وەزیری پێشووتری بەرگریی عێراق لە سوید دەستگیرکرا

 زووم:

ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشییەیتد پرێس رایگەیاند، وەزیری پێشووتری بەرگریی عێراق بە تۆمەتی وەرگرتنی هاوکاری بە شێوەی نایاسایی لە فڕۆکەخانەی ستۆکهۆڵم دەستگیر کرا.

ئەسۆشییەیتد پرێس لە زاری بەرپرسانی سویدەوە دەڵێت، نەجاح شەمەری، وەزیری پێشووتری بەرگریی عێراق، سەرباری ئەوەی چەندین ساڵە گەڕاوەتەوە بۆ بەغداد و لەوێ ژیاوە، بەڵام هاوکاریی دارایی ماڵ و منداڵی لە سوید وەرگرتووە.

شەمەری، هەڵگری هەر دوو ناسنامەی عێراقی و سویدییە و بە گوێرەی رۆژنامەی “ئێکسپرێسن”ـی سویدی، لە ساڵی 2011 لە سوید نیشتەجێ بووە و لە ساڵی 2015 ناسنامەی ئەو وڵاتەی لەگەڵ هاوسەرکەریدا وەرگرتووە.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرباری گەڕانەوەی بۆ عێراق، شەمەری چەندین ساڵە بە شێوەیەکی نایاسایی بەردەوامە لە وەرگرتنی هاوکاری لە حکومەتی سوید.

شەمەری، لە سەردەمی کابینەی عادل عەبدولمەهدیدا، وەزیری بەرگریی عێراق بوو.

ئاژانسی ئەسۆشییەیتد پرێس ئاماژەی بەوەش داوە، یەنس نیڵسن، داواکاریی گشتیی سوید بە تەلەڤزیۆنی SVTـی گوتووە شەمەری ماوەی ساڵ و نیوێکە لەلایەن دادگاوە داواکراو بووە و رۆژی دووشەممە لە فڕۆکەخانەی ستۆکهۆڵم دەستگیر کراوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button