پەیکەرەکەى داود

 

لە ساڵى ١٥٠١ دا و لە ڕۆژێکى وەک ئەمڕۆدا، مایکڵ ئەنجیلۆ، وێنەکێش و پەیکەرسازى ئیتالى دەستیکردە کارکردن لەسەر پەیکەرە بەناوبانگەکەى خۆى، پەیکەرى داود. پەیکەرەکە، یەکێک لە پەیامبەران و پاڵەوانانى کتێبى پیرۆزە کە بە داود ناسراوە و بێ ئەوەى چەکێکى پێ بێت جالووتى خراپەخواز تێکدەشکێنێت. داود، وەک پەیامبەرێکى جوو هەزار ساڵێک پێش زایین ژیاوە.  بەرزیی پەیکەرەکە ١٧.٥ مەترە و لە بەردى مەڕمەڕ درووستکراوە و تا مانگى سێپتەمبەرى ستڵى ١٥٠٤ـى خایاند (سەنگەکەشى سەروو پێنج تەنە). پەیکەرەکە داود لە کاتى ڕاماندا دەخاتەڕوو کە بە ترس و گومانەوە لە سەرزەمینى ڕۆم و بنەماڵەى مەدیچى دەڕوانێت کە ببوونە مەرتسى بۆ سەر هەرێمى فلۆرەنسا. ئەم پەیکەرە لە شاکارە هونەرییەکانى سەردەمى ڕێنیسانسە کە لە ئیتالیاوە دەستیپێکرد. ڕێنیسانس، واتە لەدایکبوونەوە، کەلتورى ئەورووپى جارێکى تر دواى ڕۆم و یۆنان لەدایکبووەوە و خۆى نوێکردەوە و ئەمەش بە کۆمەڵێک کارى هونەرى و فیکرى و ئەدەبى دەستیپێکرد. پەیکەرى داود، وەک داوایەک بۆ کڵێسایەکى فلۆرەنسا دروستکرا، بەڵام دواتر بەهۆى جەنگەکانى ساڵى ١٥٧١ـەوە زیانى بەرکەوت و گوازرایەوە بۆ گالێریی هونەرەکانى شارى فلۆرەنسا.

خاوەن ڕایان تێکڕا باسى ئەوە دەکەن کە مایکڵ ئەنجیلۆ، بە ئاگاداربوون لە توێکاریی لەشى مرۆڤ، پەیکەرێکى تاڕأدەیەکى زۆر هاوسەنگى درووستکردووە (دەستى ڕاستى لێ دەربچێت کە دەڵێى چەکێکى نادیارى پێیە). ئەو بەردەشى لێى درووستکرد، پاشماوەى بەردەستى دوو هونەرمەندى تر بوو کە بیرۆکەیەکى وەک ئەم پەیکەرەیان هەبوو بەڵام چل ساڵ بوو وازیان لێ هێنابوو. ئەنجیلۆ وەک ناوەڕۆکى کارەکە، ئەو وێنەیەى داودى گۆڕى کە کاتى سەرکەوتنێتى بەسەر جالووتدا و خەریکە سەرى لە لەشى دەکاتەوە. ئەو ساتەوەختى پێش سەرکەوتنەکەى کێشاوە.پەیکەرەکە لەم ڕووەوە سیمبوڵى گەنجى، هێز و تێکەڵکردنى ئەو دووانەیە لەگەڵ ڕامانێکى نیمچە-تەمومژاوییدا. پەیکەرەکە ڕووتە و ئەم ڕووتییەش ڕەهەندى ئێستاتیکى ئیشەکەى ئەنجیلۆ زەقتر دەکاتەوە. ئەنجیلۆ چندین شاکارى تریشى خوڵقاندووە، بێجگە لەوەى شیعر و قەسیدەشى نوسیوە. ئەنجیلۆ لە ژیانى تاکەکەسیی خۆیدا، زاهیدانە و سادە دەژیا و وەک دەوترێت “هەر ئەوەندەى دەخوارد بژى”. پەیکەرەکە ساڵى ٢٠٠٤، لە یادى پێنج سەد ساڵەیدا شۆردرا و ڕەنگوڕوویەکى ترى پێدرا بۆ تەماشاکەران و گەشتیاران. پەیکەرەکە، لە هەموو فۆرمە هونەرییەکانى تریشدا لاسایی کراوەتەوە و تا ئەمڕۆش باسوخواسى لەسەر دەنوسرێت.

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button