کوردستانی سوور نۆ مانگە لەژێر گەمارۆدایە،”خەڵکی لە نۆرەی ناندا دەبورێنەوە”

زووم:

رێڕەوى لاچین، کە دانیشتوانى ناگۆرنۆ قەرەباخ بە رێگەى ژیان وەسفى دەکەن، نزیکەى نۆ مانگە ئازەربایجان دایختستووە و دانیشتوانە 120 هەزار کەسییەکەى خستووەتە دۆخێکەوە دەستکەوتنى خۆراک و دەرمان و سوتەمەنى ئەستەمە.

بۆ دەستکەوتنى نان دەبێت نۆرەى دورودرێژ بگیرێت، بی بی سی چیرۆکى دایکێک دەگێڕێتەوە، کە خۆى لە قەرەباخە و کچە 18 ساڵانەکەشی لە شارى گۆریسى ئەرمەنستانە، دایکەکە لەرێگەى پەیوەندییەوە سەختى ژیانیان بۆ کچەکەى دەگێڕێتەوە، ئەو دەڵێت، نە هێلکە، نە شەکر و شیرینى نییە، دەستکەوتنى نانیش بە نۆرەیە، کاتژمێر 4:00ـى بەیانى هەستاوم بۆ ئەوەى زوو بگەمە نۆرەکە.

ناگۆرنۆ قەرەباخ، یان کوردستانى سوور، خاکە دێرینەکەى کورد نزیکەى 100 ساڵە ئەرمینیا و ئازەربایجان لەسەری شەڕیانە. دوایینجار لە ساڵی 2020 بۆماوەی شەش هەفتە شەڕێکی سەختیان کرد و زیاتر لە شەش هەزار و 500 سەرباز و هاوڵاتى کوژران.

ئەو شەڕەیان لە بەرژەوەندى ئازەربایجان کۆتاییهات و ناگۆرنۆ قەرەباخ لە دەستى ئەرمینیا دەرهێنرایەوە.

سەرئەنجام بە نێوەندگیرى روسیا ئاگربەستیان کرد، ئەرمینیا رازیبوو کۆنترۆڵی سنورەکانی چواردەوری ناگۆرنۆ قەرەباخ بداتەوە ئازەربایجان، بە مەرجێک ئازەربایجان رێرەوێک بۆ بەستنەوەی ئەرمینیا بە ناگۆرنۆ قەرەباخەوە بکاتەوە.

بەڵام لە کۆتایی ساڵى رابردووەوە ئازەربایجان خاڵێکی پشکنینى لە رێڕەوى لاچین داناوە و هاتوچۆى بەتەواوى سنوردارکردووە، بیانوەکەشى ئەوەیە بەو رێگایەدا چەک بۆ ناگۆرنۆ قەرەباخ براوە.

ئێستا دانیشوانی ئەو ناوچەیە لە دۆخێکی سەختدان و روبەڕووی قەیرانێکی سەختی خواردن، سوتەمەنی و کەلوپەل و پێداویستی رۆژانە بوونەتەوە.

جگە لە خاچی سورى نێودەوڵەتى، رێگە بە هیچ رێکخراوێکى دیکە نادرێت بچێتە ناوچە گەمارۆدراوەکەوە، هیچ رۆژنامەنوسێکیش رێگەى پێنادرێت بگاتە ناوچەکە و دۆخی خەڵکەکە بە جیهان بگەیەنێت.

رۆژنامەنوسێکی ناوچەکە لە رێگەی نامەی دەنگییەوە بە بی بی سی گوتووە، خەڵکی چەندین کاتژمێر لە نۆرەى دەستکەوتنى ناندا دەوەستن، هەندێکیان لە نۆرەکەدا دەبورێنەوە. بەگوێرەی قسەى بەرپرسانی ناوچەکەش لە هەرسێ کەسێک کە دەمرێت یەکێکیان بەهۆی بەدخۆراکییەوەیە.

بەهۆی نەبوونی سوتەمەنییەوە خەڵکی بەپێ هاتوچۆ دەکەن، دۆخەکە هێندە خراپە ژنی دوگیان هەبووە بەهۆی نەبوونی سوتەمەنی بۆ ئۆتۆمبێل منداڵەکەی گیانی لەدەستداوە و نەتوانراوە بگەیەنرێتە نەخۆشخانە.

نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداریداوە لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن ئازەربایجانەوە، دەیان بارهەڵگر گیریان خواردووە و رێگەیان پێنادرێت بچنە ناوچەکە، کە خۆراک و پێداویستى پزیشکی و شیری منداڵانیان بۆ خەڵکەکە پێیە.

 

 

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button