تیکتۆک ترسى خستووەتە دڵى بەرپرسانى ئەمریکا

زووم:

پلاتفۆرمی تیکتۆک لەناو مۆبایلی 170 ملیۆن هاوڵاتیی ئەمریکیدا بوونی هەیە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەش لەلایەن کۆمپانیای “بایتدانس”ـی چینییەوە خاوەندارێتی دەکرێت.

لێکدانەوەی باو ئەوەیە، چین دەزانێت لەناو مۆبایلی ئەو 170 ملیۆن کەسە، چی دەگوزەرێت.

ئەمە گومانی زۆری بۆ ئیدارەی ئەمریکا دروستکردووە، بۆیە کۆنگرێس یاسایەکی دەرکرد بەوەی، یان دەبێت کۆمپانیای “بایتدانس” پلاتفۆڕمەکە بفرۆشێت، یان ئەوەتا ئەمریکا رێگەنادات لەناو خاکی وڵاتەکەی لەڕێگەی بازاڕە ئەلیکترۆنییەکانی ئەپڵ و گوگڵەوە ئەپڵیکەیشنی تیکتۆک داببەزێنرێت.

ئەوە ئەژدیهاکەی چینە، هەڕەشە لە فیلەکەی ئەمریکا دەکات، بۆیە وێنەکە تەنها لە تیکتۆکدا کورت نابێتەوە، بەڵکو هەڵوێستەکەی ئەمریکا بەرامبەر بە تیکتۆک، رەنگدانەوەی گرژییەکی چەندان ساڵەی نێوان ئەم دوو وڵاتەیە، ئەمریکا وەک وڵاتێکی لیبراڵ دیموکرات لەوپەڕی رۆژئاواوە و چینیش وەک وڵاتێکی تاکحزبیی کۆمەنستی لەمپەڕی رۆژهەڵاتی دنیاوە.

ماڵپەڕی فەرمیی ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی چین، هێڵێکی مێژووی هەڵکشان و داکشانەکانی  75 ساڵی رابردووی نێوان ئەم دوو وڵاتەی دروستکردووە، بەگوێرەی هێڵەکە، لە ساڵی 1949ـوە تا ئێستا، پەیوەندیی نێوان واشنتن و پەکین، چەندین توندبوونەوە و خاوبوونەوە و گرژی و ئاڵۆزی و ئارامبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، زۆرترین ئەو بابەتانەی لەنێوانیاندا مایەی کێشە و ناکۆکی بوون، بریتی بوون لە بازرگانی و گۆڕانی ئاووهەوا و رەوشی تایوان.

ساڵی ١٩٤٩ کۆماری چین لەسەر دەستی جوتیاران و بەسەرکردایەتیی ماو زی دۆنگ دامەزرا، سەرکردەکانی حکومەتی ئەوکاتی چین، بە هەزارانیان هەڵاتن و چوونە تایوان، ئەودەمە، ئەمریکا هاتووەتە ناو بابەتەکەوە و سەرکردەکانی دەسەڵاتی پێشووی لە کۆمەنیستە نوێیەکان پاراست.

لە ململانێی نێوان بلۆکی سۆشیالیستیی سۆڤیەت و سەرمایەداریی ئەمریکادا، هەمیشە چین لە سۆڤیەت و روسیاوە نزیک بووە.

ئەنتۆنی بلینکن، لە چەند رۆژی رابردوودا سەردانی پەکینی کرد و بەرپرسە باڵاکانی چینی بینی و سێ رۆژ مایەوە. هەردوولا پێداگرییان لەوەکرد، ئەو پەیوەندییانەی 45 ساڵە لە نێوانیاندا دروستبووە، دەبێت بمێنێت، بەڵام هەردووکیشیان دەزانن ئەو پەیوەندییانە شڵۆقن.

شی جین پینگ سەرۆکی چین بە بلینکنی گوتووە، “وەرن با هاوبەشی یەکتر بین، نەوەک بە قسە شتێک بڵێن و بە کردەوەش شتێکی ترمان بەرامبەر بکەن”.

بلینکن کە چینی بەجێهێشتووە، گلەیی لە پەکین کردووە دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا دەکات بۆ ئەوەی ئاراستەکەی بگۆڕێت.

سەرەڕای ئەو هەموو ناکۆکی و دژبەرییە، هەرزانیی کەرەستەی خاو و کەمیی کرێی کار لە چین، وادەکات کۆمپانیا ئەمریکییەکان بچن لقی خۆیان لە وڵاتە بکەنەوە و کاربکەن، بۆیە چین بۆ ئەمریکا، دوژمنێکە، ناکرێت دەستی لێهەڵبگیرێت.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button