بۆ جاری دووەم بەرپرسانی ئیسرائیل داوای “بەکارهێنان”ی چەکی ئەتۆمی لە غەزە دەکەن

 

زووم:
27 رۆژە سوپای ئیسرائیل، درێخی نەکردووە، لە بەکارهێنانی هەموو جۆرەچەکێک بۆ هێرشەکانی سەر کەرتی غەزە، بەو چەکانەشی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا قەدەغەکراون، وەک چەکی فۆسفۆڕی سپی.

ئێستاش داواکارییەک هەیە، بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە دژی کەرتەکە، ئەوەش دوای ئەوەی سیاسەتمەدارانی توندڕەو لە ئیسرائیل داوای بەکارهێنانی ئەو چەکە لە سوپای وڵاتەکەیان دەکەن.

مۆشییه فیگلین ئەندامی پێشووی پەرلەمانی ئیسرائیل “کنێست”، یەکێکە لەو بەرپرسانەی ئەو وڵاتە، کە لە ئەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “ئێکس” ناڕاستەوخۆ داوای بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دژی کەرتی غەزەی کردووە.

مۆشیه فیگلین لە تویتەکەیدا وێنەیەکی شاری هیرۆشیمای ژاپۆنی داناوە، نووسیویەتی: چەند سەربازی ئەمریکی لە شەڕی هێرۆشیمادا کوژراون؟ کە هێرۆشیما لە ساڵی ١٩٤٥ لەلایەن سوپای ئەمریکاوە لە جەنگی جیهانی دووەمدا بە چەکی ئەتۆمی بۆردومانکراو بە تەواوی وێرانکرا.

داواکارییەکەی فیگلین، کە جۆرێک لە تووڕەیی پێوەدیاربوو، لە سێیەم ڕۆژی لەشکرکێشی زەمینی سوپای ئیسرائیل بوو بۆ سەر کەرتی غەزە، کە هێزەکانی سوپای ئەو وڵاتە زیانێکی زۆریان بەرکەوت و هەر لە رۆژی یەکەمدا 18 سەربازیان لێکوژراو چەند سەربازێکی تریشیان برینداربوو.

بانگەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن بەرپرسانی ئیسرائیلی یەکەمجار نییەو پێشتریش لە 11ی ئۆکتۆبەر، تەنیا پێنج رۆژ دوای هێرشی چەکدارانی فەڵەستین لە غەزەوە بۆ سەر ئیسرائیل ئەندامێکی تری پەرلەمانی ئەو وڵاتە، داوای لە سوپا کرد، “چەکی ئەتۆمی لە غەزە بەکاربهێنێت”، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ هێرشەکان.

یۆئا‌ف گالانت ئەو پەرلەمانتارەی ئیسرائیل بوو، کە لە پارتی ئەلیکۆد داوای بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی کرد، وەک “تۆڵەسەندنەوەیەکی توند” لەبەرانبەر ئەو هێرشەی کرایە سەر وڵاتەکەی.

یۆئا‌ف لە تویتێک نووسیبووی: چەکی قیامەت.. چەکی قیامەت.. بەکاربهێنن، پێش ئەوەی بیر لە بە کوشتدانی سەربازی زیاتر بکەنەوە، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ بەکارهێنانی موشەکی ئەتۆمی.

ئیسرائیل تائێستا دانی بەوەدا نەناوە چەکی ئەتۆمی هەیە، بەڵام زۆرێک لە لێکۆڵینەوە و شارەزایانی ئەو بوارە جەختدەکەنەوە خاوەنی چەکی ئەتۆمییە، ئەوەش بە گوێرەی راپۆرتێکی کەناڵی سکای نیوزی عەرەبی.

هەر بە گوێرەی راپۆرتەکە، ئیسرائیل کە لەساڵی ١٩٤٨ەوە دامەزراوە، هەر لە سەرەتاوە پلاندانی بۆ دەستخستنی چەکی ئەتۆمی هەبووە، بەتایبەتی دوای ئەوەی فەرەنسا هاوکاریکرد لە پیتاندنی یۆرانیۆم.

ئێستا ئیسرائیل لە ڕیزی ئەو ٩ وڵاتەی جیهانە، کە چەکی ئەتۆمیان هەیە، هەرچەندە وەک هەرسێ وڵاتی هیندستان و پاکستان و کۆریای باکوور دان بەوەدا نانێت خاوەنی چەکی ئەتۆمییە.

بۆ یەکەمجار لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا زانیاری دەربارەی چەکی ئەتۆمی ئیسرائیل ئاشکرابوو، بە تایبەتی لە ساڵی ١٩٨٦، کاتێک ئەندازیاری ئیسرائیلی مۆردخای ڤانونو، کە لە کۆمپانیای دیمۆنا کاریدەکرد، زانیاری لەسەر چەکی ئەتۆمی وڵاتەکەی دزە پێکردو بڵاویکردەوە.

چەکی ئەتۆمی ئیسرائیل بە یەکێک لە مەترسیدارترین جبەخانەی چەکی نهێنی پۆلێن دەکرێت، خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئیسرائیل خاوەنی ٩٠ بۆ ٤٠٠ کڵاوەی ئەتۆمییە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button