ئیسرائیل لەبەر هۆکاری دارایی جەنگی سەر غەزە رادەگرێت

ئیسرائیل کاتێک لە 7ی ئۆکتۆبەر هێرشی سەر غەزەی دەستپێکرد، پێی وابوو لە ماوەیەکی کورتدا گروپە چەکدارەکانی فەلەستین تێکدەشکێنێت، بەڵام بەرگریی ئەو گروپانە پێچەوانەی پێشبینییەکان بوون و جەنگ درێژەی کێشا و خەرجیش لەسەر ئیسرائیل زیادی کرد.

ئیسرائیل لە ماوەی جەنگی غەزەدا ئامانجی ستراتیژی نەپێکا و درێژبوونەوەی ماوەی جەنگەکە زیانی سەدان ملیۆن دۆلاری بە ئیسرائیل گەیاند، کە بۆ هێرش و بەرگری خەرجی کردووە، ئەمە جگە لەوەی بەهۆی گەڕاندنەوەی سەربازانی یەدەگ خەرجییەکی زۆری دیکەی کەوتووەتە ئەستۆ.

بەپێی خەمڵاندنەکان، ئەگەر جەنگی سەر غەزە بۆ ماوەی 8 مانگ یان ساڵێک بەردەوام بێت، ئەوا ئیسرائیل 51 ملیار بۆ 60 ملیار دۆلار زیانی بەردەکەوێت، ئەم ژمارەیەش نزیکەی لە %10ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتەکە پێکدەهێنیت.

هۆکارەکانی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن ئیسرائیلەوە

 

خەرجی سەربازانی یەدەگ:

کاتێک جەنگ دەستی پێکرد، ئیسرائیل 400 هەزار سەربازی یەدەگی بانگهێشتی جەنگی غەزە کرد، ئەم ژمارە زۆرە بەتەنها نەبووە بارگرانی بۆ بودجەی بەرگری ئیسرائیل بەڵکو بووبە بارگرانی بۆ ئابوریی وڵاتەکەیش.

رۆژنامەی ” واشنتن پۆست”ی ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیل رایگەیاند، تەلئەبیب لەو باوەڕەدا بووە جەنگی سەر غەزە سێ مانگ دەخایەنێت، چونکە ئەگەر زیاتر بخایەنێت، ئەوا بەهۆی ژمارەی زۆری سەربازی یەدەگەوە ئابوری ئیسرائیل دادەڕمێت.

بە زمانی ژمارە، سەربازانی یەدەگ بری 1.3 ملیار دۆلاریان وەک موچەی مانگانە پێویستە، بەڵام زیانەکە هەر ئەمە نییە، بەڵکو بەهۆی ئەوەی ئەم سەربازانە بانگهێشت کراونەتەوە و لە کەرتەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاریی هەمەجۆر نەماون، بازاڕی کاری ئیسرائیل هەموو هەفتەیەک 1.2 ملیار دۆلار زیانی بەردەکەوێت، بۆیە ئیسرائیل لە چەند رۆژی رابردوودا بەشێک لەو سەربازانەی کێشایەوە، بەبێ ئەوەی هیچ بەیاننامەیەکی فەرمی لەو بارەیەوە بڵاوبکاتەوە.

 

خەرجی بەرگری:

هۆکاری دووەم کە ئیسرائیلی ناچار بە ئاگربەست کرد، خەرجیی زۆری بەرگری بوو، کە رۆژانە زیاتر لە 260 ملیۆن دۆلارە، لەگەڵ بەردەوامی جەنگیشدا خەرجییەکان زیاتر دەبوون. لەو بارەیەوە ئاژانسی بلومبێرگ هۆشداری ئەوەی دا کە ئەو خەرجیە زیاتر دەبێت، ئەمەش فشار لەسەر داهاتی گشتی زیاتر دەکات، هەروەها بەپێی لێکدانەوەکان ئیسرائیل تاوەکو ئێستا 10 بۆ 12 ملیار دۆلاری خەرج کردووە.

رۆژنامەی ” کالکالیست”ی ئیسرائیلی لە راپۆرتێکیدا بڵاویکردووتە کە  نیوەی خەرجی جەنگی سەر غەزە بۆ بەرگری دەڕوات کە نزیکەی 25 ملیار دۆلارە، ئەمە لە کاتێکدایە زیانەکانی سەرچاوەکانی داهات 16 ملیار دۆلارە، هەروەها نزیکەی 5 ملیاریش بۆ قەرەبووی کۆمپانیاکان دەڕوات، 5 ملیاری دیکەش بەهۆی دووبارە ئامادەکردنەوە زیانی پێدەگات.

 

کورتهێنانی ئابوری:

بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەو خەرجیە زۆرە و لێکەوتەکانی لەسەر لایەنی ئابوری و کۆمەڵایەتی، تەلئەبیب ناچار بووە بڕی 6 بۆ 8 ملیار دۆلار قەرز بکات، بۆ ئەوەی ئەو کورتهێنانە چارەسەر بکات، کە تەنها لە مانگی ئۆکتۆبەردا 6 ملیاری قەرز کردووە.

چاوەڕوانیش دەکرێت، ئیسرائیل لەم مانگەدا قەرزی زیاتر بکات، هەروەک چۆن بنیامین ناتانیاهۆ رایگەیاند بۆ جەنگ پێویستمان بە خەرجیی زیاترە.

بەگوێرەی راپۆرتەکانی  ئاژانسی ستاندارد ئاند پوەرز، بەرهەمی ناوخۆیی ئیسرائیل لە چارەکی کۆتایی ئەمساڵ بە رێژەی %5 داکشان بەخۆیەوە دەبینێت، ئەمە لە کاتێکدایە بانکی “جەی پی مۆرگان” پێشبینی دەکات ئاستی داکشانەکە بگاتە لە %11.

لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی مۆدێرز ڕایدەگەیەنێت داکشانی ئابوریی ئیسرائیل لە ساڵی داهاتوودا دەبێتە 1.5%، هەروەها لە ماوەی جەنگیشدا لە 18%ی کارمەندانی کار لەسەر کار نابن، پێشبینی ئەوەش دەکات کورتهێنانی ئابوری لە ساڵی داهاتوودا بگاتە لە 3%. هەروەها رۆژنامەی ” فایننشاڵ تایمز”ی بەریتانی پێشبینی دەکات کورتهێنانی ساڵی داهاتوو 3 هێندە زیاد بکات.

جەنگی ئێستای سەر غەزە بە تەنها کاریگەری لەسەر بودجەی ئەمساڵی ئیسرائیل نابێت، بەڵکو کاریگەری لەسەر بودجەی ساڵی 2024یش دەبێت.

هەواڵی زیاتر

Back to top button