توێژینەوەیەک: خوێندن و فێربوون پیری دوادەخەن

زووم…

 

روسییەکان دەڵێن، “تا کۆتایی بژی، تا کۆتایی فێربە”، مەبەستی پەندەکەیان ئەوەیە زانین سنووری نییە و پیرییش رێگر نییە، بەڵام دەکرێت بەهۆی توێژینەوەکەی زانکۆی کۆڵۆمبیاوە پەندەکە پێچەوانە بکەینەوە و بڵێین، “تا کۆتایی فێربە، تا کۆتایی بژی”.

زانایانی بەشی تەندروستیی گشتی لە زانکۆی کۆڵۆمبیا لە ئەمریکا توێژینەوەیەکی درێژخایەنیان ئەنجامداوە، بەگوێرەی ئەنجامەکان، خوێندن و فێربوون دەتوانن هاتنی پیری بە رێژەی لەسەدا دوو بۆ سێ دوابخەن.

توێژینەوەکە ناوی “فرامینگهام هارت ستەدی”ـیە و لە ساڵی ١٩٤٨ـەوە دەستیپێکردووە، ١٤ هەزار و ١٠٦ کەس لە سێ نەوەی جیاواز وەک نموونەی توێژینەوەکە وەرگیراون.

بەگوێرەی ئەو لێکۆڵینەوانەی لە گۆڕانی جەستەیی بەشداربووەکان لە کاتی تێپەڕبوونی تەمەن روویداوە، دەرکەتووە ئەو کەسانەی لە خوێندن دانەبڕاون و ماوەیەکی زیاتر خوێندویانە، درەنگتر نیشانەکانی پیربوون لەسەریان دەرکەوتووە.

هەر بەگوێرەی دەرەنجامەکانی توێژینەوەکە، بەردەوامبوون لە خوێندن و فێربوونی بابەتی تازە دەبێتە هۆی تەمەندرێژی و خاوبوونەوەی هاتنی نیشانەکانی پیری.

توێژینەوەکە دەریخستووە، خوێندن و درێژەدان بە ژیانی ئەکادیمی، یارمەتیی کەسەکە دەدات ژیانێکی تەندروست و جێگیرتری هەبێت بەراورد بەو کەسانەی لە خوێندن دادەبڕێن.

لە توێژینەوەکەدا زیاتر سەرنج خراوەتە سەر پیربوونی بایۆلۆجیی خانەکانی لەشی مرۆڤ کە بەگوێرەی تێپەڕبوونی کات و گەورەبوونی تەمەن، بەهێزی و توانای بەرگەگرتنیان لەدەست دەدەن.

پێشتریش زانکۆی هارڤارد لە ساڵی ٢٠١٦ لە توێژینەوەیەکدا بۆی دەرکەوتبوو، خوێندن توانای هزریی مرۆڤ بەهێز دەکات و وەک چۆن جەستە بە راهێنان بەهێز دەبێت، بە هەمان شێوەش مێشکی مرۆڤ بە خوێندن و فێربوونی بابەتی تازە بەهێز دەبێت و تواناکانی باشتر دەبن.

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button