هەوڵى چەکداماڵینى حزبەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان دەدرێت

سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان: رێگه‌ به‌ بوونى گروپى چه‌كدار له‌ هه‌رێم نادرێت

بەرهەمى کۆبوونەوە دوو رۆژییەکەى هەرێمى کوردستان و عێراق پێدەچێت چەکداماڵینى حزبەکانى رۆژهەڵاتى کوردستانى بەدوادابێت. سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان بە روونى دەڵێت، رێگه‌ به‌ بوونى گروپى چه‌كدار له‌ هه‌رێمى كوردستان نادرێت، یەکەمجارە بەرپرسانى هەرێمى کوردستان بەم گوزارشتە و بەم روونییە قسە بکەن.

نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، هەفتەى رابردوو سەردانى بەغدادى کرد، دوێنێش سەردانى کردەوە، لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران و سەرکردە سیاسییەکان کربووەوە.

ئەمڕۆ سەرۆکایەتى هەرێم راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە، زیاتر باسی ناوەرۆکى کۆبوونەکەى نێچیرڤان بارزانى و محەمەد شیاع سودانى کردووە و دەڵێت، هەردوولا دووپاتيان كرده‌وه‌ رێگه‌ به‌ هيچ جۆره‌ هه‌ڕه‌شه‌ و كرده‌يه‌وه‌كى سه‌ربازى له‌ سنوره‌كان به‌رامبه‌ر وڵاتانى دراوسێ نادرێت و رێگەش بە بوونى گروپی چەکدار لە هەرێمى کوردستان نادرێت.

ئێران رەخنەى لە عێراق و هەرێمى کوردستان هەیە و لەو بڕوایەدایە هیچ هەنگاوێکیان بۆ جێبەجێکردنى داواکارییەکەى نەناوە، کە داواى دورخستنەوە و چەکداماڵینى حزبەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان دەکات.

چەندین دەیەیە حزبەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان لەنێو خاکى هەرێمى کوردستان بنکە و بارەگا و هێزى چەکدارییان هەیە وەکو کۆیە و زڕگوێز لە نزیک سلێمانى و پردێ لە سنورى کەرکوک، هەروەها لە ناوچە سنورییەکانیش لە دەڤەرى سیدەکان، بنکە و بارەگاى حزبەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان هەن، بەم دواییانە سوپاى پاسداران چەندین جار تۆپبارانى کردوون، هەینى رابردووش فەرماندەى هێزى زەمینى سوپاى پاسداران، هەڕەشەى هێرشی زەمینى کرد و گوتى هێزیان جوڵاندووە، هاوشانیشیان بنکە و بارەگاى پارتى کرێکارانى کوردستان پەکەکە هەن.

سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاندووە، هه‌ولێر و به‌غداد هه‌ماهه‌نگى ده‌كه‌ن و ئاسايشى سنوره‌كان ده‌پارێزن، له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێش هه‌ماهه‌نگ ده‌بن و رێكارى پێويست ده‌گرنه‌به‌ر، بەڵام رێکارەکان ناڕوونن و باس نەکراون، کە چی دەکەن، لەکاتێکدا حزبەکانى رۆژهەڵات چەکدانان رەتدەکەنەوە.

بەرپرسانى ئێران چەندینجار گوتویانە لەسەر سنورەکان مەترسی بۆ ناوخۆى وڵاتەکەیان دروستدەکرێت، ئەمەشیان بە فەرمى بە نەتەوەیەکگرتووەکان گوتووە، پێش چەند رۆژێکیش باڵیۆزى ئێران لە بەغداد رەخنەکەى چەندبارە کردەوە.

نێچيرڤان بارزانى دەڵێت، دڵنيايی دەدات هه‌رێمى كوردستان بۆ عێراق و وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌ش به‌ فاكته‌رى ئارامى و سه‌قامگيرى ده‌مێنێته‌وه‌، هەفتەى رابردوو مەسرور بارزانى، سەرۆکوەزیرانیش هەمان قسەى گوت و دڵنیاییدا.

ئەم قسانەى نێچیرڤان بارزانى رۆژێک پێش سەردانەکەى سودانییە بۆ تاران کە بۆردومانەکانى ئێران بۆسەر هەرێمى کوردستان تەوەرى سەرەکى گفتوگۆکانى نێوان هەردوولا دەبێت، وەک قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق جەختی لێکردووەتەوە.

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button