“ئەو دە ڕۆژەى جیهانى هەژاند”

   “ئەو دە ڕۆژەى جیهانى هەژاند”، ناوى کتێبێکى ڕۆژنامەنوس و چالاکوانى سیاسیی ئەمریکی “جۆن ڕید”ـە کە ساڵى ١٩١٩ لەبارەى شۆڕشى ئۆکتۆبەرەوە نوسیویەتى. کتێبەکە نزیکەى دوو سەد لاپەڕەیە و بەسەر دوانزە بەشى پەیوەستدا دابەشکراوە. نوسەر لە ئەمریکاوە دێتە ڕووسیا و دەبێتە هەڵگرى بیرى چەپ، لەنزیکەوە ڕووداوەکانى بینیوە و بەشداریی شۆڕشەکەى کردووە. لینین، ڕێبەرى شۆڕشى ئۆکتۆبەر و سەرۆکى حیزبى بەلشەفیک ئەم کتێبەى خوێندووەتەوە و لە چاپى دواتردا پێشەکییەکى کورتیلەى بۆ نوسیوە. لینین لەویادا دەنوسێت: «بێ‌یەک‌ودوو، پێشنیاردەکەم کرێکاران ئەم کتێبە بخوێننەوە. ئەمە کتێبێکە پێم خۆشە بە تیراژى ملیۆن نوسخە بڵاوبێتەوە و بۆ هەموو زمانەکانیش وەربگێڕدرێت. کتێبەکە، شرۆڤەیەکى هەرەڕوون لەبارەى ئەو ڕووداوانەوە دەخاتەڕوو کە بۆ تێگەیشتنێکى واقیعى لە شۆڕشى پرۆلیتاریا و دیکتاتۆریەتى پرۆلیتاریا گرنگە».

کتێبەکە باسى ئەو دە ڕۆژەى سەرەتا شۆڕشى ئۆکتۆبەرى ساڵى ١٩١٧ دەکات کە حیزبى بەلشەفیک بە سەرکردایەتیی فلادیمێر لینین دەسەڵاتیان گرتەدەست. وردەکرایی ڕۆژەکان گرێدەدات بەو هۆکاراە سیاسى و مێژوویی و کۆمەڵایتییانەشەوە کە زەمینەى بۆ شۆڕشەکە خۆشکردبوو. ئەو دە ڕۆژە، دە ڕۆژى پڕ لە جۆشوخرۆش و پڕ لە ڕووداوە. بۆ نمونە، بەشى هەرەزۆرى کتێبەکە، لەژێر ناوى “پیترۆگرادى سوور”دا تەرخانە بۆ گرتنى کۆشکى پیترۆگراد کە کرۆکى یەکلابوونەوەى شۆڕشەکە بوو. دیارە شۆڕشى ئۆکتۆبەر، پاش ئەو کودەتایەى مانگى شوبات ڕوویدا کە حکومەتێکى کاتى بە سەرکردایەتیی “کرێنسکى” پێکهاتبوو. ئەو حکومەتە کاتییە دواى کەوتن و هەڵهاتنى قەیسەرى ڕووس “نیکۆلاى دووەم” هاتبووەئاراوە، بەڵام لە ماوەى کەمتر لە ساڵێکدا شۆڕشەکەى لینین ڕوویدا و مێژووى نوێى ڕووسیا دەستیپێکرد کە کۆمۆنیستەکان بۆ ماوەى حەفتا ساڵ ڕووسیا و کۆمەڵێک دەوڵەتى هاوپەیمانیان لەژێر ناوى “یەکێتیی سۆڤیەت”دا بەڕێوەبرد. بەلشەفیکەکان، واتە حیزبەکەى لینین، نەچووبووە ناو حکومەتە کاتییەکەوە. ئەو حکومەتە چەند مانگییە، پردى پەڕینەوەى فەرمانڕەوایی سەدان ساڵەى قەیسەرەکان بوو بۆ شۆڕشى کۆمۆنیستەکان.

ستایلى نوسین و زمانى داڕشتنى کتێبەکە، پتر لە گێڕانەوەیەکى چیرۆکئامێزى ڕەوانەوە نزیکە. لەناوەڕۆکیشدا، بەوردى زانیارى و فاکتەکانى ڕۆژگارى شۆڕشەکە دەگوازێتەوە. لەناوەوە باسى دۆخى گرانى و برسێتیی خەڵک دەکات، لە دەرەوەشەوە باسى نائومێدیی سەربازەکانى ڕووسیا دەکات لە میانى جەنگى جیهانیی یەکەمدا. یەکێک لە هۆکارەکانى ئەوەى کە شۆڕشى ئۆکتۆبەر توانیی سەرکەوتن بەدەستبێنێت، لاوازبوونى سوپاى ڕووس بوو لە بەرەکانى جەنگدا. جۆن ڕید لە بەشى دووەمى کتێبەکەیدا بە ناونیشانى “تۆفان هەڵدەکات”، باسى کەوتنى ڕووسیاى کۆن دەکات «ڕووسیاى کۆن بەخێرایی لەبەریەک هەڵدەوەشایەوە. لە ئۆکرانیاوە، لە فینلەنداوە، لە پۆڵەنداوە، لە بیلاڕووسەوە…تادەهات دۆخەکە بەرەو پشێوى دەڕۆیشت. سەدان هەزار سەرباز بەرەى جەنگیان جێدەهێڵا و لە شێوەى شەپۆلى گەورە و بێ‌ئامانجدا بەناو وڵاتەکەدا پەرشدەبوونەوە. جووتیاران…لە چاوەڕوانیی زەوییەکاندا ماندووببوون و لەو فشارانەش بێزاربوون کە حکومەتەکە خستبوویە سەریان، بۆیە ماڵى خاوەن زەوییەکانیان دەسوتاند و دەیانکوشتن. مانگرتنى هێجگار فراوان و جێهێشتنى بەکۆمەڵ مۆسکۆ و ئۆدیسا و کانەکاى خەڵوزى بەردینى گرتبووەوە. هاتوچۆ و گواستنەوە ئیفلیج بوو، سوپا برسیی بوو، لە شارە گەورەکانیشدا خواردن دەسنەدەکەوت…». نوسەر باسى ئەو سەرکێشییەى لینینیش دەکات کاتێک زۆرینەى حیزبەکەى هاوڕاى ئەوە نەبوون لە کاتى دیاریکراودا دەست بە شۆڕشەکە بکەن، بەڵام لەگەڵ ترۆتسکیی هاوڕێیدا ئەو ڕیسکە مێژووییە دەکەن. سۆڤیەتەکانیش دەخەنە حاڵەتى ئامادەباشییەوە تاکو دواى شۆڕش بتوانن خۆیان و خەڵک بەڕێوەببەن (سۆڤیەت لەبنەڕەتدا واتە شوورا و ئەنجومەن). هەر لە کتێبەکەدا، مشتومڕ و ناکۆکییە سیاسى و سەربازییەکانى ناو حیزب لەبارەى شۆڕشەکەوە دەخاتەڕوو.

شۆڕشى ئۆکتۆبەر، کاریگەرییەکى ڕۆحیی گەورەى لەسەر جۆن ڕید دانا، ئەویش بەجۆرێک کە لە کتێبەکەدا بڵێت «کتوپڕ تێگەیشتم خەڵکى تەقواکار (دیندار)ـى ڕووسیا چیدى پێویستیان بە قەشە نیە نزاى بەهەشتیان بۆ بکات. ئەوان لەسەر زەوى مەملەکەتێکیان بنیاتنا کە لە هى هەر ئاسمانێک درەوشاوەتر بێت و مردن لەپێناویدا بۆ خۆى شانازییەک بێت».

کتێبەکەى ڕید، لە سەردەمى ستالیندا قەدەغەکرا، چونکە وێنەیەکى ئەرنێی بەخشیبووە ترۆتسکیی نەیارى ستالین، واتە ئەو سەرکردە بەلشەفیکییەى کاتى شۆڕشى ئۆکتۆبەر کە دواتر سوپاى سوورى دامەزراند و پاشانیش لەلایەن ستالینەوە وڵاتبەدەر کرا و تیرۆرکرا. سێرگى ئایزشتاین، دەرهێنەرى دیارى سۆڤیەت، لە ساڵى ١٩٢٨ فیلمێکى لەسەر کتێبەکە دەرهێنا. جۆن ڕید خۆى وەک ڕۆژنامەنوسێک دێتە سۆڤیەت، بەڵام واز لە بێلایەنیی پیشەکەى دێنێت و دەچپێتە پاڵ بیروباوەڕى کۆمۆنیستەکان. ئەو خۆى لە ساڵى “١٨٨٧” لەدایکببوو و لە “١٩٢٠” بەهۆى نەخۆشییەوە لە مۆسکۆ کۆچى دوایی کرد.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button