هۆکاری نەناردنی مووچەی مانگی چواری هەرێم ئاشکراکرا

زووم..

 

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق هۆکاری دواکەوتنی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ زووم ئاشکرایکرد و رایگەیاند، تائێستا وەزارەتی دارایی هەرێم تەرازووی پێداچوونەوەی نەناردووە.

سەرچاوەکە بە مەرجی بڵاونەکردنەوەی ناوەکەی بە زوومی گوت، هیچ کێشەیەک لە لیستی مووچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی هەرێمدا نییە و گەیشتووەتە وەزارەتی دارایی عێراق، بەڵام تا تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی پێشوو نەگاتە وەزارەت، ناتوانن وردبینی لە لیستی مووچەکەدا بکەن و مووچەی مانگی چوار بنێرن.

گوتیشی، ئەوان دەیانەوێت بزانن ئەو پارانەی بۆ مووچەی مانگی سێ بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە چۆن خەرجکراون.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی زوومی بەغداد، ئەم مانگە لە عێراقیش کێشەی مووچە دروستبووە، هێشتا 70%ـی مووچەخۆرانی مووچەیان وەرنەگرتووە، بەهۆی ئەوەی پشوو هەبووە و تەمویلی وەزارەتەکان لەلایەن وەزارەتی داراییەوە دواکەوتووە.

مانگەکانی پێشوو مووچەی وەزارەتەکان لە 15 بۆ 20ـی مانگ تەمویل کراوە، بەڵام ئەم مانگە 20 بۆ 25ـی مانگ تەمویلکراوە و ئەوەش پڕۆسەی دابەشکردنی مووچەی دواخستووە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button