رێڕەوى لاچین کرایەوە

زووم:

ئەم رێڕەوەکە نۆ مانگ بوو لەلایەن ئازەربایجانەوە داخرابوو. دانیشتوانەکەى کەوتنە دۆخێکەوە تەنانەت نانیش بە ئەستەم دەست دەکەوت.

رۆژى شەممە بەرپرسانی ناگۆڕنۆ قەرەباخ و حکومەتی ئازەربایجان رێککەوتنێکیان واژۆکرد بۆ کردنەوەى رێڕەوەى لاچین، ئەوەش بەمەبەستى رێگەدان بە گواستنەوەی هاوکارییە مرۆییەکان لە ئەرمینیاوە بۆ ناگۆڕنۆ قەرەباخ یان کوردستانى سوور.

ناگۆرنۆ قەرەباخ، یان کوردستانى سوور، خاکى دێرینى کوردە، بەڵام نزیکەى 100 ساڵە ئەرمینیا و ئازەربایجان لەسەری شەڕیانە. وەک هەرێم یان کۆمارێکى بچوک ناودەبرێت و نزیکەى 120 هەزار ئەرمەنى تێدا دەژی، لە ساڵانى نەوەدەکانەوە لەژێر دەسەڵاتى ئەرمینیادابوو، تاوەکو ساڵی 2020 ئازەربایجان بەشەر کۆنترۆڵى کردەوە، لەروی جوگرافییەوە ناوچەکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە خاکی ئازەربایجان ناسراوە.

کۆتایی ساڵى رابردوو، ئازەربایجان خاڵێکی پشکنینى لە رێڕەوى لاچین دانا و هاتوچۆى بەتەواوى سنوردارکرد، بیانوەکەشى ئەوەیە بەو رێڕەوەدا چەک بۆ ناگۆرنۆ قەرەباخ گواستراوەتەوە.

حیکمەت حاجیێڤ، راوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی سەرۆکی ئازەربایجانە، واژۆکردنى رێککەوتنەکەى بۆ ئاژانسى رۆیتەرز پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، پاش واژۆکردنى رێککەوتنەکە رێڕەوەکە کرایەوە، بەڵام خاڵی پشکنینی ئازەربایجان لە رێرەوی لاچین لانابرێت و تەنها رێگە بە گواستنەوەى هاوکارییە مرۆییەکان دەدرێت.

بەگوێرەى رێککەوتنەکە رێگە دەدرێت هاوکارییە مرۆییەکان لەلایەن روسیا و خاچی سوری نێودەوڵەتی بە رێڕەوى لاچیندا بگوازرێنەوە بۆ ناگۆڕنۆ قەرەباخ.

پاش دۆخێکى سەختى ژیان، هەرچۆن بوو رێڕەوەکە کرایەوە، بەڵام ترسێکى تازە بەرۆکى خەڵکەکەى گرتووە، ئەویش بەهۆى هەڵبژاردنى ساموێل شەهرەمانیان وەک سەرۆکی قەرەباخ، لەلایەن پەرلەمانى هەرێمەکەوە.

حکومەتى ئازەربایجان شەهرەمانیان بە نایاسایی وەسفی کرد و تورکیا و ئۆکراینیش ئیدانەی هەڵبژاردنەکەیان و پشتیوانی لە ئازەربایجان دەکەن لە پرسەکەدا.

یەکێتی ئەوروپاش تاوەکو ئێستا دانی بە هەڵبژاردنەکەدا نەناوە، بەڵام داوای لە خەڵکی قەرەباخ کرد، وەک سەرکردەی دیفاکتۆ مامەڵە لەگەڵ سەرۆکایەتییەکەیدا بکەن لەکاتی دانوستان لەگەڵ ئەرمینیادا.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز دەڵێت، لە ئێستادا ترسێکی زۆر لە خەڵکی هەردوو وڵاتی ئەرمینیا و ئازەربایجان دروستبووە، کە دووبارە شەڕ لەنێوان هەردوو وڵات هەڵبگیرسێتەوە.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button