ئێران کاری پۆلیسی ئەخلاقی هەڵپەسارد

"پەرلەمان و ئەنجومەنی باڵای شۆڕش کار لەسەر یاسای باڵاپۆشی دەکەن"

داواکاری گشتی ئێران رایگەیاند، کارى پۆلیسی ئەخلاقى وڵاتەکەى هەڵپەسارد. لە دواى مەرگى ژینا ئەمینى، زۆرترین ناڕەزایەتییەکان دژى پۆلیسى ئەخلاقن. کۆمارى ئیسلامىش هەڵوێستى بەو شێوەیە نیشاندەدات، کە کار لەسەر پرسی باڵاپۆشی دەکات.

لە دواى مەرگى ژینا ئەمینى، زۆرترین ناڕەزایەتییەکان دژى پۆلیسى ئەخلاقن

ژینا دواى دەستگیرکردنى لەلایەن پۆلسی ئەخلاقى تاران، رۆژى 16ى ئەیلول لە رووداوێکى تەمزمژاویدا گیانى لەدەستدا، کەسوکار، رێکخراوەکانى مافى مرۆڤ و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى، پۆلیسی ئەخلاقیان بە ئەشکەنجەدانى تۆمەتبار دەکەن، بەڵام حکومەت ئەوەى رەتکردەوە، لەوکاتەشەوە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى بەردەوامە.

محەممەد جەعفەر مونتەزری، داواکاری گشتی ئێران رایگەیاند، پەرلەمان و ئەنجومەنی باڵای شۆڕش کار لەسەر یاسای باڵاپۆشی دەکەن و ئەنجامەکەی تاوەکو 15 رۆژی دیکە ئاشکرا دەکەن.

مونتەزری لە کۆبونەوەی ‘جیهادی تەبەیون’دا ئاماژەی بە پرسی باڵاپۆشی لە ئێران کرد، کە یەکێکە لەو یاسانەی بەشێکی زۆر کۆمەڵگەی ئێرانی هەراسانکردووە و گوتی، پرسی باڵاپۆشی یەکێکە لە پرسە گرنگەکان، کە ئێستا پەرلەمان و ئەنجومەنی باڵای شۆڕش کاری لەسەر دەکەن.

پەرلەمان و ئەنجومەنی باڵای شۆڕش کار لەسەر یاسای باڵاپۆشی دەکەن

ئەو ئاماژەی بەوەدا، نایانەوێت بەتەواوی پۆلیسی ئەخلاق هەڵبوەشێننەوە، بەڵام دامەزراوە ئەمنی و رۆشنبیریەکانی ئێران بەدوای چارەسێکی راست و دروست بۆ پرسی باڵاپۆشی دەگەڕێن، سیستمی دادوەری سەرقاڵی ئامادەکردن و دارشتنی رەشنوسی یاسایەکە، کە پەیوەندیدارە بە بواری باڵاپۆشی و پاکیزەییەوە.

ئەحمەد راستینە، گوتەبێژی لیژنەی رۆشنبیری لە پەرلەمانی ئێران چەند رۆژ پێش ئێستا رایگەیاند، پێویستیان بە یاسایەکی نوێ لە بواری باڵاپۆشیدا هەیە.

ماوەیەکە لەنێو زانکۆکان کۆبوونەوە و کۆنفرانس لەژیر ناوی”بیرکردنەوەی ئازاد” لەسەر تەوەری “باڵاپۆشی” بەڕێوەدەچن. لە لایەکی دیکەوە، بەرەی بنئاژۆخوازان دەیانەوێت یاسای باڵاپۆشی زۆرەملێ لەنێو کۆمەڵگە دەستکاری نەکرێت و وەک خۆی بمێنێتەوە.

رۆژى 5ى تشرینى یەکەمى 1991، کۆمارى ئیسلامى پۆلیسی ئەخلاقى دامەزراند، سەر بە فەرماندەیی گشتى پۆلیسی ئێرانە.

گەشتی ئەرشەد (دەوریەی پۆلیسی ئەخلاق) لە ئێران، چەندین ساڵە بووەتە هۆی ناڕەزایەتی بەشێک لە هاوڵاتیان و زۆر جار بەهۆی توندوتیژی پۆلیسی ئەخلاقەوە، ناڕەزایەتی دەردەبڕن، بەڵام گیانلەدەستدانى ژینا ناڕەزایەتیەکانی گەیاندە لوتکە. خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى بەردەوامە، بەگوێرەی ئاماری رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ تاوەکو ئێستا زیاتر لە 450 کەس لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون و زیاتر لە 20 هەزار کەسیش دەستگیرکراون.

هاوڵاتیانی ئێران بەهۆی توندوتیژی پۆلیسی ئەخلاقەوە، ناڕەزایەتی دەردەبڕن

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button