تۆمەتبارى دزەپێکردنى بەڵگەنامەکانى پنتاگۆن دەبرێتە بەردەم دادگا

جاک تەیشێرا تەمەنى 21 ساڵە و فڕۆکەوانە

زووم، ئاژانسەکان

ئەمڕۆ هەینى، فڕۆکەوانێکی تەمەن 21 ساڵی ئەمریکی، لە دادگا ئامادە دەبێت، بەتۆمەتى پەیوەندی بە دزەپێکردنی بەڵگەنامە نهێنییەکانى پنتاگۆن، لەبارەى شەڕی ئۆکراین و پرسەکانی دیکەی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا.

جاک تەیشێرا، رۆژی پێنجشەممە لەلایەن FBI لە ویلایەتی ماسەچوتسی ئەمریکا دەستگیرکرا. ئەو بە شۆرت و تیشێرتێکەوە قۆبەست کرا.

بەڵگەنامەکان بۆ یەکەمجار لە گروپ چاتێک بینراوە، کە جاک تەیشێرا، وەک لیدەرى ئەو گروپەکە دادەنرێت. ئەو بەتۆمەتی گواستنەوەی زانیاری نهێنی بێ مۆڵەت ئەمڕۆ لە دادگای شاری بۆستنی ویلایەتی ماسەچوتسی ئامادە دەبێت.

بەڵگەنامەکان، سەرەتا رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاشکرایکرد، دەیان نەخشە و لیستی چەک و تەقەمەنی لەخۆدەگرێت. جگە لەوەش وردەکاریی زۆری لەبارەی توانای سەربازی ئۆکراین و ژمارەی قوربانیانی جەنگی ئۆکراین و توانای چەکی وڵاتانی رۆژئاوا دەگرێتەخۆ.

بەڵگەنامە دزەپێکراوەکان هەڵسەنگاندنی ئەمریکایان بۆ شەڕی ئۆکراین و هەروەها نهێنی هەستیار سەبارەت بە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا ئاشکرا کرد و بڵاوبوونەوەى واشنتنی شەرمەزار کرد.

جاک تەیشێرا، وەک پسپۆڕی ئایتی لە دەستەى هەواڵگری پاسەوانی نیشتمانی ماسەچوتسى کاری کردووە و پلەى فڕۆکەوانى هەیە.

دواى ئەم روداوە وەزارەتى بەرگرى ئەمریکا (پنتاگۆن) دەیەوێت دووبارە پێداچوونەوە بە بەرپرسیارێتى زانیارییە نهێنییەکان بکاتەوە.

لە یەکێک لە بەڵگەنامەکاندا کە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر نوسراوە و دواتر دەزی پێکراوە، دەرکەوتووە توانای بەرگری ئاسمانی ئۆکراین لاوازبووە، بەشێوەیەک ئەگەر وڵاتانی رۆژئاوا چەکی زیاتر بۆ سیستمی بەرگری ئەو وڵاتە دابین نەکەن، ئۆکراین لە دۆخێکی مەترسیداردایە.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە یەکێک لە بەڵگەنامەکانەوە دەڵێت، ئەوە سیستمی بەرگری ئۆکراینە زیاتر لە ساڵێکە رێگری لە فڕۆکە جەنگییەکانى روسیا دەکات بەشداریی لە جەنگەکەدا بکەن. بەڵام ئێستا بەهۆی کەمبوونەوەی چەکەوە، سیستمەکە بەرەو لاوازبوون دەچێت، بەشێوەیەک کە رێگا بۆ پوتین خۆشدەکات فڕۆکە جەنگییەکانی بەکاربهێنێت و ئاراستەی شەڕەکە لەبەرژەوەندیی خۆی بگۆڕێت.

پێشتر پات رایدەر، گوتەبێژی پنتاگۆن رایگەیاند، دزەپێکردنەکە “کردەوەیەکی تاوانکاری بە ئەنقەست” بووە.

ئیدی سۆزا، گەنجێکى تەمەن 22 ساڵى هاوڕێ و هاوپۆل سەردەمى منداڵى تەیشێرا، بە رۆیتەرزی گوتووە، سەری سوڕماوە هاوپۆلەکەی پێشووی وەک تۆمەتبار لە دزەپێکردنى بەڵگەنامەکاندا تۆمەتبارە.

پێشتر کەناڵی بی بی سی بەریتانی بڵاویکردەوە، دەستی گەیشتووە بە 20 دانە لەو بەڵگەنامانە، کە بە وردی باس لەو مەشق و راهێنانانە دەکات کە پێشکەش بە ئۆکراین کراون، وەک ئامادەکارییەک بۆ پێکهێنانی چەند لیوایەکی تایبەتی سەربازی کە لە چەند هەفتەی داهاتوودا دەست بە دروستکردنیان دەکرێت.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button