فیلمە تازەکەی ئەحمەد کایا نمایش دەکرێت

زووم:

بڕیارە رۆژی هەینی فیلمی (گۆرانییەکەی ئەحمەد) لە تەواوی سینەماکانی تورکیا و باکووری کوردستان نمایش بکرێت.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی قەرار، فیلمەکە لەلایەن کۆمپانیای ئەربای مێدیاوە بەرهەمهاتووە، کۆمپانیاکە رایگەیاندووە، هیچ بەربەستێکی یاسایی لەبەردەم نمایشکردنی فیلمەکە لەئارادا نەماوە و لەکاتی خۆیدا فیلمەکە نمایش دەکرێت.

سیناریۆی فیلمەکە لەلایەن دوو کەسەوە نوسراوەتەوە، تەواوی ستافی نواندن و بەرهەمهێنانی فیلمەکە تورکن، فیلمەکە باس لە ژیانی هونەری کایا دەکات  و  بەشێکی فیمەکەش تەرخان کراوە  بۆ گێڕانەوەی ژیانی تاراوگەی هونەرمەند و ئەو باکگراوندە تراژیدییەی وەک هونەرمەندێک کرایە ئامانج.

پێشتر هاوسەری ئەحمەد کایا ناڕەزایی دەربڕی بوو بە بەرهەمهێنانی فیلمەکە و بە پڕۆژەیەکی بازرگانی ناوی بردوو.

ئەحمەد کایا موزیکژەن و گۆرانیبێژی ناوداری کورد، لەساڵی 1999 بەهۆی ئەوەی گوتی، “لە ئەلبومە نوێیەکەمدا گۆرانییەک بە زمانی کوردی دەچڕم” دادگا بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرکر، ئیدی تورکیای بەرەو ئەوروپا جێهێشت.

ئەحمەد کایا ساڵی 2000 لە تەمەنی 43 ساڵیدا لە پاریس کۆچی دوایی کرد.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button