ئەتۆنیۆ نێگرى، بیرمەندى چەپگەرا کۆچى دوایی کرد

ئەنتۆنیۆ نێگرى (١٩٣٣-٢٠٢٣)، بیرمەند و چالاکوانى سیاسیی ئیتالى لە تەمەنى نەوەد ساڵى دا کۆچى دوایی کرد. نێگرى خەباتێکى دوورودرێژى لە بوارى تیۆر و پراکتیکدا هەیە، و سەروو سى کتێبى لە بوارى فیکر و سیاسەتى مارکسیزمدا نوسیوە. ئەو کە لە جیلى حەفتا و هەشتاکانى ڕۆشنبیریی ئەورووپا بوو، هاوڕێ و قوتابیی فەیلەسوفەکانى وەک ژیل دۆڵۆز، فلێکس گواتارى، ئالان بادیۆ و مایکڵ هارت بوو. لە کتێبەکانى: دیکارتى سیاسى، ئیمپراتۆرییەت، حەشامات، کۆمەڵێک گفتوگۆ لەگەڵ ژیل دۆڵۆز و هتد.

نێگرى لەساڵانى شەست و حەفتادا بەوە ناسرابوو کە یارمەتیی گرووپە چەپڕەوەکان دەدات و لەڕووى تیۆرییەوە ئاراستەیاندەکات. یەک لەو ڕووداوانە کە ئەوى تێوە دەگلێت، ڕووداوى تیرۆرکردنى “ئاڵدۆ مۆرۆ” سەرەک وەزیرانى ئەوکاتى ئیتالیا بوو. بریگاردى سوور کە ڕێکخراوێکى چەپڕەو بوو، لەم ڕووداوەدا تۆمەتبارکرا. ئەنتۆنیۆ نێگرییش لەم گرووپە و ڕووداوەکە گلێنرا. نێگرى هەڵدێت بۆ فەڕەنسا. بەڵام لە غیابى خۆیدا سى ساڵ حکومدەدرێت. لە ساڵى ١٩٩٧ دەگەڕێتەوە بۆ ئیتالیا و ماوەى زیندانییەکەى بۆ سیانزە ساڵ کەمدەکرێتەوە. ئەو ماوەیەش بەر بەخشین دەکەوێت و تەنیا شەش ساڵێک لە زیندان دەمێنێتەوە.ئەو لە زینداندا دیسان وەک بیرکەرەوەیەکى چەپ، بیر لە دۆخى جیهان و مرۆڤایەتى دەکاتەوە. لەو ماوەیەدا کتێبەکانى بارۆخ سپێنۆزاى فەیلەسووفى جوو دەخوێنێتەوە. دواتر بە یاریدەى فیکرى ژیل دۆڵۆزى فەیلەسووفى فەڕەنسى، سیستەمى نوێى جیهانى دەخوێنێتەوە و ناویدەنێت “ئیمپراتۆرییەت”. لەگەڵ مایکڵ هارت، نوسەرى گەنجى ئەمریکى، کتێبێک بەو ناوەوە دەنوسن و لە ساڵى ٢٠٠٠ بڵاویدەکەنەوە.

ئەنتۆنیۆ نێگرى وەک بیروباوەڕ، بە مارکسییەکى ئۆتۆنۆمیست ناسراوە. واتە لە خەباتى سیاسییدا پتر پشت بە خۆڕێکخستنى ئازادانەى جەماوەرى دەدات تا ئەوەى حیزب و ڕێکخراوى مەرکەزى ئەم ڕۆڵە بگێڕێت. مارکسیزمى کلاسیک بڕواى بە درووستکردنى ڕێکخراوێکە کە سەرکردەیەکى سەنتراڵ خەڵک ڕێکبخات، بەڵام نێگرى و هاوبیرەکانى بەم بۆچوونەدا دەچنەوە و پتر پشت بە ڕێکخستنى ئاسۆیی خەڵک دەبەستن- بۆ نمونە ململانێى چینى کرێکار لە شوێنى کارەکەى و کۆبوونەوەى ڕیشاڵى لە دەورى یەکتر. دیارە بۆ ئەمەش سوودى لە فیکرى پۆستمۆدێرن وەرگرتووە کە پتر کار بە چەمکى ڕیزۆم (ڕەگەتۆڕ)، ڕووتەخت، پەراوێز و هتد دەکات.

نێگرى هەمیشە پشتیوانى خەڵکى ستەمدیدە بوو، لەوانەش کورد. ئەو ئاگاى لە بەشێک لە نوسینەکانى عەبدووڵا ئۆجەلان، سیاسەتمەدار و خەباتکارى کورد هەبوو. تەنانەت نێگرى پێشەکییەک بۆ چاپى دووەمى وەرگێڕانە ئەڵمانییەکەى کتێبى “مانیفیستۆى شارستانییەتى دیموکراتی” دەنوسێت. ئەو لەوێدا سەرسامیی خۆى بەرابەر بیرکردنەوەى ئۆجەلان دەردەبڕێت و دەیچوێنێت بە «گرامشیی وڵاتەکەى»، واتە دەیچوێنێت بە ئەنتۆنیۆ گرامشیی ڕۆشنبیرى سەدەىپ ێشووى ئیتالى کە لەسەر بیروباوەڕە چەپگەراکەى ساڵانێکى زۆر خرایە زیندانەوە.

نێگرى دواى خۆى جگە لە جێهێشتنى چەندین کتێب و وتار، کاریگەریی خستووەتە سەر چەندین نوسەر و لێکۆڵەری تریش. ئەو نەریتێکى لە تیۆر و پراکتیک بۆ دواى خۆى جێهێشتووە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button