گۆڕانی کەشوهەوا و پیسبوون هەڕەشە لە زۆنگاوە دێرینەکانی عێراق دەکەن

جاسم ئەسەدی لەناو بەلەمێکدا و لە ناوەڕاستی یەکێک لە زۆنگاوەکانی باشوری عێراق لەدایکبووە، ئەو دوای 66 ساڵ، هێشتا گرنگییەکی زۆر بە زۆنگاوەکان یاخود ئەوەی پێی دەوترێت تاڵاوەکان (أهوار) دەدات و وەک چالاکێکی ژینگەپارێز و ئەندازیاری سەرچاوە ئاوییەکان، خەبات دەکات بۆ پاراستنیان لە لەناوچوون.

ئەسەدی لەکاتی رۆشتن بەسەر زەوییەکی وشک و شەقبردوو و گەرمدا گوتی، “ئەم شوێنە لەوەڕگەیەکی سەوز و پڕ لە قامیش بوو، بەڵام ئێستا هەمووی وشک بووە”، ئەو بە دەستی ئاماژەی بۆ شوێنێک کرد و گوتی، “ئەو شوێنە ماڵی جوتیارێک بوو کە کێڵگەیەکی گامێشی هەبوو، بەڵام ناچاربوو بەجێیبهێڵێت و بڕوات بەرەو ناوچەیەک لە نزیک رووباری فورات، چونکە چیتر ئێرە هیچ لەوەڕگەیەکی گامێشی تێدا نییە.”

عەرەبی زۆنگاوەکان، دانیشتوانی رەسەنی ئەم خاکە تەڕ و قوڕاوییەی عێراقن، زیاتر لە پێنج هەزار ساڵە خەریکی راوەماسی و چاندنی دانەوێڵە بوون و گامێشیان بەخێوکردووە، ئەوان خانووی قامیشییان لەسەر ئاوێک دروستکردووە کە تێیدا ئاوی هەردوو رووباری دیجلە و فورات بەیەک دەگەن و پێکەوە دەڕژێنە کەنداوەوە.

بەڵام گۆڕانی کەشوهەو، پیسبوونی ژینگە، پرۆسەکانی دۆزینەوە و دەرهێنان نەوت و دروستکردنی بەنداو لەسەر سەرچاوە ئاوییەکان هەڕەشە لە مانەوەی ئەم دیاردە سروشتییە گرنگە و کلتوری دێرینی میزۆپۆتامیا دەکات کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سۆمەرییەکان.

ئەسەدی کە سەرۆکی گروپی پاراستنی سروشی عێراقە دەڵێت، وشکەساڵی بۆ چوارەم ساڵ بەردەوامە و ناوچەیەکی زۆری خاکی کشتوکاڵی و قوڕاوی گۆڕیوە بۆ بیابانێکی وشک، ئاستی سوێری جۆگە و روبارە ئاوییەکان بوونەتەهۆی لەناوبردنی ماسییەکان و نەخۆشخستنی گامێشەکان.

Environmentalist Jassim Al-Asadi stands on former wetlands © OHCHR/Anthony Headley

ئەسەدی کە زیاتر لە 30 ساڵ وەک ئەندازیاری ئاو لە وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق کاری کردووە دەڵێت، “گۆڕانێک دروستبووە لە شێوازی کارکردنی ژینگە، یەکێک لە هۆکارەکانیش گۆڕانی کەشوهەوایە و هەروەها کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر کەمبوونەوەی ئاوی دیجلە و فورات.”

ئەسەدی کاتی منداڵی خۆی لەبیرە کە چۆن راوچییەکان لەسەر بەلەمە بچووکەکانەوە راوی ماسییان دەکرد و گامێشەکانیش خۆیان تێیدا دەگەوزاند، بەڵام ئێستا ئەم دیمەنە زۆر دەگمەنە.

بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی خواردن و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کە لە مانگی تەموزی رابردوودا بڵاوکرایەوە، وشکەساڵی ئێستا سەختترین و خراپترینە لە 40 ساڵی رابردوودا. لەو ناوچەیەدا کە دەوڵەمەندە بە ژیانی ئاژەڵانی کێو و ماڵی، هەڕەشە لەسەر باڵندە کۆچەرییەکان هەیە، جوتیاران و بەخێوکەرانی گامێش ناچارن شوێنەکانیان بەجێبهێڵن و کۆچ بکەن بۆ ناوچە شارستانییەکانی وەک بەسرە و نەجەف و بەغداد.

ژیانی حەیدەر محەمەد بەندە بە ئاژەڵدارییەوە، سەرباری ژیان لە نزیک یەکێک لە سەرچاوە ئاوییەکانی ناوچەی جیبایش کە ناوەڕاستی زۆنگاوەکانە، ئێستا ناچار لە دەرەوەی زۆنگاوەکان ئاو بهێنێت بۆ ئاودانی گامێشەکانی بۆ بەرهەمهێنانی شیر و گۆشت و هەروەها شیاکەکەی کە وەک سوتەمەنی بەکاردەهێنرێت.

محەمەد کە ئێستا لە بیستەکانی تەمەنیدایە دەڵێت، “ئاوەکە سوێر و پیسبووە، ئێمە پێشتر 70 گامێشمان هەبوو، بەڵام ئێستا 20 دانەمان هەیە، هەندێکیان مردن یاخود فرۆشتمان.”

Local tribesmen meet at a mudhif, a traditional reed house © OHCHR/Anthony Headley

 

“ژیانمان پشتی بە ئاو بەستووە”
شێخ لیبنان عەبدولخەیوم هۆشداری دا لەوەی شێوازی ژیانی هەزار ساڵە کە پشتی بە ئاژەڵداری و راوەماسی و دروێنەکردن بەستووە، خەریکە لەناودەچێت، مەگەر ئەوەی شتێک بکرێت.

ئەو کە تەزبیحێک بە دەستییەوە گرتبوو گوتی، “ژیانی ئێمە بە شێوەیەکی سەرەکی پشتی بە ئاو بەستووە، ئەگەر ئەم زۆنگاوانە وشک ببن، کێشەیەکی گەورە بۆ ژیانمان دروستدەبێت.”

“ئێمە بازرگان نین یاخود فەرمانبەر، ئێمە هیچ جۆرە پیشەیەکی دیکەمان نییە تاوەکو داهاتی لێوە بەدەستبهێنین، ئەم زۆنگاوانە پیشەی باو و باپیرانمان بوون، ژیانی سێ بۆ چوار ملیۆن کەس لەسەر ئەو زۆنگاوانە و ژینگەکەی بەندە،” شێخ لیبنان وای گوت.

لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا، سەدام حسێن بەشێکی زۆر لە زۆنگاوەکانی وشککرد بۆ لەناوبردنی ناڕازییە شیعەکان، 90% ئاستی ئاوەکەی کەمکردەوە و دەیان هەزار کەس ناچار بوو بەرەو ئەمریکا و ئەوروپا کۆچ بکەن، بەڵام دوای رووخانی رژێمەکەی، بەربەستەکان لابران و ئاوەکەی گەڕایەوە شوێنی خۆی.

پیسبوون و نەوت

پڕۆگرامی ژینگەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان عێراق بە یەکێک لە خراپترین ئەو وڵاتانە ناساندووە کە لەژێر کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوادان، ئەوەش بەهۆی بەرزی پلەی گەرما، کەمی باران، وشکەساڵ و کەمی ئاو، هەروەها رەشەبای لماوی و خۆڵاوی.

چالاکوانانی ژینگە دەڵێن، سەرباری وشکەساڵی، بەڵام پیسبوونی ژینگە هۆکاری سەرەکی لەناوبردنی ژینگەکەیەتی، چونکە ملیۆنان مەتر چوارگۆشە لە پاشەڕۆی پیشەسازی دەڕژێنرێنە ناو ئەو رووبارانەی کە سەرچاوەی سەرەکی ئاوی زۆنگاوەکانن.

چالاکوانان هۆشداری دەدەن کە ئەو پیسبوونە کە بەهۆی پڕۆژەکانی سووتەمەنی بەردینی لە بەسرە کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی نەوت و غازە لە عێراق گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و سەرچاوەیەکی سەرەکیشە بۆ زیادبوونی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە و لەکارکەوتنی جگەر.

فواد توعمە کە ئەندامی رێکخراوی ناحکومی ئۆزۆنە دەڵێت، “بەسرە روبەڕووی پیسبوونێکی توند و سەخت بووەتەوە لەڕووی ئاو، خاک، هەوا و هەروەها خۆراکیش، گەرمای توند و بەبیابانبوونیش کارەساتەکەی هێندەی تر سەخت و ئاڵۆز کردووە.”

“پێشتر زیاتر لە 30 ملیۆن دارخورما لە بەسرە هەبوون، بەڵام ئێستا تەنها یەک ملیۆن هەیە، پێشتر پشتێنەی سەوزایی لە بیابانەکاندا هەبوون، کەچی ئێستا هیچ بەربەستێک نییە لەدژی رەشەبای خۆڵاوی و لماوی.”

لە سەردانەکەیدا بۆ باشوری عێراق لە ئابی رابردوودا، ڤۆڵکەر تورک، نێردەی باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی کە وڵاتەکە لە دۆخی فریاگوزاری گۆڕانی کەشوهەوادایە و جیهان پێویستە روبەڕووی کەشوهەوای کوڵێنەر بێتەوە.

ئەو سەردانی ناوچەیەکی کرد کە پێشتر کێڵگەی دارخورما بووە و ئێستا زەوییەکی رەق و تەقە، لەژێر گەرمایەکی سەرو 50 پلەی سیلیزیدا گوتی، “ئەوەی ئێستا روودەدات پەنجەرەیەکە بەرەو داهاتوو و دەگوازرێتەوە بۆ هەموو بەشەکانی جیهان ئەگەر بە بەرپرسیارێتی خۆمان هەڵنەسین کە رێگریکردنە لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا.”

لە نامەیەکیشدا بۆ کۆنفرانسی ئەمساڵی گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوبەی، تورک هانی وڵاتانی بەشداری دا واز لە بڕیاری کورتبینانە بهێنن و مافەکانی مرۆڤ بکەنە چەقی گفتوگۆ و هەنگاوەکانیان بۆ روبەڕوبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.

A boat navigates through a waterway lined with reeds in Iraq’s marshes © OHCHR/Anthony Headley

هەماهەنگی هەرێمی
ئەسەد کە چەندین ساڵە بەشدارە لە پڕۆژەکانی رێکخستنی ئاو بۆ راگرتنی هاوسەنگی ژینگە و کشتوکاڵ و زیندووکردنەوەی زۆنگاوەکان دەڵێت، “کێشەی کەمیی ئاو لەودیو عێراقەوەیە و داوای چارەسەر و هەماهەنگی هەرێمی و ناوچەیی دەکات.

ئەو هەردوو وڵاتانی تورکیا و ئێران تۆمەتبار دەکات بە دروستکردنی بەنداوی زەبەلاح لەسەر رووبارە ئاوییەکان کە دژی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانە، لەگەڵ سەختبوون و خراپتربوونی گۆڕانکاریی کەشوهەوا، وڵاتانی بەشدار لە رووبارەکانی دیجلە و فورات پێویستە بنەماکانی مافی مرۆڤ رەچاوبکەن و واز لە ناکۆکی و رکابەرییەکانیان بهێنن لەسەر ئەو پرسە.

ئەسەدی دەڵێت، سەرباری روبەڕوبوونەوەی هەڕەشە و مەترسی، بەڵام خەبات لەپێناو مافی مرۆڤ و زۆنگاوەکان بەنرخ و جێگەی ستایشە، چونکە چالاکوانانی ژینگە بە عێراق روبەڕووی هەڕەشە و هەراسانکردن و دەستگیرکردن دەبنەوە. سەرەتای ئەمساڵ، ئەسەدی لەلایەن گروپێکی چەکداری نەناسراوەوە رفێنرا و لێی درا، پاش دوو هەفتەش ئازاد کرا.

ئەو گوتی، “زۆنگاوەکان تەنها ژینگەیەک یاخود ئابورییەک نین، بەڵکو کلتورێکی دەگمەنە.”

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button