ئەردۆغان دواى تەقینەوەکە: ناگەنە ئامانجەکانتان

بەگوێرەى دوایین ئامار 6 کەس کوژراون و 53ی دیکە برینداربوون

ئێوارەی ئەمڕۆ کاتژمێر 4:20 خولەک بە کاتى ئەستەنبوڵ، تەقینەوەکە لە شەقامی ئیستیقلال لە ناوچەی تەقسیمی نێوەڕاستى شارەکە روویدا و بەگوتەى سەرۆککۆمارى تورکیا، ژمارەی قوربانیان گەیشتووەتە 6 کوژراو و 53 بریندار.

دوای دوو کاتژمێر لە رووداوەکە، رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسى رێکخست دەربارەی رووداوەکە، کۆنفرانسەکەى ئەردۆغان پێش جێهێشتنی تورکیا و رۆیشتنی بۆ ئیندۆنیزیا بوو بەمەبەستی بەشداریکردنی لە لوتکەی G20.

ئەردۆغان لە کۆنفرانسە رۆژنامەنووسییەکەدا کوژرانی 6 کەس و برینداربوونی 53ی دیکەی لە ئەنجامی تەقینەوەکەی ناوچەى تەقسیمى ئەستەنبوڵ راگەیاند و جەختیکردەوە کە تەقینەوەکە لە رێی بۆمبەوە بووە.

ئەردۆغان بەڵێنیدا بکەرانی تەقینەکەوە ئاشکرا بکات و رایگەیاند کە “سزا دەدرێن”، ئاماژەی بەوەشدا “ئەو کەسانەی هەوڵی تێکدانی دەوڵەتی تورکیا دەدەن، ناگەنە ئاوات و ئامانجەکانیان”.

ئەردۆغان لە وەڵامی پرسیارێکدا گوتی “ناتوانین بە دڵنیایی تەواو بڵێین کردەوەکە تیرۆریستییە، بەڵام لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەری دەخەن کردەوەکە تیرۆریستییە”.

سەرۆککۆمارى تورکیا ئاشکراشیکرد “لە لێکۆڵینەوەکان ژنێک تێوەگلاوە، بەڵام هێشتا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن”.

ئەردۆغان باسى لەوەشکرد “هەوڵی روخاندنی دەوڵەتی تورکیا لە رێگەی کردەوەی تیرۆریستییەوە هەوڵێکی شکستخواردووە، ئێمە بە کاری رێکخراوە تیرۆریستییەکان ناکەوین”.

ناوچەی تەقسیم، یەکێکە لە جەنجاڵترین ناوچەکانی تورکیا، بەو پێیەی دەکەوێتە چەقی ئەستەنبوڵەوە و ژمارەیەکی زۆر هۆتێل و خواردنگەی لێیە و بە شوێنێکى بەناوبانگى گەشتیاریی وڵاتەکە دادەنرێت.

دوا بەدوای تەقینەوەکە هێزە ئەمنییەکان خەڵکیان لە ناوچەکە دورخستەوە، داوایان کرد هاوڵاتیان لە ماڵەکانیان و شوێنەکانیان بمێننەوە.

ئەنجومەنی باڵای پەخشی رادیۆ و تەلەفزیۆنی تورکیا، دوای کاتژمێرێک لە تەقینەوەکە رووماڵی رووداوەکەی قەدەغە کرد.

هاوکات وەزیرانی ناوخۆ و دادی تورکیا لەگەڵ ژمارەیەک لێکۆڵەر گەیشتنە شەقامی ئیستیقلال لە ناوچەی تەقسیمی ئەستەنبوڵ، بۆ لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەکە، تا ئێستاش هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکە رانەگەیاندووە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button