فرۆشتنی ئەندامانی جەستە لە ئێران زیادی کردووە

 

زووم:

کەسانێک ئومێدیان بە بازاڕی کار نەماوە و بە خوێندنی باڵاش دڵخۆش نین، ئێستا لە ریکلامەکاندا بە دوای کڕیاردا دەگەڕێن بۆ ئەوەی ئەندامێک لە جەستەیان بفرۆشن!

بەگوێرەی راپۆرتی تەجارەت نیوز، بەهۆی هەژارییەوە، رۆژ لە دوای رۆژ فرۆشتنی گورچیلە زیاد دەکات و لە ئێستادا کڕینی ئەندامەکانی جەستە لە ئێران کارێکی قورس نییە، لە دەوروبەری هەندێک نەخۆشخانە و سەنتەری پزیشکی، دەتوانیت ریکلامی کڕینی گورچیلە بدۆزیتەوە.

لە سەر دیواری کۆڵانەکان و ماڵپەڕە ئێرانییەکان جگە لە گورچیلە ریکلامی فرۆشتنی جگەر، مۆخی ئێسک، گلێنەی چاو، پلازمای خوێن و قژ لە زیادبووندایە، لە هەندێک ریکلامدا “بەپەلە”ـی بۆ دەنووسن.

جۆرێکی دیکەی ریکلام بە شێوەی ئۆنلاینە، فرۆشیار و کڕیاری ئەندام لە شارە جیاوازەکانەوە بە شێوەی ئۆنلاین یەکدی دەدۆزنەوە، ناوی شارەکەیان لە ریکلام دەنووسن، نرخەکان کەمترن لە رێژەی جیهانی، بۆ نموونە نرخی گورچیلە نزیکەی ٥ هەزار دۆلارە، بۆیە نەخۆشەکان لە وڵاتانی دەرەوە دەچنە ئێران بۆ کڕینی ئەندام.

فرۆشیار و کڕیاری گورچیلە دەبێت بەڵگەنامەی پزیشکیان پێبێت تا پرۆسەی گورچیلە فرۆشتنەکە ئەنجام بدرێت و نەشتەرگەرییەکە بە بە شێوەی یاسایی بکرێت، دواتر پێویستە هەردوولا ناوی خۆیان لە کۆمەڵەی پشتیوانیی نەخۆشانی گورچیلە تۆمار بکەن و بەڵگەنامەی پێویست پێشکەش بکەن، کۆمەڵەکە مۆڵەت لە وەزارەتی تەندروستی وەردەگرێت بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری و ئاگاداریان دەکاتەوە، دوای ئەوە نەشتەرگەری دەکرێت.

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٢ـدا، ٤٢٠ حاڵەتی چاندنی گورچیلەی زیندوو لە ئێران ئەنجامدراوە.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button