ئەمریکا لە کۆتاییەکانی 2022ـدا خۆی بۆ هێرشی ئەتۆمیی روسیا لە ئۆکراین ئامادەکردووە

زووم:

لە کۆتاییەکانی ساڵی 2022دا، ئەمریکا بەوپەڕی وریاییەوە ئامادەکاری کردووە بۆ ئەگەری هێرشی ئەتۆمیی روسیا لە گۆڕەپانی جەنگی ئۆکراین، ئەوەش بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی سی ئێن ئێنی ئەمریکی.

ئاژانسەکە قسەی لەگەڵ دوو گەورە بەرپرسی ئیدارەی بایدندا کردووە، لە ئەگەری روودانیشیدا، دەبووە یەکەم هێرشی ئەتۆمی لە ماوەی 80 ساڵی رابردوودا دوای ئەوەی ئەمریکا هێرۆشیما و ناکازاگیی ژاپۆنی پێ تەخت کرد.

لەو کاتەدا ئیدارەی بایدن زۆر نیگەران بووە و ئامادەکاریی گەورە کراوە، یەکێک لە بەرپرسەکان دەڵێت، “ئەوە ئەنجامی ململانێکە بوو، بۆیە مافی خۆمان بوو ئامادەکاری بکەین، یاخود هەموو هەوڵێک بدەین بۆ رێگری لە روودانی وەها پێشهاتێک.

ئەوەی پاڵی بە ئیدارەی بایدنەوە نا بۆ ئەو هەڵسەنگاندن و ئامادەکارییە چەند پێشهات و شیکردنەوە و زانیاریی هەستیاری هەواڵگری بوون، بەرپرسێکی دیکە بە سی ئێن ئێنی گوتووە، “ئامادەکارییەکە تەنها لەسەر گریمانە نەبوو، بەڵکو لەسەر چەند زانیارییەکی گرنگ هەڵچنرابوو.”

هەر بەگوێرەی ئەو دوو بەرپرسە، لە هاوین تا پایزی ساڵی 2022ـدا، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا زنجیرەیەک کۆبوونەوەی سازکرد بۆ دانانی پلانی بەپەلە و خیرا بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن روسیاوە، یاخود بۆ چۆنێتی وەڵامدانەوەی هێرشەکە.

راپۆرتەکە دەڵێت، لەو کاتەی ئەو دوو بەرپرسەکە باسی دەکەن، هێزەکانی روسیا لە شاری خێرسۆنی باشووری ئۆکرایندا بە تەواوی گەمارۆ درابوو و کەوتنی شارەکە لە ئانووساتدا بوو، هەروەها زیانەکانی روسیا بێ ئەندازە بوون و سوپای روسیا تەواو کەوتبووە مەترسییەوە، بۆیە ئەگەرێکی کراوە بوو پوتین بۆمبی ئەتۆمیی تەکتیکی بەکاربهێنێت بۆ دوورخستنەوەی شکستێکی گەورە.

هەر لە هەمان کاتدا، بەرپرسانی روسیا و مەکینەی پڕوپاگەندەی وڵاتەکە بانگەشەی ئەوەیان دەکردـ ئۆکراین بەنیازە “بۆمبی پیس” دژی روسیا بەکاربهێنێت  کە مەبەست لێی بۆمبێکی تێکەڵەیە لە تەقینەوە و مادەی تیشکدەر.

لە تشرینی یەکەمی ئەو ساڵەدا، سێرگی شۆیگ، وەزیری بەرگریی روسیا زنجیرەیەک پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بەرپرسانی بەرگریی ئەمریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا و تورکیا ئەنجامداوە و گوتوویەتی وڵاتەکەی نیگەرانە لەبارەی ئەگەری بەکارهێنانی “بۆمبە پیسەکە” لەلایەن ئۆکراینەوە، بەڵام ئەمریکا و بەرپرسانی رۆژئاوا گوێیان بە هۆشداریەکانی  روسیا نەداوە، بەڵام ترسیان لە هۆکار و پاڵنەری بانگەشەکانی روسیا هەبووە.

بەگوێرەی سەرچاوەکان، مەترسی گەورە و جدیتری بەرپرسانی ئەمریکا ئەوەبوو روسیا بانگەشە و هۆشداریەکانیان بکاتە بیانوویەک  بۆ ئەنجامدانی کارێکی “شێتانە”، یان بۆ داپۆشین و شاردنەوەی شتێک، کە خۆیان عەوداڵی ئەنجامدانین، “ئەوەش زۆر جێگەی نیگەرانی مەترسی بوو بۆ بەرپرسانی  ئیدارەی بایدن”.

بەوتەی ئەو سەرچاوانە، ئەوەی ئاستی نیگەرانیەکانی ئیدارەی بایدنی زیاترکردبوو، زانیارییەکانی دەزگا هەواڵگرییەکانی رۆژئاوا لەبارەی پەیوەندی و گفتوگۆی نێوان بەرپرسانی روسیا لەنێو خۆیاندا، کە بەئاشکرا باسیان لە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی کردبوو.

سەرچاوەکان دەشڵێن، هەرچەندە ئەمریکا بەر لەوەی روسیا هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکراین دەستپێبکات توانیبووی دزە بکاتە نێو گفتوگۆکانی فەرماندە سەربازییەکانی روسیا و بەوهۆیەوە پیشوەخت ئاگاداری داگیرکردنی ئۆکراین بوو، بەڵام هیچکاتێک زانیاری هەواڵگری بەدەستنەخستووە، کە ئاماژە بۆ ئەوەبکات روسیا هەنگاودەنێت بۆ گواستنەوەی چەکە ئەتۆمییەکانی بۆ ئەوەی هێرشێکی لەو جۆرە ئەنجامبدات.

هەر بەگوێرەی راپۆرتەکە و لەپێناو  خاوکردنەوە و نەهێشتنی مەترسییەکان، ئیدارەی بایدن پەیوەندی رکابەرە سەرەکییەکانی خۆی و هاوپەیمانەکانی روسیاوە کردووە وەک چین و هیندستان تا مۆسکۆ ئاگاداربکەنەوە لە ئەنجامە کارەساتبارەکانی هێرشێ ئەتۆمی .

بەوتەی بەررسەکانی ئەمریکا،  لەو چوارچێوەدا هەوڵ و لێدوانەکانی شی جینگ پینگ، سەرۆکی چین و نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان کاریگەر و یارمەتیدەربوون بۆ تیپەڕاندنی قەیرانەکە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button