بەکارهێنانی شەکر و چەوریی وەک سوتەمەنی بۆ فڕۆکە

زووم

رەنگە لات سەیربێت رۆژێک شەکر و چەوری، وەک سوتەمەنی بۆ کارپێکردنی فڕۆکە، یان هەر ئامێرێکی دیکە بەکاربهێنرێت، بەڵام ئەوەتا ئەوە بووەتە راستى و یەکەم فڕۆکەی بازرگانی چەند رۆژێک لەمەوبەر بە بەکارهێنانی لەسەدا 100ی سوتەمەنی بایۆلۆجی توانی بەسەر زەریای ئەتڵەسیدا بفڕێت و لە ویلایەتی نیویۆرکی ئەمریکا بنیشێتەوە.

فڕۆکەی بۆینگی 787ی کۆمپانیای ڤێرجین ئەتلانتیک، کە ئەو گەشتەی ئەنجامدا، سوتەمەنییەکەی بەرهەمی نەوتی نەبوو، بەڵکو شەکری رووەکی و پاشماوە چەورییەکان بوون.

سوتەمەنی بایۆلۆجی بەو سوتەمەنییە دەوترێت، لە پاشماوەی خۆراک، یان ئەو بەرهەمە رووەکییانەی وەک خۆراکی ئاژەڵی بەکاردەهێنرێت، لەگەڵ پاشماوە رووەکییەکان، قەوزە، چەوریی و رۆنە رووەکییەکان بەرهەمدەهێنرێت، ئامانجی سەرەکی بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە سوتەمەنییەش کەمکردنەوەی بەکارهێنانی سوتەمەنیی نەوتییە، کە  مەترسی گەورەیان لەسەر ژینگەی جیهان دروستکردووە.

هەرچەندە تا ئێستا دڵنیایی تەواو لە بەکارهێنانی ئەم جۆرە سوتەمەنییە لە داهاتوویەکى نزیکى کەرتی فڕۆکەوانیدا بەدیناکرێت، بەڵام بەشێکی شارەزایان وەک بژاردەیەکی خۆڕاگر لێی دەڕوانن، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی تا رووەکی زیاتر بۆ ئەو پرۆسەیە بچێنرێت، گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن زیاتر هەڵدەمژرێت، کە پیسکەری سەرەکی بەرگەهەوای هەسارەی زەوییە و لەو رێگەیەوە بەشێکی زۆری هەوا پاکدەبێتەوە.

ئەوەی لە ئێستادا بۆ ئەو پرسە بووەتە بەربەست، قەبارەی ئەو بەروبوومە رووەکییانەیە، کە پێویستە هێز بدەن بە پیشەسازییەکە، کە توێژینەوەیەکی ئەکادیمی لە مانگی ئابی ئەمساڵدا بڵاویکردەوە ئەگەر بتەوێت سوتەمەنی بایۆلۆجی بۆ فڕۆکە بازرگانییەکانی جیهان لەو رێگەیەوە دابینبکەین، ئەوا پێویستمان بە 125 ملیۆن هێکتار زەوییە بۆ داچاندنی رووەکی قامیشی شەکر.

ئەمەش رووبەرێکی ئێجگار فراوانە و ئەگەریش بتەوێت تەنها لەڕێگەی پاشماوەکانەوە ئەو سوتەمەنییە دروستبکەیت، ئەوا بڕەکەی زۆر کەمە و بەشی هەموو فڕۆکەکان ناکات.

کەرتی فڕۆکەوانی لە ئێستادا رێژەی لەسەدا 3.5ی گازە زیانبەخشەکان دەردەداتە ناو هەواوە، ئەمەش یەکسانە بەو بڕە گازەی، کە بە تەنها وڵاتی ژاپۆن، وەک یەکێک لە گەورە دەردەرانی گازی زیانبەخش، دەیخاتە بەرگە هەوای دەوری گۆی زەوییەوە.

پشتیوانانی ئەم بیرۆکەیە دەڵێن، ئەو فڕینەی لە ئەنجامی بەکارهێانی ئەو جۆرە سوتەمەنییەوە بەکاردەهێنرێت، زۆر زیاتر دۆستی ژینگەیە، بەراورد بەو فڕینەی لەئەنجامی سوتاندنی بەرهەمی نەوتییەوە ئەنجامدەدرێت.

لەو بارەوە دایڤد لیی، پرۆفیسۆر لە زانکۆی مانچستەر مێترۆپۆلیتان، کە لەبارەی کاریگەرییەکانی کەرتی فڕۆکەوانی لەسەر ژینگە لێکۆڵینەوە ئەنجامدەدات دەڵێت، “بەرهەمهێنانی ئەو سوتەمەنییە کارێکی زۆر گرنگە، ئەوان پیشانمانی دەدەن فڕۆکە دەبێت ئامێرێکی سەلامەت و هیچ کێشەیەک لە سوتەمەنییەکەیدا بۆ سەر ژینگە دروستنابێت.”

ئاماژەی بەوەشکردووە، بە بەکارهێنانی سوتەمەنی بایۆلۆجی لەبری سوتەمەنی نەوتی، دەتوانین لەسەدا 70ی بەکارهێنانی گازی کاربۆنی کەمبکەینەوە، بەڵام کێشەی سەرەکی لەبەردەم ئەو پرۆسەیەدا کەمی توانای بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە سوتەمەنییەیە، کۆمەڵەی گواستنەوەی ئاسمانیی نێودەوڵەتی پێشبینیدەکات، کەرتی فڕۆکەوانی لەساڵی 2050دا پێویستی بە 450 ملیار لیتر لە سوتەمەنی بایۆلۆجی دەبێت، ئەمەش لەکاتێکدایە لە ساڵی رابردوودا توانراوە تەنها 300 ملیۆن لیتر بەرهەمبهێنرێت، بەڵام جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، تا ساڵی 2030 ساڵانە سێ ملیار گاڵۆن لەو جۆرە سوتەمەنییە بەرهەمدەهێنرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا شارەزایانی ئەو بوارە دەڵێن، رەنگە سەخت بێت بتوانن ئەو رووبەرە فراوانە لە زەوی بۆ ئەو مەبەستە دابینبکەن، ئەمەش لەکاتێکدایە رێژەیەکی زۆری دیکەی زەوی کشتوکاڵی پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی خۆراکی ئاژەڵان.

هەرچی پاشماوە چەوری و خۆراکییەکانیشە هێندە کەمن، رەنگە تەنها بتوانن لەسەدا 4ی شوێنی سوتانی بەرهەمە نەوتییەکان بگرێتەوە.

ئەم هەوڵانە لەکاتێکدان، تا دێت مەترسییە ژینگەییەکان بەهۆی دەردانی گازی ژەهراوی و زیانبەخشەوە بۆ ناو بەرگەهەواوە رووی لەزیادبووندایە و کاریگەری گەورەیان لەسەر بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە جیهاندا دروستکردووە، لە ئێستادا وڵاتانی جیهان لە هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی سوتەمەنیى نەوتی و زیادکردنی بەرهەمهێنانی وزەی نوێبووەوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button