بەریتانیا بەنیازبووە هەمان پلانی ناردنی پەناخوازان بۆ رواندا لەگەڵ عێراقدا جێبەجێبکات

 

زووم:
حکومەتی بەریتانیا بەنیازبووە هەمان پلانی ناردنی پەناخوازان بۆ رواندا لەگەڵ عێراقیش جێبەجێبکات، تا پەناخوازانی بۆ رەوانە بکرێت، ئەوەش بەگوێرەی چەند بەڵگەنامەیەک، کە سکای نیوزی بەریتانی ئاشکرایکردووە.

لە راپۆرتەکەی سکای نیوزدا هاتووە، هەردوو حکومەتی بەریتانیا و عێراق زۆر نزیکبوون بگەنە ئەنجامێک لەو بارەیەوە و بەرەوپێشچوونی زۆر لە گفتوگۆکانیاندا هەبووە، ئاشکراشیکردووە، حکومەتی عێراق نەیویستووە ئەو پرسە لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی فەرمیدا بێت و ئاشکرابکرێت.

پلانەکەی بەریتانیا بۆ ناردنی پەناخوازان بۆ عێراق لە کاتێکدایە، کە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ئامۆژگاری هاووڵاتیانی خۆی دەکات “گەشت بۆ عێراق نەکەن”، واتە بە وڵاتێکی سەلامەتی ناناسێنێت.

پێشتر عێراق و بەریتانیا رێککەوتنیان هەبووە لە بارەی دیپۆرتکردنەوەی پەناخوازە عێراقییەکان، بەڵام پرسی رەوانەکردنی پەناخوازانی وڵاتانی دیکە لە بەریتانیاوە بۆ عێراق پرسێکی نوێ بووە و نزیکبووە لەوەی عێراقیش هاوشێوەی رواندا ببێتە وێستگەی ئەو پەناخوازانەی رێگای مەترسیدار بۆ گەیشتن بە بەریتانیا دەگرنەبەر.

سکای نیوز لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانجێکی دیکەی حکومەتی بەریتانیا ئەوەیە هەماهەنگی لەگەڵ باڵێۆزخانەی ئێران هەبێت بۆ گەڕاندنەوەی پەناخوازانی ئێرانی بۆ وڵاتەکەیان.

هەفتەی رابردوو وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا دەستیکرد بە دەستبەسەرکردنی ئەو پەناخوازانەی بەگوێرەی یاسا نوێیەکەی رەوانەی رواندا دەکرێن پاش ئەوەی لەلایەن پەرلەمان و پادشای وڵاتەوە پەسەند کرا.

هەواڵی زیاتر

Back to top button