چاپکردنی پارە لە ئێران ئاستی پێوانەیی شکاندووە و هەڵاوسانێکی بێوێنەی دروستکردووە

زووم…

 

چاپکردنی تمەنی ئێرانی لە کابینەکەی ئیبراهیم رەیسیی سەرۆککۆماردا ئاستی پێوانەیی شکاندووە، ئەوەش بازێکی گەورەی داوە بە هەڵاوسان لە وڵاتەکە کە بە هەمان شێوە لە ئاستێکی بێ پێشینەدایە.

بڵاوبوونەوەی گرتەی ڤیدیۆیی عەبدولناسر هیمەتی، بەرپرسی پێشووی بانکی ناوەندیی ئێران کە تێیدا گوتی بڕی پارەی چاپکراو لە حکومەتی ئیبراهیم رەئیسیدا لە هەموو قۆناغەکانی مێژووی ئێران زیاترە، کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

لە ڤیدیۆکەدا، هیمەتی دەڵێت، حکومەتەکەی رەیسی ژمارەی پێوانەیی چاپکردنی پارەی لە مێژووی ئێراندا شکاندووە، بە شێوەیەک کە لە سەرەتای مێژووەوە تا سەردەمی سەرۆکایەتی رەیسی، کۆی ئەو پارەیەی لە ئێراندا چاپکراوە نزیکەی نۆ ملیار دۆلار بووە، بەڵام لە ماوەی حکومداریی ئەودا کە لە سێ ساڵ کەمترە، نزیکەی 10 ملیار دۆلار چاپکراوە و ئەمەش هۆکاری سەرەکییە بۆ زیادبوونی هەڵاوسان.

هەڵاوسان لە ئێران بووە بە گرنگترین کێشە و خەڵک و بەرپرسانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە، بە جۆرێک ئاستی پێوانەیی 80 ساڵەی شکاندووە.

دوای ڤیدیۆکەی هیمەتی، میدیاکانی لایەنگری حکومەت رەخنەیان لێگرت و ئامارە راگەیەندراوەکانیان خستە ژێر پرسیارەوە بەڵام ئەو ئامارەی بانکی ناوەندی بڵاویکردووەتەوە بەشێک لە قسەکانی عەبدولناسر هیمەتی پشتڕاست دەکاتەوە، کە لە دوو ساڵی رابردوودا لانیکەم بە رێژەی %89 زیادی کردووە.

بە گوێرەی وێبسایتی ئابووریی عەسری ئیران، ئێران بە %45 هەڵاوسان و پلەی شەشەم، یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین هەڵاوسانی لە جیهاندا هەیە و بەهۆی هەڵاوسانی ساڵانی رابردوو بەهای تمەن بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و تەنها لە ماوەی دوو ساڵی سەرۆکایەتی ئیبراهیم رەئیسیدا نرخی دۆلار لە 28 هەزار تمەنەوە بۆ زیاتر لە 60 هەزار تمەن زیادی کردووە.

دابەزینی بەهای تمەن بەهای مووچەی خەڵک و فەرمانبەرانیشی دابەزاندووە هەرچەندە لە ژمارەدا زیادی کردووە، چونکە نرخی کاڵاکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی هەژاری خەڵک و زیادبوونی ناڕەزایەتیی گشتی، شەقامەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە باشی کاریگەرییەکانی نیشان دەدەن.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button