رێککەوتنى سەربازیی نێوان سودانى و ئەمریکا چوارچێوەى هەماهەنگى توڕە دەکات

زووم:

رۆژنامە عەرەبییەکان

 


شەرقلئەوسەت

بە نهێنى رێککەوتن لەسەر دانانى پارێزگاری کەرکوک کراوە

سەرچاوەیەکى باڵا لە یەکێتی بە رۆژنامەى شەرقلئەوسەتى راگەیاند، پارێزگارى کەرکوک لەنێوان پێکهاتەى کورد و عەرەب دەکرێت بە نۆرەو هەر یەکەیان دوو ساڵ پۆستەکە بەڕێوەدەبەن.
سەرچاوەکە دەڵێت، لەسەر ئەم بابەتە یەکێتى و پارتى رێککەوتوون.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، بەگوێرەى رێککەوتنەکە پێکهاتەى تورکمان لە هاوکێشەکە دەکرێتە دەرەوە، کە پێشتر داواى وەرگرتنى پۆستەکەیان بە خول لەنێوان پێکهاتەکاندا دەکرد.

دەستوور

دواى تەواوبوونى بارانى بەهاریی ئەمساڵ دەست بەوەرگرتنى گەنم دەکرێت

حەیدەر نورى گەرعاوى، بەێوەبەری گشتیى بازرگانى دانەوێڵە لە وەزارەتى بازرگانى رایگەیاند، “هەموو ئامادەکارییەکانمان تەواوکردووە بۆ وەرگرتنى گەنم لە سەرانسەرى عێراق، سایلۆکانمان خاوێن کردووەتەوە و فەرمانبەرەکان 24 کاتژمێر کار دەکەن، بۆئەوەى گەنمی ئەمساڵ لە جوتیارەکان وەربگرن، بەڵام هیچ ئاماژەیەکى بە سایلۆکانى هەرێمى کوردستان نەکردووە.
بە گوتەى گەرعاوى، ئەمساڵ نرخى یەک کیلۆ گەنمى نمرە یەک بە 850 دینارى عێراقى وەردەگرن، ئەمەش بەرزترین نرخى وەرگرتنى حکومییە لەسەر ئاستى جیهان.

سەباح

سەندیکاى پزیشکان هۆشداریی بڵاوبوونەوەى ئایدز دەدات

دکتۆر ماجید شەنگالی، سەرۆکی لیژنەى تەندروستى و ژینگە لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، لیژنەکەیان بەدواداچوونى کردووە و دەرکەوتووە لە ساڵی رابوردوودا 2638 کەس تووشى ڤایرۆسی ئایدز بوون، لەو ژمارەیە 470 تووشبوویان گیانی لەدەستداوە.
دکتۆر ماجید شەنگالی راشیگەیاندووە، ژمارەیەکى کەم لەو منداڵانەى لە دایکێکی هەڵگری ڤایرۆسەکەوە لەدایکبوون تووشى ڤایرۆسەکە بوون
ئەو دەڵێت، هیچ حاڵەتێکمان لە چوار مانگی یەکەمى ئەمساڵدا پێڕانەگەیەنراوە.
دکتۆر ماجید شەنگالی، هۆشیاری دەدات لەسەردانیکردنى سەنتەرە بێمۆڵەتەکانى جوانکاری و ئەو شوێنانەى بەبێ مۆڵەت تاتۆ دەکەن یان خاڵ دەکوتن، لەبەرئەوەى یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانى گواستنەوەى ئەم ڤایرۆسە لە رێگەى خوێنەوەیە و لەو سەنتەرانەشدا گرنگی زۆر بەم بابەتانە نادرێت.

عەرەبی جەدید

رێککەوتنى سەربازیی نێوان سودانى و ئەمریکا چوارچێوەى هەماهەنگى توڕە دەکات

لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژى ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق، وردەکاری رێککەوتنى ئەم دواییانەى محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق و بەرپرسانى ئەمریکاى بڵاوکردەوە و راگەیاند، “رێککەوتنەکە هەنگاوێکى باش سوپاى عێراق دەباتە پێشەوە، بەتایبەتى لەبوارى بەهێزکردنى هێزی ئاسمانیى عێراقدا”.
لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەى بەوەشکردووە، چوارچێوەی هەماهەنگی لەو رێککەوتنە نیگەرانن لەبەرئەوەى نایانەویت هەژموونى ئەمریکا لە عێراق بەردەوام بێت.
لە لایەکى دیکەوە سەعد مەتڵەبی سەرکردە لە دەوڵەتى یاسا، کە نورى مالیکى سەرۆکایەتى دەکات بە ئاژانسى هەواڵی عێراقى رایگەیاندووە، شکستى هەموو ئەو بانگەشانەى پێشتر عێراق دەیکرد بۆ پەرەپێدان و بەهێزکردنى هێزی ئاسمانى لە رێگەى وڵاتانى روسیا، چین و فەرەنسا، ماناى ئەوەیە ئەمریکا توانیویەتى لێیان بباتەوە و لە بوارى پەرەپێدانى هێزی ئاسمانیى عێراقدا سەرکەوتووتر بێت.
یەکێک لە ئەندامانى لیژنەى ئاسایشى پەرلەمانى عێراق لەسەر لیستى چوارچێوەى هەماهەنگی، کە نەیویستووە ناوى ئاشکرا بکرێت بە رۆژنامەکەى گوتووە، “لیژنەکەمان ئاگاداری ئەو رێککەوتنە نییە و دەبێت لێپێچینەوە لەو کەسانە بکرێت کە ئەنجامیان داوە”.

 

زوومى رۆژنامە تورکییەکان

حوڕییەت

بە پاساوی زیادمەسرەفى 69 پۆلیس لەسەرکارەکانیان دوورخرانەوە
لەچوارچێوەى بانگەوازەکەى حکومەتى تورکیا بۆ رێگری لە زیادمەسرەفى، عەلى یەرلیکایا، وەزیرى ناوخۆى تورکیا لە بەڕێوەبەرایەتى ئاسایشی گشتی لە ئەنقەرە کۆتایی بە ئەرکی 69 کارمەندى پۆلیس هێنا.
ئەم کارمەندانە لە ئەرکدابوون، لەگەڵ چوار یاریدەدەرى وەزیرى ناوخۆ، هەر لە چوارچێوەی کەمکردنەوەى خەرجییەکانى حکومەت، دوو لە ئۆتومبێلەکانى وەزیرى ناوخۆ کەمکرایەوە.
وەزارەتى ناوخۆ رایگەیاندووە، لەکاتى پێداویستیدا ئەو کارمەندانە دەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.

سۆزجو

هەڵاوسان لە تورکیا لە ئاستێکى بەرزدایە
بەگوێرەى راگەیەندراوێکى دەزگاى ئامارى تورکیا، لەماوەى چوار مانگی ئەمساڵدا هەڵاوسان لە تورکیا بە رێژەى 18,72% زیادی کردووە.
محەمەد شیمشەک، وەزیری دارایی تورکیا رایگەیاند، رێژەى هەڵاوسان لە تورکیا بەرزە و چاوەڕێ دەکرێت بەرزتر ببێتەوە.
شیمشەک هەواڵێکى “ناخۆش”ـی راگەیاندووە و گوتى، “لە مانگی ئایاردا رێژەى هەڵاوسان بۆ 70% بەرز دەبێتەوە”.

یەنى شەفاق

تورکیا بەدواى جێگرەوەى ئیسرائیلدا دەگەڕێت

لەپاش ئەوەی تورکیا تەواوى پەیوەندییە بازرگانییەکانى لەگەڵ ئیسرائیلدا راگرت، ئێستا بەدواى پڕکردنەوەى جێگرەوەى ئەو بۆشاییە بازرگانییەدا دەگەڕێت، بۆ ئەو مەبەستەش فرۆشتنی کەلوپەل و بەرهەمەکانى بە وڵاتانى دیکە بەم جۆرەیە، ستیل لەبری ئیسرائیل بە ئەڵمانیا دەفرۆشێت، هەروەها لەگەڵ عێراق و ئەمریکا کڕین و فرۆشتنى ستیلی هەیە.
لە بوارى بەروبومى گەنم و جۆ و بەروبومە پاقلەمەنییەکان لەگەڵ سوریا، لیبیا، فەنزوێلا و بەرهەمەکانی سەوزە و میوەش بە بولگاریا، پۆڵۆنیا و ئۆکراین دەفرۆشێت.

ئەکشام

ژمارەى هاووڵاتی تورکیا لە وڵاتانى تاراوگە ئاشکرا دەکرێت
وەزارەتى دەرەوەى تورکیا رایگەیاند، شەش ملیۆن و 500,000 هاووڵاتی تورکیا لە وڵاتانى ئەورپا دەژین، ئەم رێژەیە زیاتر دەبێت کاتێک لەگەڵ وڵاتانى ئەوروپای رۆژهەڵاتدا ژمارەى هاووڵاتی تورکیا دەکاتە حەوت ملیۆن و 500,000.

 

زوومی رۆژنامە ئینگلیزییەکان

 


دەیلى مەیل

پزیشکەکان داوایان لە پاشا کردووە لەپێناو رایگشتیدا چالاک بێت
خەڵکی بەریتانیا ئاهەنگی یەکەمین بۆنەی ساڵڕۆژی تاجلەسەرنانی پاشا دەگێڕن و ستایشی ئەوەش دەکەن، بە دڵێکی کراوەوە مامەڵە لەگەڵ تووشبوونى بە نەخۆشیی شێرپەنجە دەکات.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، پادشا ئەمڕۆ پشتیوانییەکی گەورەی لێدەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی بەریتانییەکان لەگەڵ ئەوەدان، لەبەرامبەر نەخۆشیی شێرپەنجەکەدا بە باشی هەڵسوکەوت دەکات.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، هەڵسوکەوتی پاشا چارڵس لە دوانزە مانگی رابوردوودا سەرباری نەخۆشبوونیشی زۆر باش بووە.

دەیلی تەلەگراف

دەرمانخانە گەورەکان دەیانزانی ئەو خوێنەی دەزگای تەندروستی دەینارد بۆ نەخۆشخانەکان ئایدزی تێدا بووە
بەگوێرەى رۆژنامەکە چەند کۆمپانیایەکی گەورەی ئەمریکی بواری دەرمانسازی خۆیان ئاگاداربوون ئەو چارەسەر و خوێنانەی بۆ دەزگای تەندروستیی بەریتانیان ناردووە ڤایرۆسی ئایدزیان تێدا بووە.
چەند بەڵگەنامەیەکی ناوخۆی ئەمریکا هەن باس لەوەدەکەن ئەو کۆمپانیایانە خۆیان ئاگاداربوون ئەو دەرمانە سەرسووڕهێنەرەی دروستیان کردووە، پلازمایەکی تێدایە لە کەسانێک وەرگیراوە نەخۆشیی ئایدزیان هەیە.

واشنتن پۆست

دواى زنجیرەیەک شکستی یەک لەدوای یەک بۆینگ ئامادەیە مانگە دەستکردەکەی هەڵبدات
دواى ئەوەی فڕۆکەیەکی بۆینگی سەر بە هێڵی ئاسمانیی ئەلاسکا بە ئاسمانەوە پلێتێکی گەورەی هێندەی دەرگایەکی لێکەوتە خوارەوە، سەرنشینەکانی گوتیان ژیانیان کەوتووەتە بەر مەترسی.
وەزارەتی داد لێکۆڵینەوەیەکی لەم بارەیەوە دەستپێکرد، بۆینگیش لێی زەرەرمەند بوو، ئەمجارە ئەم کۆمپانیایە مانگێکی دەستکردی “زۆر پێشکەوتوو”ـی دروستکردووە. دەزگای ناساش پەسەندی کردوە و گرێبەستێکی لەگەڵدا کردوون بۆئەوەی بە کرێی چوار پۆینت دوو ملیار دۆلار، دوو ئەستێرەوان بگەیەنێت بە وێستگەی ئاسمانی جیهانی لە خولگەیەکی دەرەوەی گۆی زەوی.

وۆڵ ستریت جۆرناڵ

خۆپیشاندانەکان بۆ بایدن بژرادەیەکی کەمی باش و بڕێکی زۆر قەیرانی تێدایە

بوونی ئەو هەموو ململانێیە لە ناوخۆی ئەمریکا و دەرەوەیدا زیانیان بە هەڵمەتەکانی راگەیاندنی بایدن گەیاندووە، هەلومەرجی دەستپێکردنی هەڵمەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ بایدن ناسک بوونەتەوە، هەندێک شت کێشەیان بۆ ئەو دروستکردووە، کە خۆی دەسەڵاتی ناشکێتەوە بەسەریاندا؛ وەک کێشەکەی شەڕی نێوانی ئیسرائیل و حەماس و ئاستی رۆڵی ئەمریکا لە ململانێی نێوانیاندا.

 

زوومى رۆژنامە فارسییەکان

کەیهان

وەزیری ناوخۆی ئێران: ئامادەین هەڵبژاردنی تەواو ئەلیکترۆنی ئەنجام بدەین

ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆى ئێران لە گوتارێکدا رایگەیاند، ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی تەواو ئەلیکترۆنی لە وەزارەتی ناوخۆ کراوە و لە هەشت بازنەی هەڵبژاردن بەشێوەی ئەلیکترۆنی هەڵبژاردن ئەنجام دەدەین، گەورەترین بازنەش تارانە، کە پێویستە 16 نوێنەری تێدا هەڵبژێردرێت.
ئەو گوتی، “بۆ یەکەمجارە ئەم هەڵبژاردنە بەم قەبارەیە ئەنجام دەدرێت و پێشهاتێکی گرنگە لە بواری دەنگدان”.
بڕیارە رۆژی هەینی چارەنووسی 45 کورسی پەرلەمان کە ماونەتەوە لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکاندا هەڵببژێردرێن.

خوب

ئێران ئەوەندەی وڵاتێکی 120 ملیۆن کەسی کارەبا بۆ سیستمی فێنککەرەوە بەکاردەهێنێت

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کارەبای ئێران رایگەیاند، بەکارھێنانی سیستمی فێنککەرەوە لە ئێران یەکسانە بە بەکارھێنانی کارەبای وڵاتێکی 120 ملیۆن کەسی.
مستەفا رەجەبی مەشهەدی، لە کۆبوونەوەی بەڕێوەبەرانی فەرمانگەکانی دابەشکردنی کارەبا، ئاماژەی بە گەشەی خێرای بەکارهێنانى کارەبا لە ئێران کرد و وەک یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی پیشەسازیی کارەبا باسی کرد.
ئەو گوتى، پێویستمان بە پلاندانان هەیە بۆ گۆڕینی ئەو رەوتە، بەهۆی ئەوەی گەشەی بەکارهێنان لە وڵاتانی پێشکەوتوودا بە رێژەی 2-1% بووە.
رەجەبی مەشهەدی گوتى، تەنها بەکارهێنانی کارەبای سیستمی فێنککەرەوە لە ئێران یەکسانە بە کۆی بەکارهێنانی کارەبای میسر، کە ژمارەی دانیشتووانی 120 ملیۆن کەسە، ئەمەش ئەوە دەردەخات هیچ رێسا و پەیوەندییەکی باش لە ئێران نییە، بۆ کارامەیی وزە و کۆنترۆڵکردنی کارەبا و نیشاندەری بەفیڕۆدانی کارەبایە لەم بوارەدا.

کار و کارگەر

خانەنشینانى ئێران رازی نین!
گوتەبێژی حکومەتى ئێران هەواڵی زیادکردنی 35%ـى مووچەی خانەنشینانی راگەیاندووە، بەڵام خانەنشینان بەمە رازی نین و دەڵێن، ئەم زیادکردنە کەمترین مووچەخۆران دەگرێتەوە و مووچەخۆرانی دیکەش بە رێژەی 22% زیاد دەکرێن، کە لە رەوتی هەڵاوسانی ئێستای ئێران دواکەوتوون!
رێژەی هەڵاوسانی راگەیەندراو لە ئێران زیاترە لە 43% و رێکخراوەکانی خانەنشینان دان بەوەدا دەنێن ئەم زیادکردنانە ناتوانێت لەگەڵ هەڵاوسانی ئێستا بگونجێت و بۆیە هەژارتر دەبن

ئاسیا

کەشتییەکی سوپای پاسداران خولگەی پلەی سفری بەزاند
کەشتیی هێلیکۆپتەر هەڵگری نادر مەهدەوی خولگەی پلەی سفری بەزاندووە و تێپەڕ بووە بەرەو نیوەگۆی باشووری زەوی.
ئەمە یەکەم ئامادەبوونی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانە لە ئەرکێکدا لەم ئاستەدا و دوور لە سنوورە ئاوییەکانی ئێران.
کەشتییەکە موشەکی بالیستیکی هەڵگگرتووە و توانای شەڕی ئەلیکترۆنی هەیە و درێژییەکەی 240 مەترە، پانییەکەی 32 مەترە، توانای بارکردنی 41 هەزار تۆن کەرەستەی هەیە و مەودای کارکردنی زیاتر لە 18 هەزار میلە.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، ئەمە هەنگاوی ئێرانە بەرەو هێزێکی گەورەی دەریایی لە ئاستی جیهاندا.

هەواڵی زیاتر

Back to top button