ئەمساڵ تۆیۆتا زۆرترین فرۆشی لە بازاڕی ئۆتۆمبێلدا هەبووە

مانگی رابردوو تۆیۆتا زۆترین ئۆتۆمبێلی هەناردەی وڵاتان کردووە

زووم:

هەر لەخۆوە نییە کە لە هەرێمی کوردستان خواستێکی زۆر لەسەر ئۆتۆمبێلەکانی تۆیۆتا هەیە، پرسەکە لە جیهانیش هەر بەوشێوەیەیە.

مانگی رابردوو، بەهۆی زۆریی خواست لەسەریان، کۆمپانیای تۆیۆتای ژاپۆنی زۆرترین ئۆتۆمبێلی رەوانەی بازاڕەکانی جیهان کردووە، بەشێوەیەک لەو مانگەدا بەڕێژەی 11%ی مانگەکانی پێشوو فرۆشی کۆمپانیاکە هەڵکشاوە، ئەوەش ژمارەی ریکۆردێکی مێژوویی بەرزبوونەوەی فرۆشی مانگانەی کۆمپانیاکەیە.

بەرهەمی مانگی تشرینی دووەمی تۆیۆتا، 926 هەزار و 573 ئۆتۆمبێل بووە و رێژەی فرۆشتنی جیهانیی 14% زیاتربووە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو.

هەڵکشانی فرۆشی تۆیۆتا لەکاتێکدایە، ساڵی رابردوو کۆمپانیاکە کێشەی دابینکردنی کەرەستەی هەبوو، بەتایبەتیش، چیپی ئەلیکترۆنی کە لە کارەبایی ئۆتۆمبێلەکاندا بەکاردەهێنرێت.

سەرەڕای بازاڕە جیهانییەکان، فرۆشی کۆمپانیاکە لە ناوخۆی ژاپۆنیشدا زیادیکردووە، بەشێوەیەک مانگی رابردوو 27% زیادیکردووە، هەڵکشانەکەی لە هەریەک لە وڵاتانی ئەمریکا و چین 17% بووە و لە ئەوروپاش گەیشتووەتە 15%.

ئەم ئامارانەی مانگی رابردوو، کۆمپانیاکە لە فرۆشی ساڵانەشدا لە پلەی یەکەمی جیهاندا دەهێڵێتەوە، تەنها لە ساڵی 2023دا کۆمپانیاکە زیاتر لە 10 ملیۆن ئۆتۆمبێلی تۆیۆتا و لێگزسی فرۆشتووە، کە ئەمەش رێکۆردێکی نوێیە بۆ کۆمپانیاکە، هاوکات سێیەکی فرۆشی تۆیۆتا،  ئۆتۆمبێلە هایبرێدەکان بوون، کە پێکەوە کارەبایی و بەنزینن.

دەکرا تۆیۆتا فرۆشی ساڵانەی بەرزتر بێت لەوەی ئێستا، بەڵام لە مانگی ئابی ئەمساڵ تەواوی کارەکانی لە سەرجەم هێڵەکانی بەرهەمهێنان لە ژاپۆن راگرت، بەهۆی ئەوەی کێشە لە سیستەمی بەرهەمهێناندا هەبوو.

ساڵی رابردووش کۆمپانیای تۆیۆتا لە پلەی یەکەمی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلدا هات، دوای ئەویش هەریەک لە ڤۆڵکس ڤاگنی ئەڵمانی و هیۆندای کۆری لە پلەکانی دووەم و سێیەمدا هاتن، بەڵام لەڕووی داهاتەوە کۆمپانیای ڤۆڵکس ڤاگنی ئەڵمانی بە داهاتی زیاتر لە 284 ملیار دۆلار لە پلەی یەکەمدابوو و کۆمپانیای تۆیۆتاش بە بەهای زیاتر لە 270 ملیار دۆلار لە پلەی دووەمدابوو، هەرچی کۆمپانیای ستێڵانتسە، کە هاوبەشیی چەندین کۆمپانیای ئۆتۆمبێلە، لە نمونەی دۆج و کرایسلەر و فیات، بە بەهای 181 ملیار دۆلار لە پلەی سێیەمدا هات.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button