کۆمپانیا نەوتییەکانى بەسرە هۆکارى سەرەکیی شێرپەنجەن

زووم:

 رۆژنامە عەرەبییەکان


سەباح

کۆمپانیا نەوتییەکانى بەسرە هۆکارى سەرەکیی شێرپەنجەن
عەلی عەبادى، سەرۆکی لیژنەى ژینگە و تەندروستیى ئەنجومەنى پارێزگاى بەسرە، کۆمپانیاکانى بوارى نەوت بەهۆکارى بڵاوبوونەوەى نەخۆشى شێرپەنجە دەزانێت و داوا دەکات سندوقێکى تایبەت بەو بوارە لە پارێزگاکەیاندا بکرێتەوە.
عەبادى راشیگەیاندووە، ژمارەى توشبووان لە پارێزگاکەیان رووى لە هەڵکشانەوە هۆکارەکەشى بەڕێژەى 70% بۆ کارو دەرئەنجامى کۆمپانیا نەوتییەکان گەڕاندوەتەوە.
ئاماژەى بەوەش کردووە بەسرە خاوەنى نەوتێکى ئیجگار زۆرە و دەیان کۆمپانیاى بیانى و ناوخۆیی کارى تێدا دەکەن، بۆیە پێویستە سندوقێکى تایبەت بەو بوارە بکرێتەوە و ئەو هەڵانەش کە پێشتر لە بوارەکەدا کردوویانە راستى بکەنەوە.

شەرقولئەوسەت

نە ئیسرائیل راستى دەڵێت و نە ئێران
ئور فیالکۆف، مێژوونووسی ناسراوى بوارى سەربازیی ئیسرائیل لە بارەى هێرشەکەى شەممەى رابوردووى ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەڵێت، کاتێک ئێران دەڵێت ئامانجەکانى خۆمان لەنێو ئیسرائیلدا پێکاوە راست ناکات و کاتێکیش ئیسرائیل دەڵێت 99%ـى درۆن و موشەکەکانمان لە ئاسماندا خستووەتە خوارەوە ئەویش راست ناکات.
دەڵێت، ئەگەر سەیرى وێنەى مانگە دەستکردەکان بکەینەوە لەکاتى هێرشەکەدا بۆمان دەردەکەوێت کە یەکێک لەو ئامانجانەى پێکراوە بیناى پرۆژەى –دەیمونە-ى ئەتۆمیی ئیسرائیلە، بەڵام زیانى ئەوتۆی لێنەکەوتووەتەوە.
فالیکۆف بە رۆژنامەى مەعاریفى ئیسرائیلى راگەیاندووە، ئیران 136 فڕۆکەى بێفڕۆکەوان و 110 موشەکى بالیستى لە جۆرەکانى شاهید 135 و شاهید 238ـى ئاڕاستەى ئیسرائیل کردووە و نیوەیان لەڕێگەدا کەوتنە خوارەوە و ئەمریکیەکانیش تەنها شەش دانەیان خستووتە خوارەوە.

دەستوور

عێراق 41 فڕۆکەى جەنگى لە ئەمریکا دەکڕێت
باسم عەوادى، گوتەبێژى حکومەتى عێراق رایگەیاند، لە میانى سەردانەکەى سودانى بۆ واشنتن واژۆ لەسەر کڕینى 41 فرۆکەى جەنگى لە ئەمریکا کراوە، هەروەها راشیگەیاندووە، پارەى ئەو فڕۆکانە بەشێوەیەک دەدرێت کە بۆ عێراق گونجاوبێت و بەشێکی تێچوونەکەش جۆبایدن وەک خەڵات دەیدات بە عێراق و فڕۆکەکانیش لە ماوەیەکى نزیکدا رادەستى عێراق دەکرێن.
لە لایەکى تریشەوە سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراقیش رایگەیاندووە سودانى لەگەڵ کۆمپانیاى –جەنراڵ داینامکس- ى ئەمریکى گەشتوونەتە رێککەوتنێک بۆ پەرەپێدان و دروستکردنى جۆرە زریپۆشێک کە گونجاوبێت لەگەڵ ژینگەو کەش و هەواى عێراق دا.

 

مەدا

دواى گەڕانەوەى سودانى ئەردۆغانیش دێتە بەغداد
سودانى لە واشنتنەوە دەگەڕێتەوە بەغداد و وابڕیارە رۆژی 22ـى ئەم مانگە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا بگاتە بەغداد و پاشان سەرێکى هەولێریش بدات.
غازی فەیسەڵ، توێژەری سیاسی عێراقى بە رۆژنامەى مەداى راگەیاندووە عێراق هەنگاوى باشى بڕیوە لە دوورخستنەوەى ئێران لە عێراق و نزیکبوونەوە لە ئەمریکا، ئەنجامدانى هێرشەکانى ئێرانیش لەکاتى سەردانەکەى سودانى و بڵاوبوونەوەى هەندێک دەنگۆ کە بەشێک لە موشەکەکان لەناوخۆی عێراقەوە ئاڕاستەکراون، بۆ لەباربردنى سەردانەکەى سودانى بووە، هەروەها راشیگەیاندووە عێراق و ئەمریکا گەشتوون بە هەندێک رێککەوتن و لێکتێگەیشتنى باش لە هەموو بوارەکاندا و تەنها پێویستى بە بەدواداچوون هەیە و براوەى یەکەمیش عێراق دەبێت لەو بوارەدا، هەروەها گوتوشیەتى بەگەشتنەوەى سودانى ئەردۆغانیش سەردانى بەغداد دەکات و چارەسەرى کێشەکانیش لەڕێگەى گفتوگۆوە ئەنجام دەدرێت.

رۆژنامە ئینگلیزییەکان

گاردیەن

بارانی ساڵ و نیوێک لە 24 کاتژمێردا؛ دوبەی دوای بارانێکی بەخووڕی بیابانی خۆی پاک دەکاتەوە

شاری دوبەی لە وڵاتی ئیمارات لە چەند رۆژی رابردوودا رووبەڕووی شەپۆلێکی بەخووڕی بارانبارین بووەوە بەشێوەیەک لەماوەی 75 ساڵی رابردوودا وێنەی نەبووە. بەهۆی ئەوەی شارەکە دەکەوێتە ناوچەیەکی بیابانەوە، کەمتر ئامادەکاریی بۆ رووبەڕووبووونەوەی شەپۆلێکی لەوشێوەیە کردووە، هەربۆیە لافاوێکی زۆر لە شەقام و فڕۆکەخانەکانی ئەو شارە کۆبووەوە.
بارانەکە هێندە زۆربووە، بڕی ئەو بارانەی تەنها لەماوەی 24 کاتژمێردا باریوە، هاوتای ئەو بڕە بووە کە لە یەک ساڵ و نیودا لەو وڵاتە دەبارێت.

 

چاینە دەیلی

پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان چین و ئەمریکا وەک کلیلی سەقامگیریی دەبینرێن

وەزیری بەرگریی چین لە پەیوەندییەکی ڤیدیۆییدا داوای لە هاوتا ئەمریکییەکەی کرد رێگایەک بدۆزنەوە بۆ ئەوەی کەرتی سەربازیی هەردوولایان لەگەڵ یەکتریدا هەڵبکەن. شارەزایانی سەربازییش دەڵێن ئەمە نوێترین هەوڵی ئەو دوو وڵاتەیە بۆ ئەوەی بۆ ئەوەی رێگریی لە درووستبوونی قەیرانێکی سەربازیی بکەن یان رێگری لە تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوانیاندا بکەن.

واشنتن پۆست

بەڵگەنامەیەکی روسیا رۆژئاوا دەکاتە ئامانج

بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی نهێنی وەزارەتی بەرگریی روسیا، وڵاتەکە خەریکە پلان دادەڕێژێت بۆئەوەی نەیارە رۆژئاواییەکانی لاواز بکات، بە ئەمریکاشەوە. هاوکات هەوڵدەدات جەنگی ئۆکراین بەکاربهێنێت بۆ درووستکردنی بەرەیەکی دیکەی جیهانی کە تیایدا ئەمریکا باڵادەست نەبێت. لەو چوارچێوەیەشدا، بەڵگەنامەکە باس لەوە دەکات کە دەبێت هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی زانیاریی لەبارەی جەنگ، کەرتی سەربازیی، سیاسیی، ئابووریی و بازرگانیی دەستپێبکەن.

عەرەب نیوز

نەتەوەیەکگرتووەکان داوای 2.8 ملیار هاوکاری بۆ غەزە دەکات

نەتەوەیەکگرتووەکان هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی بڕی 2.8 ملیار دۆلاری راگەیاند بەمەبەستی هاوکاریکردنی غەزە و کەرتی رۆژئاوا لەکۆتایی ئەمساڵدا. بەگوێرەی هەڵمەتەکە ئەو گووژمەیە دەبێتە هاوکارییەکی باش بۆ کەمکردنەوەی ناڕەحەتییە مرۆییەکان و گیانلەدەستدانی خەڵکی دیکە، کە رێگریی لە درێژبوونەوەی ئەو قاتووقڕییە دەکات کە لە غەزە سەریهەڵداوە. هاوكارییەکانیش سوود بە 2.2 ملیۆن کەس دەکات لە غەزە و هاوکات سوودیش بە زیاتر لە 400 هەزار کەسی دیکە دەکات لە کەرتی رۆژئاوا.

 رۆژنامە تورکییەکان

جمهورییەت

بڕیارەکانى دەستەى باڵاى هەڵبژاردنى تورکیا دادپەروەرانە نییە
ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکى جەهەپە لە کۆبوونەوەیەکى لەگەڵ پەرلەمانتارانى کۆنسەى ئەوروپا رایگەیاند، لە هەڵبژارنى شارەوانییەکاندا جەهەپە بووەتە پارتی یەکەم لەسەر ئاستى تورکیا، گوتیشی، رەتکردنەوەى تانەکەى جەهەپە بۆ دووبارەکردنەوەى هەڵبژاردن لە پارێزگاى هەتاى، بڕیارێکە لەسەرووى دەستەى باڵاى هەڵبژاردن دراوە و بە بڕیارى دەسەڵات تانەکەمان رەتکراوەتەوە.
ئۆزەل راشیگەیاندووە، جەهەپە سیاسەت بۆ دادپەروەرى دەکات.

تورکیا

سەربازە ساختەکان سنوورداش کرانەوە
لە رێستۆرانتێک لە تەقسیمى ئیستەنبوڵ سێ کارمەند بە پۆشاکی سەربازییەوە خواردنیان پێشکەش دەکرد.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، ئەم گەندەڵییە کاردانەوەى زۆرى لێکەوتەوە. خاوەن چێشتخانەکە و سێ کەسی دیکە دەستگیرکران. ئەو سێ کارمەندە بیانی بوون و بە قاچاخ کاریان کردووە و سنوورداش کراونەتەوە. مۆڵەتى چێشتخانەکەش لەلایەن وەزارەتى گەشتییارییەوە هەڵوەشێندرایەوە.

یەنى شەفاق

شەمەندەفەرى ئیستەنبوڵ- سێواس کەوتەکار
عەبدولقادر ئورەڵئۆغڵو، وەزیرى ژێرخان و گەیاندنى تورکیا رایگەیاند، لە چوارى مایسدا هێڵى شەمەندەفەرى خێرا لەنێوان ئیستەنبوڵ و سێواس ى باکوورى کوردستان دەکەوێتەکار، گەشتەکە ماوەى حەوت سەعات و چوار دەقە دەخایەنێت. هەموو رۆژێک لە کاتژمێر 8:40 دەقەى بەیانى گەشت ئەنجامدەدرێت، ئەمەش لەگەڵ ئەوەی بەماوەى گەشتەکە زۆر کەمتر دەکاتەوە هاوکات دەبێتە هۆکارى کەمبونەوەى رووداوى هاتوچۆ.

قەرار

ئەردۆغان: لە 81 پارێزگا فەرمانڕەوایی دەکەین
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا لە کۆبوونەوەەى فراکسیۆنى ئاک پارتى گوتى، لە کۆى ١٤٠٠ شارەوانیی، سەدا ٥٤ یان ئاک پارتیی بەڕێوەى دەبات. ئەوە خەونێکى گەورەیە بۆ ئەوانەى کە پێیان وایە ئاک پارتى لە هەڵبژاردنى ٣١ ى ئازار دۆڕاوە، تاوەکو ئێمە نەڵێین کۆتایی هاتووە، کۆتایی نایەت. ئێمە فەرمانڕەوایی لە تەواوى ٨١ پارێزگاى تورکیا دەکەین.

 

 

 

  رۆژنامە فارسییەکان

جەوان

هێزی ئاسمانی سوپا: ئەمجارە بە فڕۆکەی بۆمبڕێژکراوی سوخۆ 24 وەڵامێکی وێرانکەر دەدەینەوە

حەمید وەحیدی، فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئێران، لە پەراوێزی رێوڕەسمی رۆژی سوپای نیشتمانی، جەختی لەوە کردەوە کە هێزی ئاسمانی بە هاوکاری وەزارەتی بەرگری و هاوکاریی سوپا و ئەرکانی گشتی، لە هەموو کاتێک زیاتر ئامادەیە، ئەگەر دوژمن هەڵەیەکی ستراتیجی بکات، ئەوا گورزێک وەردەگرێت کە ناتوانێت قەرەبووی بکاتەوە.
ئەو گوتیشی، ئێمە لە هەموو روویەکی سەربازی و فڕۆکەوانیەوە 100٪ ئامادەین، چ بەرگری ئاسمانی و چ هێرشی فڕۆکەکانمان بێت، هەروەها ئامادەین بۆ هێرشی ئاسمانی بە تایبەت بە سوخۆ 24، و لێرەوە بۆ دوژمنانی ئێران پێشنیار دەکەم کە هەڵەیەکی ستراتیژی نەکەن، ئەو وەڵامەی کە سوپای پاسداران پێی داون بچووک بوو، پێشنیار دەکەم کارێک نەکەن کە ببێتە هۆی هێرشێکی گەورە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە.


ئەبرار

رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران: ئێران پیتاندنی زیاد دەکات
سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران بە ئاماژە بە قسەکانی رافائیل گرۆسی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی گوتی، ئەو دەڵێت ئێران پیتاندنی زیاد دەکات، بەڵام دەبێت جەخت لەوە بکرێتەوە کە ئەمە بەو مانایە نییە کە ئێران خاوەنی چەکی ئەتۆمییە.
محەممەد ئیسلامی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی دوێنێی شاندی حکومەت، بۆ رۆژنامەنووسانی راگەیاند، ئەو راپۆرتانەی گرۆسی یان بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەیخاتە بەردەم دەستەی پارێزگارەکان یان ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دوو بەشیان هەیە. بەشی یەکەم دەربارەی رێکەوتنی ئەتۆمیە و بەشەکەی تر پەیوەندی بە پاراستن و ئێن پی تى ەوە هەیە. لە کەرتی پاراستن و ئێن پی تى پەیوەندییەکی باش لە نێوان ئێران و ئاژانسدا هەیە و کامێرای ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی لەسەر ئێمەیە و چاودێری بەردەوام و زانیارییان لەسەر کارەکانمان هەمیشە لە ئاستێکی نوێدایە.

شەهروەند

لە تاران زیادکردنی کرێی میترۆ و پاس و تەکسی لە شەممەوە دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە
سەرۆکی کۆمیسیۆنی شارستانی و گواستنەوەی ئەنجومەنی ئیسلامی تاران وردەکاریی بەرزبوونەوەی نرخی میترۆ و پاس و تەکسی کە لە رۆژی شەممەوە جێبەجێ دەکرێت، روون کردەوە.
جەعفەر هاشمی سەبارەت بە رێژەی نوێی کرێی گواستنەوەی گشتی لە پایتەخت گوتی، “بە گوێرەی ئەم سیاسەتە گشتییە، کرێی چوونە ژوورەوە لە میترۆ لە ناوخۆی تاران تەنها 16٪ زیادی کردووە، بەجۆرێک ئەم زیادبوونی رێژەیە بەهۆی هەڵاوسانەوە سوودی بۆ خەڵک دەبێت.
بە تێکڕا نرخی پاسێکی ئاسایی بە بەراورد بە ساڵی رابردوو بەڕێژەی 30٪ بەرزبووەتەوە، هەروەها بینیمان نرخی پاسی توندئاژۆ بەڕێژەی 40٪ بەرزبووەتەوە، هەروەها زۆرترین بەرزبوونەوەی نرخ 45٪ بووە کە بۆ کرێی تەکسیە.

رادیۆ زەمانه

چەند کاتژمێر پێش هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، لاپەڕەی نوێی شەڕی حکومەت لە دژی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” لە ژێر ناوی “پلانی نوور” و لە ژێر بەڕێوەبردنی فەرماندەیی پۆلیسی ئێران دەستی پێکرد. هێزە جیاوازەکانی پۆلیس کە چاوەڕوان دەکرێت ئاسایشی خەڵک بپارێزن، وێڕای پشتگوێخستنی بەشی سێهەمی دەستوور، لە شەقامەکانی ئێران دەستیان کرد بە ترساندنی خەڵک. ئەوەش بە بیانووی “یاسای حیجاب” کە تەنانەت لە لایەن ئەنجوومەنی ئیسلامیشەوە پەسەند نەکراوە و لەلایەن ئەنجومەنی پارێزەرانەوە پێداچوونەوەی بۆ نەکراوە.
توندوتیژی سێ رۆژی سەرەتایی دەستپێکردنی ئەم پڕۆژەیە، دڕندەیی پۆلیسی حیجاب لە دژی خەڵکی ئاسایی نیشاندا. لە ماوەیەکی کورتدا گروپەکانی داکۆکیکاری ژنان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە هاشتاگی “جەنگ دژی ژنان” زریانێکی تویتەریان رێکخست

هەواڵی زیاتر

Back to top button