وەزارەتی رۆشنبیری: پێشانگای کتێب‌ پڕبكەن لە کتێبی فكر و فەلسەفە

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێم لە وەڵامی کەس و دەزگایانەی ناڕازین لە زۆری کتێبی ئاینی لە پێشانگای کتێب لە سلێمانی رایگەیاند، “ئێوەش پێشانگای کتێب‌ پڕبكەن لە کتێبی فكر و فەلسەفە”.

دوای بڵاوبوونەوەی نارەزایەتی لەبارەی زۆربوونی کتێبی ئاینی لە پێشانگای کتێب لە سلێمانی، وەزارەتی رۆشنبیری رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، بۆ ماوەی (45) رۆژ لە رۆژنامەكانی “كوردستانی نوێ” و “هەولێر” ئاگاداری بڵاوكراوەتەوە و داواكراوه هەر لایەنێك دەتوانێت هاوكاری وەزارەت بكات بۆ كردنەوەی پێشانگای كتێب لە سلێمانی با فۆرمی تەندەر وەربگرێت، هیچ دەزگایەك نەهاتووە.

راشیگەیاند، تەنیا “ده‌زگای چاپ و په‌خشی ئه‌تڵه‌س” كە ئێستا پێشانگه‌كەی كردووه‌تەوە ئامادەبووە.

وەزارەت لە راگەیەنراوەکەشیدا دەشڵێت، سەرجەم ئەو دەزگا و خانانەی بڵاوكردنەوە و كتێبفرۆشی، كە ئێستا لە پێشانگه‌ بەشدارن و خاوەن ستاندن لە پێشانگاكەدا مۆڵەتیان لە حکومەت هەیە، هیچ دەزگا خانە و كتێبفرۆشێك ئیسلامی، یان عه‌لمانی ئەوەی خۆی خواستی هەبووبێت بەشداربێت لە پێشانگه‌كەدا رێی لێ نەگیراوە لە بەشداربوون.

داواشیکردووە “ئەوانەی گلەیی دەکەن، با پێشانگه‌ پڕبكەن لە کتێبی فكر، فەلسەفە، زانست و بەرهەمەكانیان، بزانن هیچ رێگرییەك هەیە”.

“ئەگەر قسە و گلەیی لەسەر زۆری كتێبی ئایینیە، کتێبی ئاینی یاساغ نییە، هەمووان دەبێت ئەوە بزانین لە ھەرێمی كوردستان ئەم بابەتە بەیاسا رێكخراوە،” راگەیەنراوەکە وا دەڵێت.

هەواڵی زیاتر

Back to top button