ئەمریکا رەزامەندی دا ساڵی داهاتوو دۆلار بۆ عێراق بنێرێت

زووم:
بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رێککەوتوون لەسەر ناردنی ئەو بڕە دۆلارەی کە بۆ ساڵی 2024 پێویستییانە و سیستمی ئەلیکترۆنیش دەخەنەکار.

نووسینگەی راگەیاندنی بانکی ناوەندیی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویکردەوە، لەگەڵ نوێنەرانی بانکی یەدەگی فیدراڵی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە دوبەی کۆبوونەتەوە و “پێزانینی خۆیان دەربریوە لەبارەی ئەو هەوڵانەی بانکی ناوەندیی عێراق لە ساڵی 2023 ناویەتی بۆ رێکخستنەوەی سیستمی بانکی لە عێراق”.

بە گوێرەی راگەیەنراوەکەی نووسینگەی راگەیاندنی بانکی ناوەندیی عێراق، لەگەڵ لایەنی ئەمریکی پشتیوانی لە بانکە عێراقییەکان دەکەن و لە پەیوەندی بەردەوامدا دەبن لەگەڵیان، بەتایبەتی لە بواری کەمکردنەوەی پارەی کاش و هەنگاونان بەرەو بەکارهێنانی دراوی ئەلیکترۆنی لەساڵی 2024 دا.

لە لایەکی تریشەوە، عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقیش دڵنیایکردوونەتەوە بەئەلیکترۆنیکردنی سیستمی بانکی بەرەو تەوابوون دەچێت و لە ساڵی داهاتوودا سەرجەم رێککارەکانی تەواودەبن و ئەوەش کارئاسانی زۆر بۆ گواستنەوەی پارەو چاودێریکردن ئاسانتر دەکات.

ئەم کۆبوونەوەیە لەکاتێکدایە، ناوەڕاستی مانگی رابردووش، شاندێکی بانکی ناوەندیی عێراق و بانکی فیدراڵی ئەمریکا کۆبوونەوەو لەسەر چەند پرسێک رێککەوتن، کە گرنگترینیان بابەتی پشتگیریکردنی داهاتی چەند بانکێکی عێراقییە بە دۆلار، ئەوەش بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ مامەڵە داراییەکان لە رێگەی سەکۆی ئەلیکترۆنی، لەگەڵ رێگەدان بە بانک و بازرگانانی عێراق، بۆ ئەوەی جگە لە دۆلار بە چەند دراوێکی تری وڵاتانی ناوچەکە مامەڵەی بارزگانی بکەن.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button