

یەکێتی تۆپی پێى عێراق، رایگەیاند، کازم ساهیر و رەحمە ریاز بەشداریی لە ئاهەنگی دەستپێکی جامی کەنداودا دەکەن، کە هەینیی داهاتوو لە بەسرە بەڕێوەدەچێت.

کازم ساهیر، لە ساڵی 1997ەوە عێراقی بەجێهێشتووە

کازم ساهیر پاش 26 ساڵ، دووبارە لە عێراق گۆرانی دەڵێت، کە لە ساڵی 1997ەوە عێراقی بەجێهێشتووە.

لەماوەی ئەم 26 ساڵەدا، کازم ساهیر تەنها یەکجار سەردانی عێراقی کردووەتەوە، ئەویش لە مانگی ئایاری 2011 بوو ئەوکات باڵیۆزی نیازپاکی رێکخراوی یونسێف بوو بۆ چاودێریکردنی منداڵانی جیهان، سەردانەکەشی هەر لە چوارچێوەى چالاکییەکانى ئەو رێکخراوەدا بوو.

دکتۆر عەلا بەشیر کە یەکێک بووە لە پزیشەکەکانی دەسەڵاتدارانی عێراق، لە کتێبی بیرەوەرییەکانیدا بە ناوی “پزیشکی سەدام بووم”، باس لە هۆکاری جێهێشتنی عێراق دەکات لە لایەن کازم ساهیرەوە.

عودەی کوڕی سەدام حسێن، ئیرەیی بە کازم ساهیر بردووە

عەلا بەشیر دەڵێت: عودەی کوڕی سەدام حسێن، ئیرەیی بە کازم ساهیر دەبرد کە هەمیشە خانمان لێی نزیک بوون، عودەی بەهۆی ئیرەییەکەی کازم ساهیری هەراسان کردبوو.

دەشڵێت، عودەی دوای تەواوبوونی ئاهەنگێک کازم ساهیر ناچار دەکات لەسەر پێڵاوەکانی خۆی و هاوڕێکانی واژۆ بکات، ئەمەش وەکو سوکایەتییەک بە کازم ساهیر، هەر بۆیە قەیسەر بڕیار دەدات عێراق جێبهێڵێت و نەگەڕێتەوە.

کازم ساهیر هەینى داهاتوو لە جامی کەنداو گۆرانییەکی نوێ دەڵێت

بڕیارە کازم ساهیر هەینى داهاتوو لە جامی کەنداو لە بەسرە، گۆرانییەکی نوێ بڵێت، کە تێکستی گۆرانییەکە لەلایەن کەریم عێراقی نوسراوە و کازم ساهیر خۆی ئاوازی بۆ داناوە.

پێشتر کازم ساهیر چەند جارێک بەشدارییکردنی لە جامی کەنداو لە عێراق رەتکردبووەوە بەبێ ئاشکراکردنی هۆکارەکەی، ئەمەش توڕەیی شەقامی عێراقیی بە دوای خۆیدا هێنابوو، زۆرێک دەیانگوت “کازم بەردەوام نیشتمانەکەی رەتدەکاتەوە”.

کازم جەبار سامەڕائی، کە نازناوی قەیسەری گۆرانی عەرەبی پێدراوە، ساڵی 1957 لە شاری موسڵ لەدایکبووە، ساڵی 1981 دەستى بە گۆرانى گوتن کردووە و یەکەم ئەلبومی لە ساڵی 1984 بڵاوکردووەتەوە، جگە لە گۆرانی لە چەند درامایەکیشدا وەکو ئەکتەر بەشدارى کردووە.

رەحمە ریاز، لەگەڵ قەیسەر لە جامی کەنداو گۆرانی دەڵێن

رەحمە ریاز، کە بڕیارە لەگەڵ قەیسەر لە جامی کەنداو گۆرانی بڵێت، ساڵی 1987 لە بەسرە لەدایکبووە، ساڵی 2010 لەڕێگەى بەشداریکردنى لە بەرنامەی ستار ئەکادیمی ناسرا.

رەحمە وەکو یەکەم گۆرانیبێژی عێراقی، گۆرانییەکی بۆ جامی جیهانی قەتەر وت

رەحمە لە ساڵی 2011دا بە گۆرانییەک بەشداریی لە جامی ئاسیادا کرد، ئەمساڵییش وەکو یەکەم گۆرانیبێژی عێراقی، گۆرانییەکی بۆ جامی جیهانی قەتەر وت، لە ئاهەنگی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەشدا بەشداربوو.

جامی کەنداوی 25، رۆژی هەینیی داهاتوو لە شارى بەسرەى باشوورى عێراق دەستپێدەکات و 13 رۆژ دەخایەنێت، پاش 42 ساڵ یەکەمجارە عێراق میوانداریی پاڵەوانێتییەکە دەکات.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button