هەوڵی کەمکردنەوەی گازی میسان دەدرێت

لە زۆرینەی کۆنگرە و دانوستانەکاندا هەوڵ بۆ کەمکردنەوەی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دەدرێت، بەڵام کۆنگرەی (کۆپ28) هەوڵی کەمکردنەوەی گازی میسان دەدات، کە بەرپرسە لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و قەتیسبوونی گەرمی.

گازی میسان چییە؟

گازی میسان لە سروشتدا بوونی زۆرە و لایەنێکی سەرەکی غازی سروشتییە، هەروەها دوای دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دووەم گازە کە زەوی گەرم دەکات و بەرپرسە لە گۆڕانی کەشوهەوا، بەشێوەیەک کاریگەرییەکەی لەماوەی 100 ساڵدا 28 جار زیاترە لە کاریگەری دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، رێژەی ئێستای میسان لە بەرگە هەوای زەویدا دوو هێندە و نیوی پێش شۆڕشی پیشەسازییە،ئەم گازە هۆکارێکە بۆ دروستبوونی ئۆزۆن، کە پیسە و مەترسی جدی لەسەر مرۆڤ و سیستمی ژینگەیی دروست دەکات.

کشتوکاڵ و وزە:

گازی میسان بە نزیکەیی لە 40%ی بەهۆی سەرچاوە سروشتییەکانەوە دروست دەبێت، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە شێی هەیە، بەڵام بەشێکی زۆری کە دەکاتە 60% بەهۆی چالاکی مرۆڤەوە دروست دەبێت. کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بەرپرسە لە چارەکی دەردانی گازی میسان، چونکە ئەو ئاژەڵانەی کە مرۆڤ بەخێوی دەکات وەک مانگا و مەڕ لە کاتی هەرسکردندا گازی میسان دەردەدەن، هەروەها چاندنی برنج هۆکارێکی دیکەی زیادبوونی میسانە، چونکە گۆلەکانی چەڵتوک بەشێکی زۆری لە ئاو پێکدێت، ئەمەش ژینگەیەکی باشە بۆ ئەو بەکتریایەی کە گازی میسان دەردەدات. دوای کشتوکاڵ، ڕاستەوخۆ وزەی (خەڵوز، نەوت و غاز)دێت، کە ئەمانەش بەرپرسی سەرەکین لە زیادبوونی گازەکە، هەروەها بەشێک لە پاشماوەکانی ماڵەوە کاتێک شی دەبنەوە گازی میسان دەردەدەن. چارەسەر چییە؟ راپۆرتەکانی ئاژانسی وزە، ئاماژە بەوە دەکەن، یەکێک لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی دەردانی گازی میسان پەیوەستە بە کەرتی وزەی خەڵوزییەوە، چونکە کەمکردنەوەی ئەم وزەیە دەبێتە هۆی ئەوەی کە پلەی گەرمی 0.1 پلەی سیلیزی دابەزێت، لەوەیە ئەم ژمارەیە کەم بێت، بەڵام کاریگەرییەکەی زۆر لەوە زیاترە ئەگەر هەموو ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرەکانی لەسەرانسەری جیهاندا لە ماوەیەکی کەمدا بکشێنینەوە، بۆ کەمکردنەوەی دەردانی ئەم گازە، دەکرێت چاکسازی لە دامەزراوەکانی وزەدا بکەین، یان لە کاتی چاککردنەوەی بۆرییەکانی غاز سنورێک بۆ دەردانی ئەم گازە دابنێین.

لەو بارەیەوە، ولیام جیلیت بەڕێوەبەری بەرنامەی وزە لە ئەنجومەنی زانستی پەیمانگای زانستە ئەوروپییەکان بۆ ئاژانسی فرانس پرێس دەڵێت: ” دەردانی گازی میسان لەو شوێنانەی غازی لێدەردەهێنرێت زۆر بەرزە، بەڵام هەندێک وڵاتی وەک نەرویج توانیویەتی لە کاتی دەرهێنانی غازی سروشتی سنورێک بۆ دەردانی ئەم گازە دابنێت”.

هەرچی پەیوەست بە بەرهەمهێنانی برنجیشە، ئەوە دەکرێت گۆڕانکاری لە ئاودێری کردنی بکرێت بەشێوەیەک “هۆشیارانەتر” بێت.

پابەندی جیهانی:

لە ساڵی 2021دا یەکێتیی ئەوروپا دەستپێشخەری “گڵۆباڵ میسان بلیدج”ی راگەیاند، کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی دەردانی گازی میسان بوو، بەشێوەیەک تا ساڵی 2030 بەراورد بە ساڵی 2020 رێژەکەی لە 30% کەم ببێتەوە، زۆرێک لە وڵاتانی جیهان پشتگیری خۆیان بۆ دەستپێشخەرییەکە دەربڕی، بەڵام چین و هندستان بەشێک نین لەم دەستپێشخەرییە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و چین، گازی میسان-یان خستۆتە ناو پلانی کەشوهەواوە و هەوڵی کەمکردنەوەی دەدەن، هەروەها پەکینیش پلانێکی پێشکەوتووی بۆ کۆنترۆڵ کردنی گازەکە داناوە، هەروەها کۆمپانیا گەورەکانی نەوت و غازیش پابەندی تایبەت بە خۆیان پیشکەش کردووە. لەلایەکى دیکەوە بۆ کەمکردنەوەی ئەم گازە زیانبەخشە، ئەمساڵ لە ئیمارات لە نێوان 30 تشرینی دووەم بۆ 12 کانوونی یەکەم کۆنگرەی ” کۆپ28″ دەبەسترێت، کە لە ساڵی 1992ـەوە و هەموو ساڵێک بۆ باسکردنی کێشە ژینگەییەکان ئەم کۆنگرەکە جیهانییە بەڕێوەدەچێت.

هەواڵی زیاتر

Back to top button