میر (شالیار)ـەکەى ماکیاڤیلى


شالیار (میر) بەشێکە لە نوسینەکانی فەیلەسوف و سیاسەتمەدار (نیکۆلۆ ماکاڤیلی)  لەسەر حکومەت. کە لەساڵی ١٤٦٩ز لە فلۆرانسا لەدایکبووە و ساڵی ١٥٢٧ز کۆچی دوایی کردووە. دیپلۆماتکار و سکرتێری دەوڵەتی فلۆرانس بووە. لە دوای گۆڕانکارییەکانی بەسەر ئەو وڵاتەدا هات دەستبەسەرکرا، لە پاش ئازادکردنی چووە تاراوگە و لە ساڵی١٥١٢ز ئەم کتێبەی نوسی کە جەختی لەسەر شێوازی هەڵسوکەوتکردنی شالیار و چۆنییەتیی پاراستنی دەسەڵاتی و کۆنتڕۆڵکردنی ئەو شتانەی لە وڵاتەکەیدا ڕوودەدات و ئاماژە بەو پێوەرانە دەکات کەوا دەکات دەسەڵاتی سەرۆکێک بەردەوام بێت. کتێبەکەی پێشکەش بە لۆرینزۆ مێدیچی سەرۆک و بەڕێوبەری دەوڵەتی فلۆرانسی ئەو کات کردووە. میکاڤیلی لە نامەیەکدا لە بۆ لۆرینزۆی ناردووە، ئەم کتێبە بە کاری ئەو کەسانە دەچوێنێت کە نەخشەی وڵاتان دادەڕێژن کە بۆ بینینی بەرزایی و سرووشتی چییاکان لە تەختایی و دامێنی چیاکان دەوەستن، بۆ ڕوانین لە دەشت و تەختایی و شوێنە نەوییەکانیش  دەچنە سەر تەپۆلکە و شوێنە بەرزەکان. هەر بەم شێوە پێی وایە  بۆ ئەوەی سرووشتی خەڵک و گەل بناسیت پێویستە میر بیت، بۆ ئەوەش بە باشی میرەکان بناسی پێویستە پیاوی گەل بیت. هەر بۆیە لە ماوەی ژیانیدا لە تاراوگە ئەم کتێبەی نوسیوە و تیایدا هەموو ئەو شتانەی لە ماوەی دەسەڵات و کارکردنیدا پیایدا تێپەڕیوە کۆکردووەتەوە، ئەویش لەپێناو ئەوەی لۆرینزۆ مێدیچی بگاتە پلەوپایەیەکی بەرز، و ڕزگاری بۆ ئیتاڵییەکان بگەڕێنێتەوە.

تێڕوانینەکانی ماکاڤیلی بۆ میر و بە تایبەت میری تازە کە دەسەڵات دەگرێتە دەست لە وڵاتێکدا سەبارەت بە کاروباری دەوڵەت بۆ دەسەڵاتی میر و چارەسەرکردنی کێشەکان، میر بە پزیشکێک دەچوێنێت کە دەبێت وردبینانە و دووربینانە زوو نەخۆشی دەناسنەوە و چارەسەر و دەرمانیان بۆ دەدۆزنەوە، بەڵام کاتێک پەی پێ نەبرێت و بە نەناسراوی بمێننەوە، ئەوە تەشەنەدەکات و هەموو کەس دەیناسێت بەڵام چیتر چارەناکرێت. بۆیە پێی وابوو میرەکان بۆ پاراستنی دەوڵەت و دەسەڵاتی خۆیان، دەبێت خاوەنی بناغە و بنەرەتی قورس و قایم بن، گەرنا لەبەردەم تەوژم و زەبری دوژمنەکاندا خۆیان بۆ ڕاناگیرێت و لەناودەچن. بۆیە هەموو دەوڵەتەکان بناغە و بنەڕەتیان پێویستە. بۆیە دەستوور و یاسای چاک و سوپا و لەشکری چاک بە دووپایەی سەرەکی و بنەرەتی لەقەڵەمدەدات.

کتێبەکەی ماکباڤیلی  لە ٢٥ بەش پێکهاتووە،  یانزە بەشی سەرەتای کتێبەکە(١-١١) تایبەتە بە باسکردنی جۆرەکانی پاشایەتی و چۆنییەتی پاراستن وکۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتیان بەپێی جۆری پاشاییەتییەکان و هۆکار و ئامڕازەکانی مانەوەیان. هەروەها باسی پێوەرەکانی هەڵسەنگاندنی هێزی هەر شالیارێک.

سێ بەشی دواتر(١١-١٤) لەسەر هێزی سوپا دەدوێت، ماکاڤیلی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە دەبێت سوپا لە هاوڵاتیانی مەدەنی پێکبهێنرێت، نەک سوپای بەکێگیراو و بێگانە، چونکە ئەوان لە کاتی جەنگدا هیچ باکیان بە سەرکەوتن لە جەنگدا نییە. سەبارەت میلیشیا و سەربازانی بەکرێگیراو دەڵێت “سوپاسالار و کاپیتانی بەکرێگیراو، یان کەسێکی هێژا و لێهاتوون یا وانین. ئەگەر هێژاو لێهاتوو بن، ئەوە ناکرێ باوەڕیان پێ بکەی؛چونکە هەمیشە لە بیری بەرزەفڕی و گەورەیی خۆیاندان”.  هەروەها سەبارەت بەوەی میرێک داوای کۆمەکی سەربازی لە وڵاتانی دراوسێ بکات بەهەمان شێوە بە سوپا و لەشکرێکی بێکەڵک لە قەڵەمیان دەدات.

چوار بەشی دواتر(١٥-١٨)  تایبەتە بە باسکردنی ناو و ناوبانگی میر و شالیار لە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دۆست و حوکمڕانیان بەسەر ژێردەستەکانیاندا، هەروەها پرسیاری ئەوە دەوروژێنێت بۆ میر باشتر وایە خەلک خۆشیان بوێ یا لێی بترسن؟  سەبارەت بە گفت و پەیمانیان لەگەڵ خەڵکدا چۆن بن؟ ماکیاڤیلی پێی وایە حوکمڕانی باش دەبێت هەردوو تایبەتمەندیی ترس و خۆشەویستی بە هاوسەنگی تیابێت، بەڵام گەر یەکیان دڵنیایی زیاتری تیا باشتر ئەوەیە لێت بترسن.

حەوت بەشی کۆتایی (١٩-٢٥) ئامۆژگاریی شالیار بۆ بەهێزکردنی پێگە و دەسەڵاتی لەخۆدەگرێت. ئامۆژگاریی میر دەکات خۆی لە تورەیی و نەفرینی گەل بەدووربگرێت و ئەو کارانە ئەنجامبدات کە جێگەی پەسەندبوونی گەلن. ئاگاداربوونی لەو کەسانەی دەیانکاتە وەزیر و ڕاوێژکارانی دەوڵەت. لە کۆتا بەشیدا داوا لە لۆرینزۆ دەکات  خەبات بکات بۆ ڕزگاریی ئیتاڵیا لە دەست بێگانە و پارێزگاریلێکردنی.

سەڕەڕای ئەوەی ئەم کتێبە نزیکەی پێش ٥٠٠ ساڵ نووسراوە، بە کتێبێکی گرنگ لەقەڵەمدەدرێت کە چەندین پرسی لە کتێبەکەیدا ورووژاندووە لەسەر دەسەڵات و سیاسەت و بەڕێوەبردنی دەوڵەت و خستوونیەتە ژێر پرسیارەوە. هەر بۆیە ئەم کتێبە تا ئێستاش لای زۆرێک لە سەرکردەکان و سیاسەتمەداران و ناوەندە ئەکادیمییەکان بە بیردۆزی ماکیاڤیلی ناوزەد دەکرێت، سەبارەت بە ڕەفتار و تێز و ئاماژە و لێکدانەوە سیاسییەکانی، بەتایبەتتر کە کتێبەکەی دەوڵەمەندکردووە بە نمونە و دۆخی وڵاتانی هاوسێ و ڕووداوە سیاسی و مێژووییەکان. زۆرجاریش سیاسەتمەدارانى مێژوو, بەهەڵە ئەم کتێبەیان بۆ پاساودانەوەى هەنگاوە سیاسى و سەربازییەکانى خۆیان بەکارهێناوە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button