شەرقولئەوسەت: ئێران لەڕێگەی عێراقەوە چەک دەگەیەنێتە کەناری رۆژئاوا

رۆژنامە عەرەبییەکان…

عەرەبی جەدید: بایدن بە دەم لەگەڵ فەڵەستینییەکانە و بە کردەوەش لە گەڵ ئیسرائیل

گریگۆری میکس، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا و گەورە بەرپرس لە دیموکراتەکانی ئەمریکا بە سی ئێن ئێنی گوتووە، هێرشی هەڕەمەکی بۆسەر فەڵەستین بەسە، چیتر حەق نییە چەک و تەقەمەنی زۆر رەوانەی ئیسرائیل بکرێت تا نەزانرێت چۆن بەکاری دەهێنێت، ناکرێت چەکیان پێبدرێت و ئەوانیش بەبێ بەرنامە و هەڕەمەکی بەکاریبهێنن.

لە هێرشە هەڕەمەکییەکانی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزاندا، سێ کوڕی ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس و دەیەمین سەرۆکوەزیرانی فەڵەستین، کەوتنە بەرهێرشەکانی سوپای ئیسرائیل و پێکەوە کوژران، کاتێکیش هەواڵەکەیان پێدا کاردانەوەیەکی ئەوتۆی نەبوو، کە جیاوازی بکات لەنێوان کوڕەکانی خۆی و کوژراوە فەڵەستینیەکانی دیکەدا.

 

شەرقولئەوسەت: ئێران لەڕێگەی عێراقەوە چەک دەگەیەنێتە کەناری رۆژئاوا

ماسیۆ لیفیت، بەڕێوەبەری قەڵاچۆکردنی تیرۆر لە پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی واشنتن رایگەیاندووە، ئێران دەیەوێت کەناری رۆژئاوا پڕبکەن لە چەک و تەقەمەنی، ئەو چەکانەش دەکەونە دەستی گرووپە تاوانکارییەکان و کێشە بۆ وڵاتەکانی چواردەوریش دروستدەکەن.

چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە، ناردنی چەک بۆ کەناری رۆژئاوا دوو ساڵ دەبێت دەستی پێکردووە، هەرچەندە جۆر و قەبارەی چەکەکان نازانرێت، لەبەرئەوەی بەنهێنی ئەنجام دەدرێت، بەڵام وەک توێژینەوەکان دەریدەخەن زۆرینەیان چەکی بچووکن.

شەرقولئەوسەت سێ بەرپرسی ئێرانی و سێی ئیسرائیلی و سێی ئەمریکیشیان بۆ ئەو مەبەستە دواندووە، بەبێ ئەوەی ناو و پۆستەکانیان بڵاوبکاتەوە، هەموویان جەختیان لەوە کردووەتەوە بەشێکی زۆر لەو چەکانە لەڕێگەی عێراقەوە دەچنە سوریا و پاشان لوبنان، زۆرینەشیان لەڕێگەی گرووپی قاچاخچێتی و باندی تایبەتییەوە ئەنجام دەدرێن.

 

 

 

رۆژنامە فارسییەکان…

دیپلۆماسی ئێرانی: شەڕ لەگەڵ ئێران تاکە رێگەی نەتانیاهۆیە

هەرکات شەڕی غەزە کۆتایی هات و ئەنجامەکەی بە هەر شێوازێکیش بێت، کۆتایی ژیانی سیاسیی نەتانیاهۆ دەبێت. واتە دوای کۆتاییهاتنی شەڕی غەزە دوا لاپەڕەی کتێبەکەی ژیانی بنیامین ناتانیاهۆ لادەدرێت و تاهەتایە لە هەیکەلی سیاسی و دەسەڵاتی ئیسرائیل دوور دەخرێتەوە، بۆیە نەتانیاهۆ دەیەوێت شەڕ لەگەڵ ئێران فراوانتر بکات، دەزانێت تاکە رێگە بۆ دەربازبوون لە مەرگی سیاسی شەڕکردنە لەگەڵ ئێران.

رادیۆ زەمانە: ژیانی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت رۆژبەڕۆژ قورستر دەبێت

ساڵی تازەی کۆچی-هەتاوی لە نەورۆزەوە دەستی پێکردووە بەڵام حکومەت تا ئێستا ئەو یارمەتییەی بڕیوە کە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان ساڵانە وەک نەورۆزانە وەریاندەگرت و مووچەکەشیان کەمیکردووە.

هاوکات بەگوێرەی یاسای پاراستنی خاوەن پیداویستیی تایبەت، دەبێت حکومەت دەرماڵەی ژیان، کە یەکسانە بە کەمترین حەقدەستی کرێکاران و لەلایەن ئەنجومەنی باڵای کارەوە پەسەندکراوە، بدات بەو کەسانەی خاوەن پێداویستیی تایبەتن و بێکارن، بەڵام ئەم یاسایە لەئێستادا جێبەجێ ناکرێت و ژیانی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت رۆژبەڕۆژ قورستر دەبێت.

خەبەر ئۆنلاین: گەشتکردنی دەرەوەی وڵات بۆ کەسانێک حیجابیان نییە قەدەغە دەکرێت

ئەندامێکی کۆمیسیۆنی پێداچوونەوە بە پڕۆژەیاسای حیجابی ئێران دەڵێت، هەرکەسێک سەرپێچی لە یاسای حیجاب بکات لەو خزمەتگوزارییانەی لە وڵاتدا وەریدەگرێت بێبەش دەکرێت، یەکێک لەو خزمەتگوزارییانەش گەشتی دەرەوەی وڵاتە، کە رێگەی پێنادرێت.

لە کاتێکدا حکومەت توندوتیژیی سەبارەت بە حیجاب زیاد دەکات، هێشتا پڕۆژەیاسای حیجاب لەنێوان پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزەران ئاڵوگۆڕی پێدەکرێت و دەگەڕێتەوە و هێشتا پەسەندکردنی دواین یاسا بۆ حیجاب لە پەرلەمانی ئێران یەکلایی نەکراوەتەوە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان: بانگەواز بۆ راگرتنی لەسێدارەدان

82 رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران و نێودەوڵەتی بانگەوازێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و خوازیاری ئەوەن هاوکارییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لەگەڵ ئێران بە مەرجی راگرتنی لەسێدارەدانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان بەردەوامی هەبێت.

لە بانگەوازەکەدا هاتووە، “ئەگەر ئێمە تێچووی لەسێدارەدانەکان بۆ کۆماری ئیسلامی بەرزنەکەینەوە، ترسی ئەوە هەیە لە چەند مانگی داهاتوودا سەدان کەس بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لەسێدارە بدرێن، زۆرینەی ئەو کەسانە چینی هەژارن و لەسەر ناچاری و بێکاری دەستیان بە کڕین و فرۆشتنی مادەی هۆشبەر کردووە”.

 

رۆژنامە تورکییەکان…

سۆزجو: سیمای ئیستەنبوڵ تێکچووە

لە رۆژانی جەژندا ملیۆنان ئیستەنبوڵی بۆ گەشت و گەڕان سەردانی پارێزگاکانی دیکەیان کردووە و ئیستەنبوڵ بۆ پەنابەرەکان ماوەتەوە. لە رۆژانی جەژندا لە مەیدانی سوڵتان ئەحمەد، هەزارەها پەنابەری سووری و ئەفغانی کۆبوونەوە، سیمای ئیستەنبوڵ گۆڕاوە، مرۆڤ سەری لێشێواوە و کاتێک ئەمانە دەبینێت دەپرسێت ئێرە کوێییە.

جمهوریەت: لە ماوەی هەفتەیەکدا 17 رووداوی کوشتن هەبووە

تادێت توندوتیژی و رووداوی کوشتن لە تورکیا زیاد دەبێت، توندوتیژی گەیشتووەتە نێو خێزانەکان، لە ماوەی هەفتەیەکدا 17 کەس بە چەک کوژراون، زۆربەی قوبانییەکانیش ژنن. پسپۆڕان هۆشداری لەسەر زۆربوونی رووداوەکان دەدەن و ئاماژە بەوەشدەکەن یاساکان بۆ سزادانی تاوانباران توند نین.

حوڕییەت: ئەردۆغان پیرۆزبایی لە سەرکەوتنی جەهەپە دەکات

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بۆ یەکەمجار جەژنە پیرۆزەی لە ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکی جەهەپە کرد و هاوکات لە پەیوەندییەکەدا ئەردۆغان پیرۆزبایی سەرکەوتنی جەهەپەی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کردووە. ئەردۆغان بەدەر لە دەم پارتی و پارتی رەفای نوێ، بەمەبەستی جەژنە پیرۆزە تەلەفۆنی بۆ سەرۆک پارتی سیاسییەکانی دیکە کردووە.

یەنی شەفاق: تیرۆری سپی لە تورکیا لە زیادبووندایە

تادێت ژمارەی ئەو کەسانەی بە رووداوی هاتوچۆ گیان لەدەست دەدەن روو لە زیادبوون دەکات. لە چوار رۆژی رابردوودا بەهۆی پشووەکانی جەژنەوە، لە سەرتاسەری تورکیا ژمارەی ئەو کەسانەی  بە رووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ٢٦ کەس و سێ هەزار و ٨٧٠ کەسی دیکەش بریندار بوون. هەر لەو ماوەیەشدا دوو هەزار و ٤٥٣ رووداوی هاتوچۆ روویانداوە.

 

رۆژنامە ئینگلیزییەکان…

 

دەیلی مەیل: لافاوێك پوولی پۆستەی قەڵبی چینی بەریتانیای گرتووەتەوە

کاری چەند کۆمپانیایەکی ساختەکردن وایکردووە ژمارەیەکی زۆر خەڵکی بەریتانی هەریەکەی پێنج پاوەن زیان بکەن. لە چینەوە بە هەزاران پوولی پۆستەی قەڵب براونەتە نێو بەریتانیا، بەم پوولانە پۆستەی پووچ و بێبنەما دەبرێن بۆ هاووڵاتیانی بەریتانیا و لە بەرامبەر وەرگرتنی هەر پۆستێکدا پێنج پاوەنیان لێ وەردەگیردرێت و پۆستەکەش هیچی تێدانییە.

دوێنێشەو فەرمانگەی پۆستەی پادشایی بانگەوازی کرد و داوایکرد لێکۆڵینەوەیەک لەمبارەیەوە دەست پێبکرێت و ئەم کارەی ناونا شەڕێکی ئابووری و گوتی، وڵاتێک لەوپەڕی ئاسیاوە لەپشتی دروستبوونی ئەم گێچەڵەوەیە، چونکە پوولەکانی لە شوێنێکی فەرمییەوە کڕدراون، بەڵام پوولەکان ساختەن و هیچ بنەمایەکی ئابووری و یاساییان نییە.

تایمز: بایدن بڕیاردەدات واز لە کەیسی دادگاییکردنەکەی جولیان ئاسانج بهێنێت

بایدن ئاماژە بەوەدەدات لەسەر داوای حکومەتی ئوسترالیا، ئەمریکا واز لەو سکاڵایە دەهێنێت لە دژی جولیان ئاسانج تۆماری کردووە و داوای دادگاییکردنی دەکات. چەند ساڵە واشنتن بەردەوامە لە راوەدوونانی جولیان ئاسانج و دەیەوێت دەستگیری بکات و رووبەڕووی یاسای بکاتەوە، لەسەرئەوەی ئاسانج توانیویەتی دەستی بگات بە چەندان بەڵگە و دۆکیومێنتی نهێنیی بواری سەربازی و هەواڵگریی ئەمریکادا و بڵاویشیان بکاتەوە.

واشنتن پۆست: ئێران نزیکبووەتەوە لەوەی ببێت بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی

تاران گەشتووە بەوەی بەسەر لەمپەرەکانی بەردەمیدا زاڵ ببێت و پێکهاتەکانی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی کۆبکاتەوە. لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا هەموو جموجووڵەکانی ئێران لە بواری بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمیدا زۆر بەنهێنی و شاردراوەیی بووە. هەموو کارەکانی لەنێو کارگەیەکی نێو شاخێکدا ئەنجامدەدا، کە دەکەوێتە کەناری ناوچەیەک پێی دەگوترێت بیابانی گەورەی خوێ. ئەو کارگە و ناوەندە بە ناوی “فەردا” ناسراوە. شوێنەکە زۆر بەتوندی پارێزراوە و دامەزاروەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران لەوێدایە.

ئۆرشەلیم پۆست: واشنتن مکووڕە لەسەرئەوەی وەک قەڵغانی پاراستنی ئیسرائیل بمێنێتەوە

رۆژی چوارشەممە بایدن هۆشداری دا بە ئێران لەوەی سووربوونی واشنتن لەسەر پاراستنی ئیسرائیل وەک قەڵغانێکی پۆڵایین وایە. ئەم لێدوانەی بایدن وەڵامێکە بۆ ئەو هەڕەشەیەی تاران کە گوتوویەتی، خۆی دەزانێت چۆن سزای ئیسرائیل دەدات لەسەر ئەو هێرشانەی کردییە سەر کونسڵگەرییەکەی ئێران لە دیمەشق و چەند کەسێکیشی کوشت. بایدن گوتوویەتی لە ئێستا و داهاتووشدا هەرچییان لەدەست بێت دەیکەن بۆ ئەوەی ئاسایشی ئیسرائیل بپارێزن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button