لەبارەی سەردانەکەی سودانی بۆ ئەمریکا و ئەردۆغان بۆ عێراق، لێکتێگەیشتن لەنێوان بەغداد و هەولێر هەیە

 زووم:

رۆژنامە عەرەبییەکان

زەمان:

لەبارەی سەردانەکەی سودانی بۆ ئەمریکا و ئەردۆغان بۆ عێراق، لێکتێگەیشتن لەنێوان بەغداد و هەولێر هەیە
بەغداد و هەولێر دەڵێن، هەندێک لێکتێگەیشتن و رێککەوتنی تازەی زیاتریان بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان لەسەر بنەمای دەستوور بەدەستهێناوە. ئەم بەرەوپێشچوونانە دوای کۆبوونەوەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیران و ئەنجومەنی ئیدارەی دەوڵەت و چوارچێوەی هەماهەنگی و لەتیف رەشید سەرۆککۆمار و نێچێرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی هات.
نێچێرڤان بارزانی گەشتە بەغداد و هەندێک دیدار و کۆبوونەوەی ئەنجامدا، چەند سەرچاوەیەک سەردانەکەی بە سەرکەوتوو ناودەبەن و دەڵێن، چوونی ئەو بۆ بەغداد گوزارشتکردنە لە نیازی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ بەغداد.


عەرەب:

ئەردۆغان بە هێرشی سەربازی بۆسەر هەرێمی کوردستان قەرەبووی شکستی حزبەکەی دەکاتەوە
حزبەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا شکستی هێنا. خەڵکی چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان ترسی ئەوەیان هەیە، ئەردۆغان بۆ قەرەبووی شکستەکەی، خێراتر دەست بە ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی سەربازی لە هەرێمی کورستان و رۆژئاوای کوردستان بکات.

عەرەبی جەدید:

داوای دەرکردنی بارەگای گرووپە چەکدارەکان لە موسڵ دەکرێت
تادێت سکاڵای دانیشتووانی موسڵ بۆ دەرکردنی بارەگا و سەربازگەی گرووپە چەکدارییەکان و سوپای عێراق لە شارەکە زیاددەکات. بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەک لە پارێزگای نەینەوا، لە دیارترین گرووپە چەکدارەکانی عێراق کە لە موسڵ بارەگایان هەیە، عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتائیبی سەید شوهەدا و حزبوڵا و نوجەبا و بەدرن.


سەباح:

تا ساڵی ٢٠٣٠ عێراق بەرەو بەکارهێنانی وزەی تازەبووەوە هەنگاودەنێت
سەرباری ئەوەی عێراق بەتەواوەتی پشتی بە نەوت و پیشەسازیی نەوت بەستووە، بەڵام ئەمە بووەتە هۆی زیادبوونی رێژەی پیسبوونی ژینگەی عێراق بەهۆی ئەو گازە زیانبەخشانەی لە بەرهەمهێنان و دەرهێنانی نەوتەوە دروست دەبن، ئەوە جگە لە بەرهەمهێنانی کارەبا، کە یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگەی عێراق.
عێراق هەموو هەوڵێک دەدات تا ساڵی ٢٠٣٠ ئەم رێژەیە تێبپەڕێنێت و بچێتە سەر رێگەی بەکارهێنانی وزەی تازەبووەوە و لەم ڕێگەیەوە رێگری لە زیاتر پیسبوونی ژینگەی وڵاتەکە بکات.

  رۆژنامە ئینگلیزییەکان

ئۆرشەلیم پۆست

ئێمە ناتوانین دەست لە بەبارمتەگیراوەکانمان هەڵبگرین

لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە تائێستا شەش مانگ بەسەر گیران و دەستبەسەرکردنی بارمتەکاندا تێدەپەڕێت و شەوی یەکشەممە دەیان هەزار کەس لە هاووڵاتیانی ئیسرائیل لەبەردەم بینای کنێستدا کۆبوونەوە و داوایان کرد بارمتەکان ئازادبکرێن. ئەم خۆپیشاندانانە بەهۆی ئەوەوە بوو، کە شەش مانگی تەواو بەسەر دەستبەسەرکردنی ئەو کەسانەدا تێپەڕی کردوە.
کەسوکاری بارمتەکان کۆنووسێکیان دابە کنێست و تێیدا نووسیبوویان نیوەی ساڵێک تێپەڕی و تائێستا ١٣٣ کەس لە خزمان و کەسوکارمان لەلای حەماسن و ئەشکەنجە دەدرێن، دەبێت کارێک بکەن هەموویان ئازادبکرێن.

عەرەب نیوز

تەقینەوەیەک لە باشووری سوریا روویدا و ١٧ کەس کوژران

چاودێرێکی بواری جەنگی دەڵێت، رۆژی یەکشەممە لە پارێزگای درعا لە باشووری سوریا تەقینەوەیەک روویداوە، بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر منداڵ کوژراون.
ساڵی ٢٠١١ درعا لانکەی ئەو راپەڕینانە بوو، کە خەڵکی پارێزگاکە لە دژی حوکمی بەشار ئەسەد دەربڕینی ناڕەزایی و خۆپیشاندانیان دەستپێکرد. بەڵام بەهۆی ناوەندگیریکردنی وڵاتی روسیاوە لە ساڵی ٢٠١٨ ـدا ئاگربەستێک هاتەئاراوە و بەوهۆیەوە هێزەکانی حکومەتی سوریا توانییان بگەڕێنەوە نێو پارێزگاکە. لەوکاتەوە تائێستا رەوشی ئەمنیی ئەم پارێزگایە هەرگیز ئارام نەبووە، شەپۆلی کوشتنی خەڵک و ململانەکان هەر درێژە و بەردەوامییان هەیە، بۆیە ژیان لەوێ زۆر قورس بووە.

واشنتن پۆست

بە ددانپێدانانی زۆر کەس شۆفێرە ئەلیکترۆنییەکەی تێسلا سەرکەوتووە

لەنێو ئەو کەرەستە پێشکەوتووانەدا، کە تێسلا بۆ مەبەستی پێشخستنی ئاستی فرۆشی خۆی دروستیکردوون خەڵک ستایشی سیستمی شۆفێریکردنە ئەلیکترۆنییەکەی دەکەن و دەڵێن، ئەوە دەستکەوتێکی تەکنەلۆژیی نایابە و چەندان کامیرای پێشکەوتو و ئامێری هەستەوەر و کۆمپیتەری تێدا بەکاردەهێنرێت. بۆئەوەی بە نەرمی ئۆتۆمبێلەکە لێبخوڕێت و لەکاتی پێویستیشدا بە ئاسانی رابوەستێت یان هێڵی رۆشتنەکەی خۆی بگۆڕێت. کاتێک ئەو سیستمە دەکەوێتە کار ئیتر تۆی سەرنشین یان شۆفێر ناچار نابیت بۆ ماوەی زۆر لە پشتی ئۆتۆمبێل و گەڵابە خاوەکانەوە بڕۆیت. لە سەر هەر شەقامێک هێڵی رۆشتن بە خەتی روون جیاکرابێتەوە، ئەم ئۆتۆمبێلە هێڵی رۆشتنی خۆی دیاریدەکات و لێی لانادات.

 

فاینەنشیەڵ تایمز

نرخى خۆراک لە وڵاتە دەوڵەمەندەکاندا بۆ ئاستى پێش جەنگى ئۆکراین دادەبەزێت

گرانیی بەهای خۆراک لەنێو وڵاتە دەوڵەمەندەکاندا بەشێوەیەک دابەزیوە، کە لەپێش جەنگى ئۆکراین لەلایەن سوپای روسیاوە تائێستا بەوشێوەیە نزم نەبووەتەوە. بەمەش ئەو پەستانانە کەم بونەتەوە کە لەسەر خەڵکانی خاوەن ماڵ لە دووساڵی رابوردوودا دروست بوبو. لەنێو ٣٨ وڵاتی پێشکەوتو و پیشەسازیی جیهاندا نرخی کڕینی مادە خۆراکییەکان بەرێژەی لەسەدا پێنج پۆینت سێ دابەزییوە. ئەم دابەزینەی ئێستا لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ـەوە بێوێنە بووە.

 رۆژنامە تورکییەکان

میللییەت

لە دوو رۆژى پشووى جەژندا نۆ کەس گیانیان لەدەستداوە و 1047 کەس برینداربوون

عەلى یەرلیقایا، وەزیرى ناوخۆى تورکیا رایگەیاند، لە دوو رۆژى پشووى جەژنى رەمەزاندا، 651 رووداوى هاتوچۆ لەسەرتاسەرى تورکیا رویانداوە. نۆ کەس گیانیان لە دەستداوە و 1047 کەس برینداربوون. ئەمە لە کاتێکدایە حکومەتى تورکیا نۆ رۆژ پشووى بۆ جەژنى رەمەزان راگەیاندووە.

حوڕییەت

لە دوزجە عەزڕایل هۆشداریی بە شۆفێران دەدات
رەسول گول گەنجێکى شارى دوزجەیە، لەسەر رێگەى سەرەکى شارەکە بە لەوحەیەکەوە وەستاوە شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێت، هێواش بڕۆن، ئیشم بۆ مەدۆزنەوە. لە لەوحەکەیدا حەوت ئاگادارى بۆ شۆفێران نووسیوە، لەوانەش شۆفێران ئاگادارەکاتەوە هێواش شۆفێرى بکەن، پشتێنى سەلامەتى ببەستن.

ئایدنڵک

جەژن رۆژێکى تایبەتە لە تورکیا
جەژنی رەمەزان یەک لە خۆشترین رۆژەکانە لە تورکیا، خەلک لەو رۆژەدا جوانترین پۆشاکەکانیان دەپۆشن، شەقام و کۆڵانەکان پڕ دەبن لە خەڵک، بچوکەکان سەردانى گەورەکان دەکەن و جەژنانە وەردەگرن. جەژن دەرفەتێکە بۆ ئاشتبونەوەى دڵە لەیەک زویربوەکان. ئەمە ئەو نەریتەیە کە کۆمەڵگەى تورکی دەمێە تامەزۆریەتى.

سۆزجو

لە هەتاى سێ هەزار و 389 هەزار مردوو دەنگیان داوە!
لەسەر هەڵبژاردنى شارەوانییەکانى 31ـى ئازار، جەهەپە تانەى لە ئەنجامەکانى پارێزگاى هەتاى گرتووە، سەرەڕاى ئەوەى تائێستا دەستەى باڵاى هەڵبژاردن بڕیارى لەسەر تانەکەى جەهەپە نەداوە، کەچی بەڵگەنامەى دەستبەکاربوون بە کاندیدەکانى ئاک پارتى دراوە. جەهەپە داوا دەکات لەو پارێزگایە دەنگەکان هەژمار بکرێنەوە، یاخوود هەڵبژاردن ئەنجام بدرێتەوە. لەکاێکدا جەهەپە ئەوەشی راگەیاندووە لە هەڵبژاردنەکە لە هەتاى سێ هەزار و 389 هەزار کەس دەنگیان داوە کە لە کارەساتى بومەلەرزەکەی شوباتى پاردا گیانیان لەدەستداوە.

 رۆژنامە فارسییەکان

ئەبرار

رۆژی چوارشەممە لە ئێران جەژنی رەمەزانە
ئەندامی دەستەی دۆزینەوەی مانگ لە نووسینگەی رێبەری ئێران رایانگەیاند،
رۆژی چوارشەممە جەژنی رەمەزانە و ئێوارەی رۆژی سێشەممە مانگی هیلال بە چاوی خەڵکی ئاسایی دەبینرێت.
هەروەها نوێژی جەژنی رەمەزان لە مزگەوتی تاران لە لایەن خامنەیی و بە ئامادەبوونی خەڵک بەڕێوە دەچێت.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لەم رۆژانەدا ئیسرائیل دژی فەلەستین و کوشتنی فەرماندەکانی ئێران لە دیمەشق کردوویەتی، ئەم جەژنە بە گوتاری خامنەیی دەستپێدەکات، کە پشتیوانی لە فەلەستین پیشان دەدات.

تەجارەت

رزگارکردنی ژیانی 3500 کەس بە زیادکردنی بڕی غەرامەی هاتوچۆ
زیادکردنی رێژەی غەرامە دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە لە نێوان سێ بۆ 3500 قوربانی لە رووداوەکانی هاتوچۆدا کەمتر دەبێتەوە.
لە ئێران ساڵانە نزیکەی 20 هەزار کەس بە رووداوی هاتوچۆ گیان لەدەستدەدەن، ئەمەش ئامارێکی دڵتەزێنە و بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوە و ئەزموونی پۆلیس، زیادکردنی غەرامە دەتوانێت ساڵانە ژمارەی گیانلەدەستدان لە رووداوەکاندا بە رێژەیەکی بەرچاو نزیکەی سێ هەزار کەس کەم بکاتەوە.
هەر بەو هۆیەشەوە فەرماندەی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران لە چەند رۆژی رابردوودا رایگەیاند کە رێژەی غەرامەی هاتوچۆ لە ئەمساڵدا 500 هێندە زیاد دەکات و دوای راگەیاندنی ئەو بڕیارە یەکسەر جێبەجێ دەکرێت.

جمهوری ئیسلامی

بەهای تومەنی ئێرانى دادەبەزێت و دۆخی ژیانی خەڵکیش ناڵەبارتر دەبێت

لە کۆبوونەوەیەکدا نوێنەران رەخنەیان لە تیمی ئابووریی حکومەت گرت و هۆشدارییان دا سەبارەت بە دۆخی پشێوی بازاڕ و داوایان لە سەرۆککۆمار کرد لێپرسینەوە لە کەمبوونەوەی توانای کڕینی خەڵک بکات.
نوێنەران دەیانەوێت حکومەت رێکارەکانی رابردوو بگۆڕێت، چونکە بەپێچەوانەی ئەو بەڵێنانەی دراون و ئەو کارانەی کراوە، هێشتا خەڵک ناڕەزایەتی دەردەبڕن و سیاسەتە ئابوورییەکانی ئیبراهیم رەئیسی هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر سفرەی خەڵک نەبووە.

روزگار

لە ساڵی رابردوودا 231 گوندی پارێزگای کرماشان غازیان بۆ دابینکراوە

ساڵی رابردوو غاز بۆ ٢٣١ گوندی پارێزگای کرماشان دابینکراوە و لە ئێستادا کۆی ئەو گوندانەی پارێزگاکە کە بۆری غازیان هەیە گەیشتووەتە زیاتر لە دوو هەزار و ٢٥٠ گوند و ژمارەیەکی کەم لە گوندەکان بەهۆی تێچووی زۆر بەرزی دابینکردنی غاز یان کەمی دانیشتووانەوە، دابینکردنی غازیان بۆ نەکراوە.
هەروەها ئێستا دابینکردنی غازی شارەکان لەو پارێزگایەدا گەیشتووەتە سەد لەسەد و هیچ شارێک نییە کە لە پارێزگاکەدا غازی بۆ نەکێشرابێت.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button