بڵینکن داوای کردنەوەی رێڕەوی لاچین دەکات

پەیوەندى بە سەرۆکەکانى ئەرمینیا و ئازەرباینجانەوە کرد

ئەنتۆنی بڵینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندی بە نیکۆل پاشینیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا و ئیلهام عەلیەف، سەرۆکی ئازەربایجانەوە کرد و  لەبارەی پرسی رێڕەوی لاچین، ئامادەیی ئەمریکای بۆ نێوەندگیری لەنێوان هەردوو وڵاتدا دەربڕی.

مات میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی ئازەربایجان، بڵینکن رایگەیاندووە، ئەمریکا بڕوای بە ئاشتی هەیە، بەڵام دروستکردنی خاڵێکی کۆنتڕۆڵ لە رێڕەوی لاچین، هەوڵەکانی ئاشتی لاواز دەکات و ئەمریکاش بەوە نیگەرانە. پێویستە لە زوترین کاتدا رێرەوی لاچین بە رووی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئۆتۆمبێلە تایبەتەکان بکرێتەوە.”

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد بڵینکن لە پەیوەندیە تەلەفونییەکەی سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیاشدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە تاکە رێگە بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لە باشوری قەفقاسیا، دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ و رێگەی دیپلۆماسییە. هەروەها باسی رۆڵی پاشینیانی کردووە کە ئامادەیی خۆی بۆ دانوستانەکان دەربڕیوە.

بەگوێرەی میدیاکانی ئەرمینیا و ئازەربایجان، بە دەستپێشخەری ئەمریکا 30ی نیسان گەڕێکی نوێی دانوستانەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە دەستیپێکردووە. ئانی بدالیان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەرمینیا رایگەیاندبوو، لەم رۆژانەدا ئارارت میرزۆیان، وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا سەردانی واشنتن دەکات. بەڵام بەرپرسانی ئازەربایجان تاوەکو ئێستا لەمبارەیەوە هیچ راگەیەندراوێکیان بڵاونەکردووەتەوە.

23ی شوباتی ئەمساڵدا، دادگای لاهای، بڕیاری کۆتایی خۆی لەبارەی کێشەی رێڕەوی لاچین دا و ئاماژەی بەوەدا، پێویستە بە زوترین کات، رێرەوی لاچین بکرێتەوە و ئیدی رێگری لە هاوکاری مرویی، بازرگانی، گەیاندنی دەرمان و پێداویستی بۆ قەرەباغ نەکرێت.

ئەو رێرەوە بەگوێرەی رێککەوتننامەی سێ قوڵی نێوان وڵاتانی ئەرمینیا، ئازەربایجان و روسیا، کە لە ساڵی 2022دا واژۆکرا، وەک رێرەوێکی ئازادی ناوچەیی راگەیەندرا، بەڵام تاوەکو ئێستا رێککەوتنەکە لەلایەن ئازەربایجانەوە جێبەجێ نەکراوە.

بەگوێرەی ئامارەکان نزیکەی 120 هەزار ئەرمەنی لەو ناوچەیە دەژین، زۆربەی وڵاتانی زلهێزی جیهان، داوای کردنەوە رێڕەوی لاچین دەکەن.

دوای جەنگی جیهانی یەکەم، بەگوێرەی ئەو سیستمەی کە ڤلادیمیر لێنین، سەرۆکی روسیای سۆڤیەتی دروستی کردبوو، خۆبەڕێوەبەرییەکی کوردی لە باشوری قەفقاسیای ئەمڕۆ دامەزرا بە ناوی کوردستانی سوور کە ناوەندەکەی لاچین بوو.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button