ئیسرائیل هێرشی زەمینی بۆسەر رەفەح دەستپێکرد

سوپای ئیسرائیل دەستی بەسەر دەروازەی رەفەحدا گرت

زووم…

 

هەر لەگەڵ رازیبوونی حەماس بە پێشنیازی ئاگربەست و هۆشداریی توندی ئەمریکا و وڵاتانی جیهان لە کارەساتباری ئۆپراسیۆنەکە، ئیسرائیل قسە و بەڵێنەکانی کردە راستی و دەست بە قۆناغی یەکەمی هێرشی زەمینی بۆسەر رەفەح کرد.

هەر لە کاتەکانی شەودا بۆردومانی چڕی شارۆچکەکە دەستپێکرد و سوپای ئیسرائیل دەڵێت زیاتر لە 100 ئامانج بۆردومان کراوە و بەهۆیانەوە دەیان فەڵەستینی کوژران.

بەیانی ئەمرۆش سوپای ئیسرائیل بە هێز و تانکەکانییەوە چوونەتە بەردەم دەروازەی رەفەح لە خوارووی کەرتەکە و دەستیگرت بەسەر دەروازەی رەفەح لە بەری غەزەوە و ئاڵای وڵاتەکەی تێدا هەڵکرد.

دەستەی دەروازەکانی غەزەش رایگەیاند، بەهۆی ئۆپراسیۆنەکەی ئیسرائیلەوە هاتن و رۆشتنی گەشتیار و چوونەناوەوەی کۆمەک و هاوکارییەکان بە تەواوی وەستاون.

ماڵپەڕی ئاکسیۆسی ئەمریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی سوپای ئیسرائیلەوە بڵاویکردەوە، ئیسرائیل پێی وایە بە کۆنتڕۆڵکردنی دەروازەکە توانای حەماس بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کەرتەکە بە تەواوی لەناودەبات.

دەشڵێت، ئیسرائیل پلانی هەیە لە چەند رۆژی داهاتوودا، چەند کەسێکی فەڵەستینی کە حەماس نەبن، بکاتە سەرپەرشتی وەرگرتن و دابەشکردنی کۆمەک و هاوکارییەکان کە لە میسرەوە دەچنەناو غەزە.

بەگوێرەی زانیاری بەرپرسانی ئیسرائیل، تانک و هێزی زەمینیی ئیسرائیل گەیشتوونەتە بەشی رۆژهەڵاتی شاری رەفەح، ئەمەش هەنگاوی یەکەمی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئیسرائیلە لە باشووری شارەکە کە ماوەیەکی زۆرە پلانی بۆ دادەڕێژێت

ئەم پێشهاتە لەکاتێکدایە حەماس بە نوسراوێکی وڵاتانی نێوەندگیر رازی بووە کە تایبەتە بە ئاگربەستی غەزە و ئاڵوگۆڕی بارمتەکان کە لە سێ قۆناغ پێکهاتووە و هەر قۆناغەی 42 رۆژ دەخایەنێت.

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button