داهێنەری دەمانچەی گڵۆک لە تەمەنی 94 ساڵیدا گیانی لەدەستدا

زووم:

داهێنەری یەکێک لە بەناوبانگترین و پڕفرۆشترین چەکە دەستییەکان بوو، کە هەر بەناوی خۆیەوە ناونرابوو.

گاستن گڵۆک، داهێنەری دەمانچەی گڵۆک، لە تەمەنی 94 ساڵیدا لە نەمسا گیانی لەدەستدا.

ئەو دەمانچەیەی ئەندازیار گڵۆک دروستیکرد، لەئێستادا لەلایەن زۆرێک لە پۆلیس، ئەفسەر و سەربازانی جیهانەوە بەکاردەهێنرێت.

بەگوێرەی پێگەی فۆربسی ئەمریکی، بەهۆی بەرهەمهێنانی دەمانچەکەوە، سەرمایەی خێزانەکەی گڵۆک بە زیاتر لە یەک ملیار و 100 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.

نێوبانگی گڵۆک لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە بڵاوبووەوە، ئەوکاتەی کە سوپای نەمسا بەدوای چەکێکی نوێ و داهێنەرانەدا دەگەڕا.

Gaston Glock, the Austrian developer of the Glock handgun, dies at 94

پێش ئەوکاتە، کۆمپانیای گڵۆک، چەندین جۆری چەقۆ و کەلوپەلی دیکەی سەربازیی دروستدەکرد، بەڵام گڵۆک خۆی تیمێکی شارەزای دروستکردنی چەکی پێکهێنا و توانییان دەمانچەی جۆری گڵۆک-17 دروستبکەن، کە چەکێکی سوکی نیمچە ئۆتۆماتیک بوو و زۆربەی پێکهاتەی چەکەکە پلاستیک بوو، ئەمەش شتێکی تازەبوو لەو پیشەسازییەدا.

ئەو دیزاینە شۆڕشئامێزەی دەمانچەی گڵۆک کردی، بەشێوەیەک بوو کە جگە لە قەپاغی دەرەوەی میلەکەی، تەواوی چوارچێوەکەی لە پێکهاتەیەکی نایلۆنیی بەهێز دروستکراوە، کە بە پۆلیمەر ناسراوە.

بەهۆی بەهێزی و دیزاینە ناوازەکەیەوە، دەمانچەکە هەرزوو بووە پێشەنگی بەرهەمی کۆمپانیاکانی دیکەی چەکی دەستی.

ئەم پێشکەوتنە بەرچاوەی دەمانچەکە کاتێک دەنگی دایەوە کە لەناو فیلمەکانیشدا لەلایەن سەرباز و ئەفسەرانی ئەمریکاوە بەکاردەهات.

ئەوەی جێگەی سەرنجە، لەکاتی دەستگیرکردنی سەدام حسێن، تەنها دەمانچەیەکی گڵۆکی پێبوو، دواتر سەربازانی ئەمریکا دەمانچەکەیان بە دیاری دا بە جۆرج دەبلیو بووش سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا.

بەهۆی دروستکردنی ئەو چەکەوە، گڵۆک رووبەڕووی چەندین رەخنەی چالاکوانانی مافی مرۆڤ بووەوە، لەگەڵ ئەوەشدا رووبەڕووی هەڕەشە و مەترسی بووەتەوە، لەوانە، لە ساڵی 1999دا و لە تەمەنی 70 ساڵیدا گڵۆک لە هەوڵێکی کوشتن رزگاریبوو.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button