تازەترین پشکنین: تەندروستیی بایدن گونجاوە بۆ بوونەوەی بە سەرۆکی ئەمریکا

جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکایە، بەڕێوەیە بۆ ئەنجامدانی پشکنینی ساڵانەی پزیشکی.

زووم..

 

ئەگەرچی کێشە تەندروستییەکان و هەڵکشانی تەمەنی بایدن، بەردەوام بووەتە جێگەی سەرنجی میدیاکانی ئەمریکا و رکابەرەکانی، لە تازەترین پشکنینی پزیشکیدا دەرکەوتووە بایدن لەڕووی تەندروستییەوە شیاوە بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکانی وەک سەرۆک.

واتا ئەنجامەکانی پشکنینە ساڵانەکە بۆ سەرۆکی ئەمریکا دڵخۆشکەر بوون، ئەم پشکنینە ساڵانەیەی بایدن، دوای چەند هەفتەیەک دێت لە دەنگۆی لاوازبوونی توانای بیرکەوتنەوە و هەڵکشانی تەمەنی.

 

پزیشکەکانم دەڵێن زۆر گەنج دەردەکەوم

بایدن پێشتر خۆشی وەک گاڵتەیەک رایگەیاندبوو، “پزیشکەکانم دەڵێن زۆر گەنج دەردەکەوم.”

لەبارەی ئەنجامی پشکنینەکەیەوە، دکتۆر کێڤین ئۆکۆنەر، پزیشک لە کۆشکی سپی، رایگەیاند، “بایدن بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکانی بە گونجاوی ماوەتەوە و دەتوانێت سەرجەم بەرپرسیارێتییەکان بگرێتە ئەستۆ.”

بەگوتەی پزیشکەکەی، تاکە کێشەی جۆ بایدن، بەکارهێانی ئامێرێکە بۆ کەمکردنەوەی خەوزڕان، لەگەڵ حاڵەتێکی فریاگوزاریی بۆ ددانی.

بایدن تەمەنی 81 ساڵە، بە ئەگەری زۆرەوە لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی سەرۆکایەتیی ئەمریکا رووبەڕووی دۆناڵد ترەمپی 77 ساڵ دەبێتەوە.

پێشتر بایدن چەند کێشەیەکی تەندروستی هەبوو، لەوانە، ناڕێکی لە رۆیشتندا کە بەهۆی کێشەیەک لە دڕکەپەتکیەوە تووشی بووە، کێشەیەکی دیکەش لە زمانەی دڵیدا هەیە، بەڵام ئەم کێشانە کۆنن و هیچ کاریگەریی تازەیان لەسەر تەندروستیی دروست نەکردووە.

لەبارەی نەخۆشییەکانی مێشکیشەوە، کە زۆرترین سەرنجی رکابەرەکانی لەسەرە، بەگوێرەی پشکنینەکان، هیچ ئاماژەیەکی پارکینسۆن یان جەڵتەی مێشک لە بایدندا بەدیناکرێت.

بەڵام بەهۆی ئەوەی تەمەنی بایدن لە کۆتایی خولی داهاتووی سەرۆکەیەتیدا، ئەگەر ببێتەوە بە سەرۆک، دەگاتە 86 ساڵ، نیگەرانیی دەنگدەرانی لێکەوتووەتەوە بەوەی نەتوانێت ئەرکەکەی بەسەرکەوتوویی تەواو بکات، بەو هۆیەوە ترەمپ بەردەوام بە کەسێکی بەتەمەن، پەککەوتوو و نەوگونجاو وەسف دەکات، ئەمە لەکاتێکدا تەمەنی ترەمپیش لە بایدنەوە نزیکە و هەندێک جار ئەویش شتەکان لەبیردەکات.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button